ناکۆکی ناوخۆیی و ڤیتۆی ئەمەریکا .. یاسای حەشد دەرگای قەیران و سزای نوێ لەسەر عێراق دەکاتەوە

#حەشدی شەعبی#یاسا#ناکۆکی#فشاری ئەمەریکا
9 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • هێشتا ناکۆکییەکان لەسەر یاسای حەشدی شەعبی یەکلایی نەکراونەتەوە. یاساکە لەسەر مێزی پەرلەمانە و ناتوانن دەنگی لەسەر بدەن
  • بەشێکی زۆری لایەنە شیعەکان پاڵپشتیی دەکەن و بەشێک لە لایەنەکانیش ترسیان هەیە فشاری ئەمەریکا بۆ دەرنەکردنی یاساکە سەربکێشێت بۆ سەپاندنی سزا بەسەر عێراقدا
  • سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبییش وەک وەفایەک بۆ ئەو کەسانەی لە تەنگانەدا فریای وڵاتەکەیان کەوتن، داوای تێپەڕاندنی دەکات
Primary Asset

سبەی

هێشتا ناکۆکییەکان لەسەر یاسای حەشدی شەعبی یەکلایی نەکراونەتەوە. یاساکە لەسەر مێزی پەرلەمانە و ناتوانن دەنگی لەسەر بدەن، بەشێکی زۆری لایەنە شیعەکان پاڵپشتیی دەکەن و بەشێک لە لایەنەکانیش ترسیان هەیە فشاری ئەمەریکا بۆ دەرنەکردنی یاساکە سەربکێشێت بۆ سەپاندنی سزا بەسەر عێراقدا. سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبییش وەک وەفایەک بۆ ئەو کەسانەی لە تەنگانەدا فریای وڵاتەکەیان کەوتن، داوای تێپەڕاندنی دەکات.

جەواد یەساری، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، هۆکاریی دواخستن و دەنگدان لەسەر یاساکە ئاشکرا دەکات، سەرەڕای ئەوەی لەلایەن لیژنەی ئاسایش و بەرگرییەوە، پڕۆژەکە تەواوکراوە و خراوەتە بەردەستی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران تا بخرێتە بەرنامەی دانیشتنەکانی پەرلەمان و دەنگی لەسەر بدرێت.

یەساری دەڵێت: ناکۆکی لەسەر یاساکە هەیە لەنێوان فراکسیۆنەکاندا، تا نەگەنە داڕشتنەوەی کۆتایی ناخرێتە دەنگدانەوە، پێداگرن لەسەر ئەوەی سازانی نیشتیمانی لەسەر یاساکە هەبێت، ئەوەش هۆکاری دواخستنی پڕۆژە یاساکەیە.

 لیژنە پەیوەندیدارەکانی ئەنجومەنی نوێنەران، سەرقاڵی ئامادەکردنی راپۆرتی خۆیان و تاوتوێ کردنی پێشنیاز و راسپاردە و هەموارەکانن کە لەلایەن پەرلەمانتاران و فراکسیۆنە جیاوازەکانەوە ئاڕاستەیان کراوە، دوای تەوابوونی ئەو رێکارانە لە نزیکترین کاتدا دەخرێتە دەنگدانەوە.

زۆرینەی لایەنەکانی شیعە سوورن لەسەر ئەوەی کە یاساکە تێپەڕێندرێت و گوێ بە فشارەکان نەدرێت، وەک پاداشتێک بۆ ئەو هێزەی کە لەسەروبەندی شەڕی داعش و بە فتوایەکی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان دامەزرا. 

دژایەتی ئەمەریکا بۆ یاساکە

رۆژی (23ـی تەمموزی 2025) مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجامدا، سەرەڕای گفتوگۆکردن لەسەر پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، یاسای حەشدی شەعبی یەکێکی دیکە بوو لە پرسەکان.

مارکۆ رۆبیۆ لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیبووی: نیگەرانیی قوڵی ئەمەریکامان گەیاند، سەبارەت بە پڕۆژە یاسای حەشدی شەعبی کە ئێستا لە ئەنجومەنی نوێنەرانە "پێمانوایە پەسەندکردنی دەبێتە هۆی چەسپاندنی هەژموونی ئێران و پێگەیەکی رەسمی دەداتە گروپە چەکدارەکان و ئەوەش دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە سەروەریی عێراق".

عەباس جبوری، سەرۆکی ناوەندی رەفد بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی رایگەیاند: پەسەند نەکردنی یاسای حەشدی شەعبی پەیوەندیی بە ناکۆکییە ناوخۆییەکانەوە هەیە، سەرەڕای فشاری گەورەی ئەمەریکا.

 جبوری رایگەیاندووە: ئەمەریکا بە تەواوەتی دژی یاساکەیە، دژی هەر یاسا و بڕیارێکە کە دەسەڵات بداتە حەشدی شەعبی لە سەروو یان لە دەرەوەی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بەتایبەتی دوای ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و جیهان پەیوەست بە گروپە چەکدارەکان.

دژایەتی نێودەوڵەتی بۆ یاساکە

ئەم هەڵوێستەی ئەمەریکاش، پشتیوانیی ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی جیهانی هەیە، کە ترسیان هەیە گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی سوپا کاریگەریی راستەوخۆیان هەبێت لە شانۆی سیاسی و ئەمنی عێراقدا.

