كۆبوونەوەی ترەمپ و پوتین؛ بۆچی لە ئالاسكا و بەبێ زێلینسكی دەكرێت؟

#ئۆکراینا#روسیا#ئەمەریکا
17 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • كۆبوونەوەكەی رۆژی هەینی دوایین هەوڵەكانی ترەمپە بۆ كۆتاییهێنان بە ململانێكان، پێشتریش سێ خولی دانوستانەكانی نێوان روسیا و ئۆكراینا لەسەر داوای ترەمپ لەم هاوینەدا بەڕێوەچوو، سەرەرای ئەمەش تا ئێستا ئەو وڵاتانە نەگەیشتوونەتە رێكەوتنێك بۆ كۆتایی هێنان بە جەنگێكی سێ ساڵە.
Primary Asset

ترەمپ و پوتین

سبەی

بڕیارە رۆژی هەینی كۆبوونەوەیەكی چارەنووسساز لەنێوان پوتین و ترەمپ لە ئالاسكا بەڕێوەبچێت، بی بی سی لە راپۆرتێكدا سەرنجی خستووەتە سەر لایەنە شاراوەكانی كۆبوونەوەكە و وەڵامی ئەو پرسیارانەش دەداتەوە كە سەبارەت بە ناوەرۆك و شوێن و دەرئەنجامەكانی كۆبوونەوەكە كراون.

هەموو شتێك لە پەیامێكی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دەستیپێكرد كە رایگەیاند لە درێژەی هەوڵە چەند مانگەكەی بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕی ڕوسیا لە ئۆكراینا، ڕۆژی هەینی لەگەڵ ڤلادمیر پوتین، سەرۆكی روسیا كۆدەبێتەوە.

كۆبوونەوەكەی رۆژی هەینی دوایین هەوڵەكانی ترەمپە بۆ كۆتاییهێنان بە ململانێكان، پێشتریش سێ خولی دانوستانەكانی نێوان روسیا و ئۆكراینا لەسەر داوای ترەمپ لەم هاوینەدا بەڕێوەچوو، سەرەرای ئەمەش تا ئێستا ئەو وڵاتانە نەگەیشتوونەتە رێكەوتنێك بۆ كۆتایی هێنان بە جەنگێكی سێ ساڵە.

بۆچی پوتین و ترەمپ كۆدەبنەوە؟

پێش ئەوەی ترەمپ لە مانگی یەكدا دەستبەكاربێت، بەڵێنی دابوو كۆتایی بە شەڕی روسیا لە ئۆكراینا بهێنێت، چەندین جاریش ڕایگەیاندووە كە لە ماوەی ٢٤ كاتژمێردا دوای دەستبەكاربوونی ئەو كارە دەكات، لەو كاتەوە ئیدارەكەی زۆر هەوڵی وەستاندنی شەڕی دا، بەڵام شكستی هێنا، سەرەتا گەشبینییەك سەبارەت بە دانوستانەكان دروست بوو، بەڵام دواتر هەموان بێ هیوابوون لە دۆزینەوەی ڕێگەیەك بۆ ئاگربەست و كۆتایی هێنان بە جەنگ.

بەردەوامی هێرشەكانی روسیا بۆ سەر ئۆكراینا و ئامادەنەبوونی پوتین بۆ هەر جۆرە ڕیكەوتنێكی ئاگربەست، دواجار ترەمپی ناچار كرد وادەیەك بۆ پوتین دیاری بكات و دوو بژاردەشی خستە بەردەمی، یان بە ئاگربەستی دەستبەجێ رازی بێت یاخود ئامادەی سزای توندی ئەمەریكا بێت، لەگەڵ تەواوبوونی وادەكە ترەمپ ڕایگەیاند، لەبری ئەوەی سزای زیاتر ڕابگەیەنێت، هەینی داهاتوو 15ی ئاب، خۆی و پوتین بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ كۆدەبنەوە، ترەمپ راشیگەیاند كۆبوونەوەكە دوای گفتوگۆیەكی "زۆر بەرهەمدار"ی نێوان ویتكۆف و پوتین لە مۆسكۆ پلانی بