بەهۆی لێدوانەكانی روسیاوە؛ ترەمپ دوو ژێردەریایی ئەتۆمیی بڵاوەپێدەكات

#ئەمەریکا#روسیا#ترەمپ#پوتین#میدڤیدیڤ
16 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی تایبەتی خۆی "تروس سۆشیال" بڵاویكردەوە:"فەرمانم كردووە بە بڵاوەپێكردنی دوو ژێردەریایی ئەتۆمیی لە شوێنی گونجاو".
Primary Asset

ترەمپ

سبەی

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، فەرمانیكردووە بە "بڵاوەپێكردنی دوو ژێر دەریایی ئەتۆمیی لە شوێنی گونجاو".ئەوەش دوای لێدوانی دیمیتری میدڤیدیڤ جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا.

دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی تایبەتی خۆی "تروس سۆشیال" بڵاویكردەوە:"فەرمانم كردووە بە بڵاوەپێكردنی دوو ژێردەریایی ئەتۆمیی لە شوێنی گونجاو".

ترەمپ دەشڵێت "لەسەر بنەمای لێدوانە بێزاركەرەكانی دیمیتری میدڤیدیڤ سەرۆكی پێشووی روسیا كە ئێستا جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی روسیایە، فەرمانم كردووە كە دوو ژێردەریایی ئەتۆمیی لە ناوچەی گونجاو بڵاوبكرێنەوە، وەك خۆ ئامادەكردن بۆ ئەگەری ئەوەی ئەو لێدوانانە ئاژاوەگێڕی بن و زیاتر بن لە قسەیەك".

سەرۆكی ئەمەریكا هەروەها دەڵێت "وشەكان زۆر گرنگن، زۆرجار دەكرێت دەرئەنجامی نەخوازراوی لێبكەوێتەوە، ئومێدەوارم ئەم وشانە یەكێك نەبێت لەو حاڵەتانە، سوپاس بۆ گرنگیدانتان بەم پرسە".

پێشتر دیمیتری میدڤیدیڤ جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی روسیا رایگەیاندبوو:"پێویستە ترەمپ ئەوە بزانێت روسیا نە ئیسرائیلە نە ئێران، زمانی هۆشداری وەك هەنگاوێكە بەرەو جەنگ".

وتەكانی میدڤیدیڤ وەك وەڵامێك بوو بۆ لێدوانی ترەمپ، سەبارەت بەو وادەیەی بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەنێوان روسیا و ئۆكراینا بە ڤلادمیر پوتین سەرۆكی روسیای دابوو.

میدڤیدیڤ لەدرێژەدا لە تۆڕی "ئێكس" نوسیبووی "ترەمپ یاری هۆشداری لەگەڵ روسیا دەكات، 50 رۆژ یاخود 10 رۆژ، پێویستە دوو شت بزانێت، یەكەم روسیا، ئیسرائیل نییە، تەنانەت ئێرانیش نییە، دووەم هەر ئاگاداركردنەوەیەكی نوێ وەك هەڕەشە و هەنگاوێك بۆ جەنگ لێكدەدرێتەوە، لەنێوان روسیا و ئۆكراینا نا، بەڵكو لەگەڵ وڵاتەكەی".

لەماوەی چەند رۆژی رابردووی ئەم مانگەدا، ترەمپ هەڕەشەی ئەوەیكرد "باجی گومرگیی قورس بەسەر هاوبەشە بازرگانییەكانی روسیادا دەسەپێنێت، ئەگەر مۆسكۆ لەماوەی 50 رۆژدا شەڕ رانەگرێت".

بەڵام لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ كییەر ستارمە سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، رۆژی دووشەممەی رابردوو رایگەیاند "ئەو 50 رۆژەی بۆ پوتینم دیاریكردووە و 50 رۆژە، كەمی دەكەمەوە بۆ 10 بۆ 12 رۆژ".

سەرۆكی ئەمەریكا هۆكاری ئەو هەنگاوەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە "هەست بە بێهیوایی دەكات بەرامبەر پوتین، كە هیچ ئامادەییەكی تێدا نییە بۆ راگرتنی شەڕ و سازش كردن".

ئەوەش لەكاتێكدایە، كۆشكی سەرۆكایەتی روسیا "كرملین" چەند جارێك رایگەیاندووە لەژێر فشاردا هیچ رێككەوتنێك ناكات.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی