"ناوى گروپەکان ئاشکران"؛ زانیارى لەسەر ئەو درۆنانەى هەرێمى کوردستانیان کردە ئامانج

#هەرێمى کوردستان#درۆن
11 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 11 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • بەپێی راپۆرتێکى پەیمانگاى واشنتن بۆ سیاسەتى رۆژهەڵاتى نزیک، بەلایەنی کەمەوە 10 لەو هێرشانە بە هەمان جۆری ئەو درۆنانە ئەنجامدراون کە گروپە چەکدارەکانى سەر بە ئێران لە عێراق لە ساڵی 2023ەوە لە سەدان هێرشدا بەکاریانهێناوە، لەوانە گروپەکانى کەتائیب سەید شوهەدا، کەتایبى حزبوڵڵا، بزوتنەوەى نوجەبا.
Primary Asset

نەخشەى بەشێک لە هێرشە درۆنییەکانى سەر هەرێمى کوردستان

سبەى

لەماوەى هەفتەیەکدا عێراق دوو لیژنەى بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشە درۆنییەکان رەوانەى هەرێمى کوردستان کردووە، ژمارەیەک لەو درۆنانەى هێرشەکانى لەرێگەوە ئەنجامدراوە و پارچەکانیان کۆکراونەتەوە ئەوانەن کە پێشتر لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە بەکارهێنراون.

 ئەمڕۆ شەممە لیژنەیەکى تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکان لە عێراقەوە گەیشتنە هەرێمى کوردستان کە لە هەریەك لە نوێنەرانی دەزگای هەواڵگری، ئاسایشی نیشتمانی، بەڵگەی تاوان پێكهاتوون، لەکاتێکدا رۆژى 28  تەمموز عێراق لژنەیەکى دیکەى رەوانەى هەرێمى کوردستان کرد.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە فەرماندەیی پرۆسە هاوبەشەكانی عێراق رایگەیاند، "لیژنەكە پارچەی ئەو درۆنانە دەبەن كە لە هەرێمی كوردستان كەوتوونەتە خوارەوە، بۆ ئەوەی پرۆسەی تەواوكاری لێكۆڵینەوە و تۆماركردنی بەڵگەكان ئەنجام بدەن و سەرچاوەی هەڵدانی درۆنەكانی ئاشكرابكەن، دواتریش راپۆرتێكی ورد لەبارەی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان ئامادە بكەن".

شاخەوان عەبدوڵا جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق رۆژى 2ى ئاب لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان جەختیکردەوە، ناوى ئەو کەس و گروپانەی کە هێرشەکانیان ئەنجامداوە ئاشکران و ناوەکانیان لەلایە، تەنها لەماوەی 4 ڕۆژدا لە 14ـی تەمموز تا 18ـی ئەو مانگە، 14 درۆن ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان کراون لەلایەن ئەو گروپانەوە، بەبێ ئەوەى ناوەکانیان ئاشکرابکات.

بەپێی راپۆرتێکى پەیمانگاى واشنتن بۆ سیاسەتى رۆژهەڵاتى نزیک، بەلایەنی کەمەوە 10 لەو هێرشانە بە هەمان جۆری ئەو درۆنانە ئەنجامدراون کە گروپە چەکدارەکانى سەر بە ئێران لە عێراق لە ساڵی 2023ەوە لە سەدان هێرشدا بەکاریانهێناوە، لەوانە گروپەکانى کەتائیب سەید شوهەدا، کەتایبى حزبوڵڵا، بزوتنەوەى نوجەبا. 

بەپێی راپۆرتەکە، سەرجەم پاشماوەکانی ئەو درۆنانە دەریدەخەن کە لەلایەن ئێرانەوە دروستکراون و پێکهاتوون لە: نۆ درۆنى شاهید-101 و یەک درۆنى KAS-04. 

ئاماژە بەوەشکراوە، رەتکردنەوەى بەرپرسیارێتى هێرشەکان لەلایەن گروپەچەکدارەکانەوە، رەنگە بگەڕێتەوە بۆ ترسیان لە تۆڵەسەندنەوەی ئەمەریکا لەرێگەى هێرشى سەربازى یاخود سەپاندنى سزاوە، هەروەها رەنگە ترسیان هەبێت ئەو جوڵانە وەک گروپێکى دەرەوەى یاسا دەریانبخات کە هێرشدەکەنە سەر سەرچاوە نەوتی و غازییەکان.

لە كۆتایی مانگی رابردووەوە، زیاتر لە 30 هێرشی درۆنی كراوەتە سەر هەرێمی كوردستان كە بەشی زۆریان كێڵگە نەوتییەكانیان كردە ئامانج سەرجەم هێرشەكانیش لە رێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بۆمبڕێژكراوەوە ئەنجامدراون.

هێرشەكان، كێڵگەكانی نەوتی خورمەڵە، تاوكێ، پیشخابور و سەرسەنگ و عەین سوفنا و كێڵگەكانی دیكەیان بە ئامانج گرتووە، بەهۆیەوە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بە نزیكەی 200 هەزار بەرمیلی رۆژانە كەمبووەتەوە.

قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق رۆژی 28 ی تەمموز لەمیانەی سەردانەكەیدا بۆ هەولێر رایگەیاند: "ئامانجی ئێمە لێپرسینەوەیە لە هێرشكاران، چاوەڕوانی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەبین، هێرشە درۆنییەكان زیانیان بە عێراق گەیاندووە و هەموو ئەوكەسانەی كارەكەیان ئەنجامداوە لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەكرێت".

دوای سەردانەكە لیژنە ئەمنییەكەی عێراق راپۆرتێكیان بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق بەرزكردەوە لەبارەی هێرشە درۆنییەكانی سەر هەرێمی كوردستانەوە.

رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان رۆژی 28 ی تەمموز رایگەیاند: "ئەو هێرشانە كاریگەری راستەوخۆیان هەبوو لەسەر ئەوەی كۆمپانیاكانی نەوت لە كێڵگەكان كشانەوە و بەرهەمهێنان راوەستا، پێشتریش كێڵگەكان بەهۆی راگرتنی نەوت توانای بەرهەمهێنانیان كەم ببوەوە، پێویستی بە كاتە بۆ ئەوەی ئەو كێڵگانە بگەنەوە ئاستی خۆیان، هیوادارین لیژنەكە چارەسەری بكەن ئەگەرنا ئێمەش بێدەنگ نابین". وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان وای وت.

وتیشی "لیژنەكە دەستی بەكارەكانی كردووە كە هاوبەشە، بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لە پاشماوەی درۆنەكان بكرێت كە سەر بە كێن و لە كوێوە هەڵدراون و هی چی گروپێكن، ئەگەرنا لایەنەكانی پشت ئەو درۆنانە بۆ هەردوولا ئاشكران، دواتریش سەردانی چەند شوێنێك دەكەین كە كراونەتە ئامانج".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی