سبەی
وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند: دابەشکردنی مووچەی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی بۆ مانگی ئابی 2025 دەستیپێکرد و هیچ گرفتێکی داراییان نییە و مووچەی ئەمساڵ بە تەواوەتی مسۆگەر کراوە.
لە راگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە، بڵاوی کردوەتەوە، وەزارەتی دارایی رایگەیاندووە: سەرجەم رێکارەکانی پارەدارکردنی دەستەی خانەنشینی نیشتیمانی دەستپێکراوە، بۆ ئەوەی لە رێگەی بانکە تایبەتمەندەکانەوە دابەش بکرێت. دواکەوتنی مووچەی خانەنشینان بەهۆی پشووی کۆتایی هەفتەی بانکەکانی دەرەوە بووە، کە ناردنی شایستە داراییەکانی فرۆشتنی نەوت دواکەوتووە، هەر ئەوەش بووەتە هۆی دوای کەوتنی حەواڵەکانی پارە کە تەنها لە رۆژانی دەوامی فەرمی ئەنجام دەدرێت.
وەزارەتی دارایی دڵنیایی داوە لەوەی کە مووچەی ئەمساڵ بە تەواوەتی دەستەبەر کراوە و ئەو هەواڵانەی باس لە کەمی پارەی نەختینە دەکەن دوورە لە راستییەوە، داوا لە خانەنشینان دەکات لە ئەمڕۆوە چاودێریی ئاگادارکردنەوەی بانکەکان بکەن، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا دابەشکردنی مووچە دەست پێدەکات و مووچەکانیان دەچێتە سەر ئەژمارەکانیان.
مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەران هەرێم نەنێردراوە
دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب لە عێراق لەکاتێکدایە، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تائێستا مووچەی مانگی حوزەیران (شەش)یان وەرنەگرتووە، دوای زیاتر لە 80 رۆژیش، رۆژی (25ـی تەمموزی 2025) مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەشکرا.
رۆژی یەکشەممە (3ـی ئابی 2025) وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لیستی مووچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کراوە.
بەغداد: 5 ترلیۆن دینارمان بۆ هەرێم ناردووە
هەفتەی رابردوو وەزارەتی دارایی عێراق داهات و خەرجیی پێنج مانگی یەكەمی 2025 ی بڵاوكردەوە، دەشڵێت لەو ماوەیەدا پێنج ترلیۆن و 166 ملیار دیناری بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە، لەبەرانبەردا هەرێمی كوردستان 319 ملیار و 346 ملیۆن دیناری دینار داهاتی رادەست كردووە.
بەگوێرەی خشتەی دارایی وەزارەتی دارایی عێراق كە ئەمڕۆ لە ماڵپەڕەكەی بڵاویكردووەتەوە: تا كۆتایی مانگی ئایار، خەرجییەكانی بەكاربردن و وەبەرهێنان 46 تریلیۆن و 979 ملیار دینارە بووە، هەروەها بڕی 25 تریلیۆن و 624 ملیار دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان خەرجكردووەو بڕی 10 تریلیۆن و 947 ملیار دیناری بۆ چاودێریی كۆمەڵایەتی خەرجكردووە.
هاوكات، ئەو بڕە پارەیەی كە بۆ هەرێمی كوردستانی رەوانە كردووە تا كۆتایی مانگی ئایار گەیشتووەتە پێنج تریلیۆن و 166 ملیار دینار.
بە گوێرەی خشتەكەی وەزارەتی دارایی عێراق، داهاتی نەوت لە پێنج مانگی یەكەمی ئەمساڵ 41 تریلیۆن و 930 ملیار دینار بووە، داهاتی نانەوتییش چوار تریلیۆن و 226 ملیار دینار بووە. هاوكات بڕی 319 ملیارو 346 ملیۆن دیناری داهاتی نانەوتیی هەرێمی كوردستان لە پێنج مانگی یەكەمی ئەمساڵ دراوەتە بەغداد و كۆی داهاتەكانی عێراق گەیشتووەتە 46 تریلیۆن و 157 ملیار دینار.
بەگوێرەی داتا فەرمییەكانی وەزارەتی دارایی، بەغداد لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵ، بڕی 822 ملیار دینار كورتهێنانی دارایی هەبووە.