سبەی
بەریتانیا و فەڕەنسا پلانیان هەیە ئەمساڵ دان بە دوڵەتی فەلەستیندا بنێن. لەبەرامبەردا ئەمەریکا دژە، ئیسرائیلیش پلانی هەیە بەشێكی خاکی غەززە بە فەرمی بلکێنێت بە وڵاتەکەیەوە.
رۆژی 24ـی تەمموزی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا لە بڵاوکراوەکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس راگەیاند: بەمەبەستی بەرپاکردنی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بڕیارمداوە لە ئەیلوولی ئەمساڵ لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان فەڕەنسا، فەلەستین بە دەوڵەت بناسێنێت.
سەرۆکی فەڕەنسا زیاتری نوسیبوو: "دەبێت دەستبەجێ ئاگربەست رابگەیەنرێت، هەموو بارمتەکان ئازادبکرێن و هاوکارییە مرۆییەکان بگەن بە دانیشتوانی غەززە،" هەروەها دەشڵێت: "دەبێت حەماس چەک دابنێت و غەززە بونیات بنرێتەوە."
دوابەدوای فەڕەنسا، کیێر ستامە، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، رایگەیاند: ئەگەر ئیسرائیل بارودۆخی غەززە ئاسایی نەکاتەوە، ئەوا شانشینی یەکگرتوو لە ئەیلوولی ئەمساڵ فەلەستین بە دەوڵەت دەناسێنێت.
ئەوەی جێگای پرسیارە سنورەکانی غەززە و فەلەستینن، چونکە سوپای ئیسرائیل بەشێكی زۆری کەرتی غەززەی کردووە، تەنانەت بە چەند بەربەستێکی ئاسایشی توند، کەرتی غەززەی دابەش کردووە.
ئاڵنگارییەکی دیکەی بەردەم بە دەوڵەتکردنی غەززە ئەوەیە دوای ئەوەی بە دەوڵەت ناسێنرا کێ حوکمی غەززە دەکات؟ چونکە ئێستا حەماس باڵادەستە، مەرجی هەردوو وڵات چەکدانانی حەماسە، چاوەڕوان ناکرێت بە ئاسانی رازیببێت بە چەکدانان. لە کەمبوونەوەی هەژموونی حەماس، چەندین گروپی چەکدار دروست بوون، ئەو گرووپانە وەک کێبڕکێکاری حەماس خۆیان دەناسێنن، بۆیە گەیشتن بە رێککەوتن لە نێوان ئەو گرووپانە ئاسان نابێت.
گەورەترین ئاڵنگاریی نێودەوڵەتیش ئەمەریکا و ئیسرائیلە. لای خۆیەوە هەر زوو مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، بیرۆکەی دروستکردنی دەوڵەتی فەلەستینی رەتکردەوە.
لەو بارەیەوە هەڵوێستی ئیسرائیلیش زۆر توندە. ئیسرائیلییەکان بە توندی بیرۆکەی دروستکردنی دەوڵەتی فەلەستینی رەتدەکەنەوە. دوێنێ دوشەممە 29ـی تەمموزی 2025، بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە وەڵامی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیادا رایگەیاند: "ستامە پاداشتی حەماسی تیرۆریست دەداتەوە و سزای قوربانی دەدات،" هەروەها دەشڵێت: "ئەمڕۆ دەوڵەتێکی جیهادی لەسەر سنووری ئیسرائیل، سبەی دەبێتە هەڕەشە لەسەر بەریتانیا،" لە کۆتایشدا نەتەنیاهۆ جەخت دەکاتەوە کە دەوڵەت بۆ فەلەستین دروست ناکرێت.
بەپێی راپۆرتی میدیاکانی ئیسرائیل، ئەگەر حەماس رازی نەبێت بە ئاگربەست، نەتەنیاهۆ پلانی هەیە بەشێك لە خاکی غەززە بخاتە سەر ئیسرائیل، ئەوەش یەکێکە لە ژمارەیەک هەڵبژاردەی دیکە لە ئەگەری رەتکردنەوەی ئاگربەست لەلایەن حەماسەوە.