بارمتەیەکی ئیسرائیل لای حەماس و منداڵێکی فەلەستینی لە غەززە
سبەی
لە دوای سەرهەڵدانی جەنگی غەززەوە تائێستا بە هەزاران هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە، ئێستاش سیمای ناخهەژێنی منداڵانی برسی و وێنەی سامناکی بارمتە ئیسرائیلییەکان میدیاکانی جیهانی تەنیوەتەوە لەو نێوانەشدا هەر یەک لە حەماس و حکومەتی ئیسرائیل هەوڵ دەدەن بە مەبەستی سیاسی سیمای قوربانییەک لەخۆیان پیشان بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بدەن .
لە رۆژانی رابردوو حەماس و جیهادی ئیسلامیی، سێ گرتەی نوێی دوو دیلی ئیسرائیلییان بە ناوەکانی ڕۆم برێسلۆڤسکی و ئاڤیاتار داڤید بڵاوکردەوە، کە تیایدا ئەو دوو بارمتە ئیسرائیلییە بە شێوەیەکی لاواز و بێدەسەڵات دەردەکەون کە کاریگەری برسێتی بەسەر ئەندامەکانی جەستەیاندا دەرکەوتووە، جارێکی دیکە گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس زیاتر کردووە و گۆڕەپانی سیاسی و میدیایی ئیسرائیلی هەژاندووە.
لای خۆیەوە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە لێدوانێکی توند و هەڕەشەئامێزدا حەماس و جیهادی ئیسلامی بە "پڕوپاگەندەی درۆ" سەبارەت بە برسێتی لە غەززە تۆمەتبار کرد و دەشڵێت: ئەو وێنانە بەشێکن لە هەڵمەتێکی میدیایی بۆ ناوزڕاندنی ئیسرائیل لە سەرانسەری جیهاندا، ناتانیاهۆ، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بۆ بنەماڵەی ئەو دوو بارمتەکە رایگەیاند کە حەماس بە ئەنقەست بارمتەکانمان برسی دەکات و بۆ مەبەستی پڕوپاگەندە بەکاریان دەهێنێت.
هاوکات بەشێکی دیکە لە بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن کە ئەوەی لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا وێنا کراوە، تەنیا کارەساتێکی مرۆیی نییە، بەڵکو "قۆناغێکی ئەژمارکراوە" لە چوارچێوەی "شەڕی دەروونی" حەماس دژی ئیسرائیل.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە لە دوای هێرشەکەی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، لانیکەم 1219 ئیسرائیلی کوژران کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون، هاوکات 251 کەس کە لە کاتی هێرشەکەدا رفێندراون، کە لە ئێستادا 49 کەسیان لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرن کە 27 کەسیان کوژراون و تەنها تەرمەکانیان لەدەست حەماس دایە.
لەبەرامبەردا بەرپرسانی تەندروستی غەززە رایانگەیاندووە: زیاتر لە 60 هەزار و 430 فەلەستینی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنین.
لە چەند هەفتەی رابردووەوە برسێتییەکی رادەبەردەر غەززەی گرتووەتەوە و لەو نێوانەشدا وەزارەتی تەندروستی غەززە رایگەیاندوە کە زیاتر لە 130 کەس بەهۆی برسێتییەوە گیانیان لەدەستداوە و بەدەیان ریکخراوی فریاگوزاری نێودەوڵەتیش هۆشداریان داوە لە دۆخی کارەساتباری غەززە و ئیسرائیلیان تاوانبارکردوە کە لە رێگەی برسی کردنی هاوڵاتیانی غەززە هەوڵ دەدات حەماس ناچار بە خۆڕادەستکردن بکات.
بەپێچەوانەوە ناتانیاهۆ پێی وایە "حەماس بە ئەنقەست نەک تەنها بارمتەکان، بەڵکو خەڵکی غەززە برسی دەکات، بۆ ئەوەی دۆخی مرۆیی بقۆزێتەوە و هەڵمەتێکی پڕوپاگەندەیی دژی ئیسرائیل دەست پێبکات"، نەتەنیاهۆ داوای لە وڵاتانی جیهانیش کردووە "لە دژی تاوانە فاشیستییەکان و پڕوپاگەندەی درۆینەی حەماس هەڵوێستیان هەبێت".
رای گشتی ئیسرائیل و فشاری سیاسی
بڵاوبونەوەی ڤیدیۆی دوو بارمتە ئیسرائیلییەکە کاردانەوەی توندی لەناو شەقامی ئیسرائیلی لێکەوتووەتەوە لە کاردانەوەشدا دەیان هەزار کەس لە گۆڕەپانەکانی تەلئەڤیڤ کۆبوونەوە و داوای ئازادکردنی دەستبەجێی بارمتەکانیان کرد، هەروەها ئەو گرتە ڤیدیۆیانە لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.
ژان نویل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئەو وێنانەی بە "ترسناک" ناوبرد و داوای کرد کۆتایی بە "ئەشکەنجەی بێکۆتایی ئەو بارمتانە بهێنرێت کە ماوەی 666 رۆژە لەلایەن حەماسەوە بە دیل گیراون".
پێشبڕکێی حەماس و ئیسرائیل لەسەر گێڕانەوەی سیمای قوربانی
لە کاتێکدا خەڵکی غەززە لە برسێتی و ئاوارەیی و بێ ماڵ و حاڵی دەناڵێنن و بارمتە ئیسرائیلییەکانیش بە دیل گیراون، هەر یەک لە حەماس و حکومەتی ئیسرائیل هەوڵ دەدەن دۆخەکە لە زمانی خۆیانەوە بگێڕنەوە.
حەماس هەوڵدەدات کەڵک لە میدیاکان وەربگرێت بۆ وێناکردنی بارودۆخی مرۆیی غەززە و بارمتە ئیسرائیلییەکان و لەبەرامبەردا ئیسرائیل ئەم هەوڵە بە جۆرێک لە خراپ بەکارهێنانی پڕوپاگەندە و "شێواندنی واقیع" ناودەبات و لەم نێوەندەدا قوربانییە راستەقینەکان ئەوانەن کە لە هیچ کام لەم لێدوانانەدا دەنگیان نابیسترێت: منداڵی برسی، زیندانییە نەخۆشەکان، خێزانە خەمگینەکان و کۆمەڵگایەک کە نە ئاشتی دەناسێت و نە دادپەروەری.