سبەى
سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی كەركوك/گەرمیان كەسوكاری ئەنفالكراوان ئاگاداردەكاتەوە کە پێویست ناکات سەردانى بەغداد بکەن بۆ تۆمارکردنى سکاڵا لە دژی تۆمەتبار عەجاج ئەحمەد حەردان و دەتوانن لەدادگاکانى سنورى كەركوك/گەرمیان سکاڵا تۆمار بکەن.
سەرۆكایەتییەکە رۆژى 2ى ئاب لە راگەیەنراوێکدا سەرجەم كەسوكاری ئەنفالكراوان ئەوانەی خوازیارن سكاڵا تۆمار بكەن لە دژی تۆمەتبار عەجاج ئەحمەد حەردان ئاگاداردەکاتەوە کە پێویست ناكات بۆ ئەو مەبەستە سەردانی دادگاكانی بەغدا و خوارووی عێراق بكەن، هەرلە دادگاكانی لێكۆڵینەوەی سنووری سەرۆكایەتییان رێكاری یاسایی دەگیرێتە بەر و كاری پێویست ئەنجام دەدرێت.
دەشڵێت، دواتر لە كاتی گونجاو بۆ سەردانی دادگاكانی لێكۆڵینەوە ئاگاداریان دەكەنەوە.
بەوتەى عەلى دەروێش کەسوکارى ئەنفال، دەستگیرکردنى عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی کەیەکێک بووە لەجەلادەکانی قەڵای نوگرە سەلمان، لەسەر سکاڵاى تیمێکی پێنج کەسی لەکەسوکاری ئەنفالکراوان و ڕزگاربوانی زیندانی نوگرەسەلمان بووە لەهەردوو قەزای کەلار و چەمچماڵ کە لەڕۆژانی 28و29ی تەموزی 2025 سەردانی دادگای بەرایی سەماوەیان کرد بەمەبەستی تۆمارکردنی سکاڵا لەسەرى.
دەشڵێت، لەپاش تۆمارکردنی سکاڵا، بەکەمتر لە(48) کاتژمێر (عەجاج) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا.
كەم لە رزگاربووانی شاڵاوەكانی ئەنفال لە كوردستان هەیە باسیان لە "عەجاج" نەكردبێت، ئەوان تا لەژیاندا بن ناوەكەیان بەبیر دەمێنێت، هەر ئەوانیش ناسناوی "حەجاج" یاخود "جەللادەكەی نوگرەسەلمان" یان پێداوە. ئەویش بەهۆی ئەو دڕندایەتییەی دژ بە خەڵكی سڤیلی كورد پەیڕەوی كردووە بەتایبەت لە کاتی دەستپێكردنی شاڵاوی ئەنفال دژ بە كورد لەلایەن رژێمی پێشووی عێراق لە ساڵی 1988 كە تیایدا 182 هەزار كەس كۆمەڵكوژكران یاخود زیندەبەچاڵ كران، ئەوانیش زۆربەیان لە بیابانەكانی سەماوەو باشوری عێراق ژێرخاك نراون، بەشێكیشیان كە زیندانی نوگرە سەلمانیان بینیوە و رزگاریان بووە "شایەتی بۆ دڵڕەقی و دڕندەیی حەجاج" دەدەن.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق رۆژى هەینی 1-8-2025 وێنەی عەجاجى لەدواى دەستگیرکردنى بڵاوكردەوە و ئاماژەى بەوەکردووە، عەجاج چەند پلەیەكی هەبووە لە دەزگا ئەمنییەكانی رژێمی پێشوو، بەڵام دواپۆستی ئەفسەر بووە لە نوگرە سەلمان، بەشداریشی كردووە لە كوشتن و ژێرخاككردنی قوربانیان لە گۆڕە بەكۆمەڵەكان لە نوگرە سەلمان".
"تۆمەتبار زنجیرەیەك تاوانی لەسەردەمی دیكتاتۆریەت دژ بە مرۆڤایەتی و سەدان هاوڵاتی عێراقی ئەنجامداوە، بەتایبەتیش دژ بە نەتەوەی كورد كە بەزۆر رەوانەی پارێزگای موسەنا كرابوون، لەو زیندانەدا ئەشكەنجە و كوشتن و دەستدرێژی دژ بە خەڵك ئەنجامداوە". دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق وا دەڵێت.
بەوتەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق "بۆ ئەوەی دەزگا ئەمنییەكان بەلارێدا ببەن، بنەماڵەكەی لەماوەی رابردوودا هەواڵی مردنیان بڵاوكردووەتەوە، بەڵام بە هەوڵی هەواڵگری و شیكردنەوەی زانیارییەكان و بەراوردكردنی بە دانپێدانانەكانی پێشوو، هاوكاربوو لە دۆزینەوەی شوێنەكەی و دیاریكردنی شوێنی خۆحەشاردانی لەناو پارێزگای سەڵاحەدین".
بۆ ئەو پرۆسەیە وەك دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق باسیكردووە، "رەزامەندی دادوەری وەرگیراوە، و وتەی قوربانییانیش لەگەڵ ئەو كەسانەی مافی كەسییان لەلای بووە، دواتر پرۆسەكە ئەنجامدراوە و تۆمەتبار دەستگیركراوە، رەوانەی لایەنی پەیوەندیداری تایبەتمەند كراوە بۆ رێوشوێنە یاساییەكان".
عەجاج ئەحمەد حەردان ناسراو بە "حەجاج یان عەجاج تكریتی"، خەڵكی شارۆچكەی تكریتە لە پارێزگای سەڵاحەدین و لە عەشیرەتی ئەلبوناسر و هۆزی نزارە، واتە عەشیرەتەكەی سەدام حسێن، هەروەها پلەی ڕائیدی ئەمن بووە.
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، ماڵی لە كەركووك بووە، دواتر بەرەو سوریا هەڵهاتووە و لە گەڕەكی جەرمانەی دیمەشقی پایتەختی سوریا لە شوقەیەكدا ژیاوە.
لەكاتی دادگایكردنی سەرانی ڕژێمی بەعس، بەردەوام سەیری پرۆسەكەی كردووە و ئاگاداری ئەوە بووە ناوی وەك تاوانبار لە تاوانی ئەنفالدا هاتووە.
سێ كوڕی هەبووە، دووانیان بوونەتە چەكداری قاعیدە و لە شەڕێكدا لە شارەدێی (زلوعیە)ـی پارێزگای سەڵاحەدین كوژراون، هەروەها كوڕە بچووكەكەی ناوی ڕائید بووە و لە سوریا لەگەڵ باوكی ژیاوە.
بەپێی گێرانەوەكانی ئەو كەسانەی لە زیندانی مەرگی نوگرەسەلمان گەڕاونەتەوە و پێشتر چیرۆكی ژیانی زیندانی و دڕندەیی ڕژێمی بەعسیان بەرامبەر بە كورد گێڕاوەتەوە، عەجاج بەرپرسی زیندانەكە بووە و هاوشێوەی نەبووە لە دڕندەییدا و دەڵێن ”باڵابەرزێكی دەموچاو تاریك و دڕندەبوو، هەر كە دەهاتە هۆڵەكانی زیندان بەبێ ئەوەی چەند كەسێك ڕەوانەی مەرگ بكات دەرنەدەچوو".
دەشگێڕنەوە "دوای گوللەبارانكردن یان لەسێدارەدانی كەسوكارەكانمان، تەرمەكانی دەخستە بەردەم سەگەكانی و خۆشی بەدەمییەوە پێدەكەنی و ئەشكەنجەی دەداین".