سبەی
سەرەڕای پێداگریی و فشارەکانی حکومەت و سوپای لوبنان، فشارەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپا و ناوچەکە، حیزبوڵڵا ئامادەنییە چەکەکانی رادەست بکات، شارەزایان هۆکاری سوربوونی ئەو گروپە بۆ دەستبەردارنەبوونی چەکەکانی ئاشکرا دەکەن، کە نایەوێت ئەو کارتە بەهێزەی دەستی ئێران بە بێ دەستکەوتی گەورە بسوتێنن.
دوای هێرشەکانی (7ـی ئۆکتۆبەری 2023)ـی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و دواتر هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوانیان، تەشەنەسەندنی شەڕەکە بۆ لوبنان و بە ئاماجگرتنی حیزبوڵڵا لەلایەن ئیسرائیلەوە، کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا کەسایەتی کاریزمی و رابەری ئەو گروپە و دواتر کوشتنی جێگرەوەکەی نەسروڵڵا و ریزی یەکەمی سەرکردەکانی، فشارێکی گەورە لەسەر حیزبوڵڵا دروست بووە، بۆ رادەستکردنی چەکەکانی و کۆتایی هێنان بەو شەڕ و ئاڵۆزییەی کە زیاتر 35 ساڵە بەهۆیەوە لوبنان دەسوتێنێت و ناوچەکەی دووچاری نەهامەتییەکەی گەورەی کردووە.
شارەزایانی کاروباری گروپە چەکدارەکان و میلیشیاکان، پێشبینی دەکەن دوای روداوەکانی دوو ساڵی رابردوو، بڕیارێکی نێودەوڵەتی دەربچێت بۆ چەککردنی حیزبوڵڵا و کۆتایی هێنان بەو گروپە، بەڵام حیزبوڵڵا ئاسان ناچێتە ژێرباری ئەو بڕیارانەوە.
بەوتەی شارەزایان هۆکاری سەرەکی ئەوەی حیزبوڵڵای لوبنانی ئامادەنییە چەک دابنێت، پەیوەندی بە ئێرانەوەیە، ئەو وڵاتە تائێستا گڵۆپی سەوزی بۆ حیزبوڵڵا هەڵنەکردووە بچێتە ژێر داواکاریی حکومەتی لوبنان و فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ رادەستکردنی چەک، چونکە بڕیار بەدەستی خۆی نییە و چاوەڕوانی بڕیاری تارانە.
هۆکارێکی دیکە ئەوەیە، ئێران ئەو گروپە وەک کارتێکی فشار و دانوستان بەکاردەهێنێت لە کۆبونەوە و گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپی لەسەر پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکانی و هەڵگرتنی سزاکانی سەری.
هاوکات، فشارەکانی ئەمەریکا لەسەر لوبنان تادێت زیاتر دەبێت و پێداگریی دەکات کە دەبێت چەک تەنها بەدەستی وڵاتەوە بێت، لەبەرامبەردا فشاری حکومەت و ناوخۆی لوبنانیش لەسەر ئەو گروپە چڕبوەتەوە، شەقامی لوبنانیش دەیەوێت ئاهێکی بەبەردا بێتەوە و لە شەڕی ئەو گروپە و تێوەگلانی وڵاتەکەیان بە ململانێیەکی دیکەی خوێناوی بەدوور بگیرێت.
جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنان لە مەراسیمێکدا بە بۆنەی ساڵیادی سوپای وڵاتەکەیەوە جارێکی تر داوای لە هێزە سیاسییەکان کرد پاڵپشتیی بکەن بۆ ئەوەی چەک تەنها بە دەستی دەوڵەتەوە بێت، وەک پێداگرییەک لەسەر بڕیارەکانی بۆ چەکدانانی حیزبوڵڵا و کۆتایی هێنان بەو گروپە، کە بە بەشێک لە مقاوەمەی چەکداریی نزیک لە ئێران ناو دەبرێت.
لایەنێکی دیکەی ئەو پرسە ئەوەیە، کە حیزبوڵڵا نایەوێت هەروا بە ئاسانی وەبەرهێنانی 50 ساڵەی رابردووی ئێران لە ناوچەکە و دروستکردنی چەندین گروپ لە سوریا، یەمەن، عێراق و لوبنان، بەهەدەر بدات، لەبەرامبەردا ئەگەر ئێران دەستکەوتێکی گەورەی نەبێت لە دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپا.
مەترسییەکی دیکەی بەردەوام و لەپێش، ترسی حکومەت و گەلی لوبنانە لە ئەنجامدانی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵا لە باشوری لوبنان کە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا زیانێکی گەورەی لێکەوتوەتەوە، چاودێرانی دۆخەکە پێیانوایە حیزبوڵڵا بەرگریی لە مافێکی رەوا، یان مەزهەب و ئاینێک ناکات، بەڵکو پارێزگاریی لە پرۆژەیەک دەکات کە چەندین ساڵ لە ناوچەکە کاری لەسەر دەکرێت و بەرەیەکی بە هێزی بۆ دروستکراوە.
شەڕی دوو ساڵەی نێوان ئیسرائیل و حەماس دواتر پەلکێشانی بۆ لوبنان و یەمەن، رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، لە قاڵبدانی گروپەکانی حەشدی شەعبی، پاشان هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و بە ئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لەلایەن ئەمەریکاوە، ئەو ئاڕاستەیەی بە تەواوەتی لاواز کردووە.
حیزبوڵڵا کە بەشێکی سەرەکیی ئەو بەرەیە بوو، ئێستا لە ژێر فشارێکی گەورەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا بۆ چەکدانان، بەڵام نایەوێت بەبێ دەستکەوتێکی سیاسی لێی دەربچێت، لوبنانییەکانیش کە چەندین ساڵ شەڕی ناوخۆییان بینیووە، نایانەوێت بگەڕێنەوە چوار گۆشەی یەکەم و جارێکی تر وڵاتەکەیان ببێتەوە گۆڕەپانی شەڕ و ململانێ، دەیانەوێت دەوڵەتێکی بەهێزیان هەبێت، چەک تەنها بە دەست سوپاوە بێت و دوای چەندین ساڵ ماڵوێرانی، ساڵانی ئارامی و ئاشتی و سەقامگیریی لە وڵاتەکەیان دەستپێبکات.