خامنەیی
سبەی
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بە ئاماژەدان بە بەردەوامی گرژیەكان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی كۆماری ئیسلامی ئێران و ئاگربەستی “لەرزۆك” لەگەڵ ئیسرائیل، بە ئاماژەدان بە سێ سەرچاوەی ئێرانی ڕایگەیاندووە كە تاران ئێستا دانوستان لەگەڵ ئەمریكا بۆ چارەسەركردنی ناكۆكی دەیان ساڵە بە تاكە ڕێگە دووركەوتنەوە لە پەرەسەندنی ململانێكان و هەڕەشە لە مانەوەی دەسەڵاتەكەی دەزانێت.
رۆژی پێنجشەممە 14ی ئاب ئاژانسی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەكی باڵای ئەمنی ئێران بڵاویكردەوە: عەلی خامنەیی ڕێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران لە ئێستادا بەهۆی نیگەرانییەكانی لە هێرشی دووبارەی ئیسرائیل بۆ ئێران بەنیازە فەرمان بكات بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ ئەمەریكا.
بە پێی ڕاپۆرتەكەی رۆیتەرز، بەرپرسانی ئێران نیگەرانن لەوەی كە هێرشی چری ئیسرائیل پێكهاتە و چوارچێوەی دەسەلاتی وڵاتەكە و لە درێژەشدا هەماهەنگی سیاسی و سەربازی وڵات تێكبدات، هەر لەبەر ئەم هۆكارەش بریاریداوە بە دامەزراندنەوەی ئەنجومەنی بەرگریی بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان تەنانەت ئەگەر خامنەیی تەمەن ٨٧ ساڵە بگوازرێتەوە بۆ شوێنێكی سەلامەت و دەستی بەرپرسانی حكومەت بە ڕێبەر نەگات.
بە گوێرەی پەریسا حافزی، نووسەری ئەم ڕاپۆرتە، "كۆماری ئیسلامی ئێران كە بەهۆی شەڕ و چەقبەستوویی دیپلۆماسییەوە لاواز بووە، ئێستا لە قۆناغێكی گرنگدایە، یان بەرەنگاری گوشارەكانی ڕاگرتنی چالاكیی ئەتۆمی ببێتەوە و مەترسی هێرشی زیاتری ئیسرائیل و ئەمەریكا قبوڵ بكات، یان پاشەكشە بكات و ڕووبەڕووی قەیرانی ڕێبەری ببێتەوە".
ئەلێكس واتانكا، بەڕێوەبەری پرۆگرامی ئێران لە دامەزراوەی بیركردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە بنكەكەی لە واشنتنە، بە رۆیتەرزی وتووە "ئەگەر ئێران بە خێرایی بەرنامە ئەتۆمییەكەی بەبێ گەرەنتی دیپلۆماسی و ئەمنیەتی بنیات بنێتەوە، هێرشی ئەمەریكا و ئیسرائیل ئەگەرێك نییە بەڵكو بە دڵنیاییەوە ئەنجام دەدرێت".
خاڵە ناكۆكەكان لە نێوان ئێران و رۆژئاوا وەك خۆی ماونەتەوە
ڕۆیتەرز بە جەختكردنەوە لەسەر ئەوەی كە خاڵە ناكۆكەكان لە نێوان ئێران و ولاتانی ئەوروپی و ئەمەریكا وەكو خۆی ماونەتەوە نووسیویەتی: "تاران پێداگری لەسەر مافی پیتاندنی یۆرانیۆم دەكات وەك بەشێك لە پرۆگرامێكی ئەتۆمی ئاشتیانە و لەبەرانبەردا ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت بە تەواوەتی كۆتایی بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بهێندرێت".
لە لایەكی دیكەوە سێ وڵاتی ئەوروپی هۆشداری دەدەن، لەوەی ئەگەر ئێران نەگەڕێتەوە بۆ مێزی دانوستانەكان ئەوا سەرجەم سزا نێودەوڵەتیەكان بۆ سەر ئێران دەگەڕێننەوە، لەبەرانبەردا ئێران هۆشداری دەدات وڵاتانی ئەوروپی سزا نێودەوڵەتییەكان بۆ سەر ولاتەكەی بگەڕێننەوە لەبەرانبەردا تاران لە پەیمانی قەدەغەی بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆمی دەكشێتەوە".
لای خۆیەوە مەنوچێهر موتەكی، وەزیری پێشووی دەرەوە و ئەندامی ئێستای كۆمیسیۆنی ئابوریی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند" ئەگەر لایەنی بەرامبەر هەنگاوێك بەرەو گەڕاندنەوەی سازكان دژی ئێران بنێتەوە بە دڵنیاییەوە لەلایەن پەرلەمانی ئێرانەوە وەلامی توند وەردەگرێت".
مەنوچێهر موتەكی ئاماژەی بەوەشكرد، "پەرلەمان لە بەرانبەر ئەم هەنگاوەی وڵاتانی ئەوروپی بڕیاری كشانەوەی ئێران لە پەیمانی قەدەغەی پەسەند دەكات". بەڵام سەرچاوە ئاگادارەكان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، ئەو هەڕەشانە تەنها ئامرازێكی فشارن بۆ سەر وڵاتانی ئەوروپی، چونكە كشانەوە لە پەیماننامەكە بە مانای هەنگاوێكی ڕوون بەرەو چەكی ئەتۆمی دێت و هێرشی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران مسۆگەر دەكات.
ڕۆیتەرز لە درێژەی راپۆرتەكەیدا لە زاری دیپلۆماتكارێكی ڕۆژئاواییەوە دەڵێت "حكومەتی ئێران هەرگیز ئەوەندە لاواز نەبووە، لە ناوخۆی وڵات نارەزایەتییەكان بە شەڕ و دەیان قەیران لەوانەش كەمیی ئاو و كارەبا لە پەرەسەندندایە".
لە ڕاپۆرتەكەدا ئاماژە بەوەش كراوە "گەڕانەوەی كەسایەتییە میانڕەوەكان كە ساڵانێكە پەراوێزخراون، وەك هەوڵێك بۆ هێوركردنەوەی ڕای گشتی و هەنگاونان بەرەو چاكسازییەكی رواڵەتی بەبێ گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی لە سیاسەتەكانی ئێران وەسف دەكرێت".