شاندێکی باڵای هێزەکانی 70 ى پێشمەرگە و فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق لەبەغداد کۆبوونەوە
سبەى
سوپاى عێراق و هێزەکانى پێشمەرگە رێککەوتن لەسەر بەرزکردنەوەى ئاستى هەماهەنگى نێوانیان، بە ئامانجى بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و فەراهەمکردنی ئاسایش و سەقامگیریی لەو ناوچانەی کەدەکەونە نێوان هێڵی بڵاوەپێکردنی پێشمەرگە و سوپا.
بەرزکردنەوەى ئاستى هەماهەنگى سەربازى و ئەمنى نێوان پێشمەرگە و سوپا، رۆژى 2ى ئاب لەکۆبوونەوەیەکدا بڕیارى لەسەردرا کە لەبەغداد لەنێوان شاندێکی باڵای هێزەکانی 70 ى پێشمەرگە و فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانى سوپاى عێراق بەڕێوەچوو.
بەپێی راگەیەنراوێکى هێزەکانی 70 ى پێشمەرگە کە دەست سبەى کەوتووە، لە کۆبونەوەکەدا باس لە ڕێگاکانی بەرزکردنەوەی هەماهەنگی ئەمنی و سەربازی نێوان هەردوولا کرا، هەروەها تیشک خرایە سەر کۆمەڵێک پرسی ئەمنی و سەربازیی هاوبەش، بەتایبەتی ئەو پرسانەی پەیوەستن بە بەردەوامی هەوڵە هاوبەشەکانی هەردوولا بۆ بەرەنگار بوونەوەی تیرۆر و فەراهەمکردنی ئەمن و ئاسایش و سەقامگیری، بەتایبەت لەو ناوچانەی کەدەکەونە نێوان هێڵی بڵاوە پێکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی سوپای حکومەتی فیدڕاڵی عێراق.
لەبەشێکی تری کۆبونەوەکەدا جەخت لە گرنگی پەرەپێدانی کەناڵەکانی پەیوەندی و هاوکاری و هەماهەنگی مەیدانی نێوان هەردوولا کرایەوە، بەتایبەتی لەڕووی هەواڵگری و ئاڵوگۆڕی زانیارییە هەواڵگرییەکان و ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی هاوبەش، کە ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی و هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای حکومەتی فیدڕاڵی عێراق و سەرجەم هێزە عێراقییەکان لە چوارچێوەی پلان و بەرنامە و کاری هاوبەشی نێوانیادا، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوەکە.
لاى خۆیەوە، قەیس مەحمەداوى جێگرى فەرماندەى ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان کە سەرۆکایەتى شاندى عێراقى کردووە لەکۆبوونەوەکەدا چەند رێنماییەکى ئاڕاستەى یەکەکانى سوپا و پێشمەرگە کرد بۆ بەرزکردنەوە و بەهێزکردنى ئاستى هەماهەنگى سەربازى نێوانیان.
بەپێی راگەیەنراوێکى فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان کە دەست سبەى کەوتووە، لەکۆبوونەوەکەدا باس لە ئەرکى خاڵە ئەمنییەکان و رۆڵى هێزەکان لە سنورە هاوبەشەکان کراوە لە پارێزگاکانى دیالە و کەرکوک و نەینەوا و خۆرئاواى نەینەوا، لەگەڵ ئاڵوگۆڕى زانیارى هەواڵگرى و پاراستنى دەستکەوتە ئەمنى و سەربازییەکان.
پڕکردنەوەى شوێنى 455 پێشمەرگە
پێشمەرگە و سوپاى عێراق دوو لیواى هاوبەشیان هەیە لەناوچە جێناکۆکەکان بۆ پاراستنى سەقامگیریی ئەو ناوچانە، بەڵام هێشتا بەشێک لە پشکى هەرێم لەو لیوایانە کە خۆیان لە 455 پێشمەرگەدا دەبینێتەوە پڕنەکراوەتەوە.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی گشتیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، کە لە پشکى پارتى ئەو پۆستەى وەرگرتووە بە میدیاى فەرمى حزبەکەى راگەیاند، لە پشکی ھەرێمی کوردستان 455 کەس بە ھەر ھۆکارێک نەڕۆیشتوون بۆ ئەوەی دابمەزرێن، بۆیە ناوی دیکەیان بۆ ناردوون بۆ ئەوەی لە شوێنی ئەوان دابمەزرێن و ئێستا رێکارەکانیان تەواو بووە و ڕەوانەی وەزارەتی دارایی کراون، بۆ ئەوەی شایستەی داراییان بۆ دابین بکرێن، هەرکاتێک بۆیان دابینکرا، ئەوکات ئەوانیش دەستبەکار دەبن.
ئامانج لە دامەزراندنی دوو لیواکە کە یەکێکیان پێشمەرگەو ئەوەى دیکەیان سوپاى عێراقە پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بوو، کە لەو ناوچانەی بۆیان دیاریکراوە جێگیرکراون.