بەوتەی جبوری، تەنها ئەمەریکا دژی یاساکە نییە، لەناوخۆش دژایەتی دەرچواندنی ئەو یاسایە دەکرێت بەو داڕشتنەوەی ئێستایەوە، چونکە دەبێتە هۆی چەک لە دەرەوەی دەوڵەت بە دەستی کەسانی ترەوە و بێت و هەژموونیان بەسەر وڵاتەوە هەبێت، بۆیە بەبێ سازانی ناوخۆیی تێپەڕاندنی یاساکە ئەستەمە.  بەبێ رەچاوکردن و لەبەرچاوگرتنی ترس و نیگەرانییەکانی دەرەوەش قەیرانێکی سیاسی و ئاسایشی نوێ دەخوڵقێنێت و دەرگا لەسەر سەپاندنی سزا بەسەر عێراقدا دەکاتەوە.

فەیاز داوای پەسەندکردنی یاساکە دەکات

فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەکدا، داواکارییەک ئاڕاستەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات و دەیانخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی مێژویی بەرامبەر ئەو کەسانەی چەکیان هەڵگرتووە بۆ پارێزگاریی لە خاک و سەروەری عێراق. 

فەیاز دەڵێت: دەنگدان لەسەر یاسای حەشدی شەعبی تەنها رێکارێکی تەشریعی نییە، بەڵکو گوزارشتە لە وەفای گەلێک بۆ جەنگاوەرەکانی، چەسپاندنی مافی ئەو کەسانەیە کە وەڵامی داواکاریی مەرجەعیەتیان دایەوە و بە خوێنی خۆیان سەرکەوتنیان بۆ نیشتیمان نوسیەوە. 

شاخەوان عەبدوڵڵا: یاسای حەشد مەترسیدارە

شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی یاسای حەشدی شەعبییەوە رایگەیاند: تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای حەشدی شەعبی مەترسییەکەی گەورە لەسەر عێراق درووست دەکات. 

رۆژی شەممە (2ـی ئابی 2025) شاخەوان عەبدوڵڵا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: چەندین یاسا هەی کە پەیوەستە بە چینێکی دیاریکراوەوە، پەسەندکردنیان زیان بە عێراق دەگەیەنێت، ئەم پەیامە تەنها هی ئێمە نییە، بەڵکو شیعە و سوننەکانیش لێی تێدەگەن، تێپەڕاندنیان مەترسییەکی گەورە لەسەر عێراق درووست دەکات و پەیامی سەرجەم لایەنەکان روونە لەوبارەیەوە، بۆیە ئێستا کاتێکی گونجاو نییە بۆ دەنگدان لەسەر ئەو جۆرە یاسایانە.

ورد نیسابی یاسایی دەشکێنێت

کەریم علێوی سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق، رەزامەندی نیشاندا و داوای کرد یاسای حەشدی شەعبی بخرێتە کارنامەی دانیشتنەکانی رۆژی شەممەی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، بەڵام بەهۆی تەواو نەبوونی نیسابی یاساییەوە، کە 164 پەرلەمانتار ئامادەی نەبوون، دانیشتنەکە ئەنجام نەدرا. 

دوو رۆژە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق لەلایەن پەرلەمانتارانی كوردەوە پەكدەخرێت، هۆكارەكەش یاسای دامەزراوەی زیندانییە سیاسییەكانە، پەرلەمانتارێكی كورد دەڵێت: نایەكسانی تێدایە و مافی قوربانیانی كورد و بەتایبەتیش هەڵەبجە دەستەبەر ناكات.

لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بڕیاربوو دەنگ لەسەر هەمواری دووەمی پرۆژە یاسای دامەزراوەی زیندانیییە سیاسییەكان بدرێت، لەگەڵ چەند پرۆژە یاسایەكی دیكە، بەڵام بەهۆی نەچوونە ژوورەوەی پەرلەمانتارانی كورد دانیشتنەكە هەڵگیرا.

ئەمڕۆ یەكشەممە، پەرلەمانی عێراق لەسەر نۆ برگە كۆبوەوە، دیارترینیان دەنگدان بوو لەسەر پێشنیازە یاسای هەمواری دووەمی یاسای دامەزراوەی زیندانییە سیاسییەكانی ژمارە چواری ساڵی 2006 بوو، بەڵام ناڕەزایەتیی پەرلەمانتارانی كوردی لێكەوتەوە و دەنگی لەسەر نەدرا.

موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە هۆڵی پەرلەمان ڕایگەیاند: لە هەرێمی كوردستان چەندین توێژ هەن كە بە یاسای دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی ستەمیان لێدەكرێت، بە لەبەرچاوگرتنی جیاكاری و جیاوازی نێوان قوربانیان، مافی قوربانیان لە هەرێمی كوردستان هاوشێوەی بەغداد و پارێزگاكانی دیكە نییە، ئەمەش جێگەی قبووڵكردن نییە.

دوێنێش دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بە هەمان خشتەی ئەمڕۆوە دواخرا، دواتریش كاروان یاروەیس پەرلەمانتاری كورد رایگەیاند: پرۆژەی هەمواری دووەمی یاسای دامەزراوەی زیندانیە سیاسیەكانی عێراق، هەموو ڕزگاربوان كە لە بۆردومانی هەڵەبجە بە چەكی كیمیاوی و لەپرۆسەی ئەنفالدا ڕزگاریان بووەو بەهۆی هەڕەشە و تۆقاندنەوە ناچاربوون عێراق بەجێبهێڵن و رووبكەنە كۆماری ئیسلامی ئێران هەموو ماف و ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسی ئەیانگرێتەوە.

وتیشی: “بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی ئامادەبوون دانیشتن ئەنجام نەدرا.”

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی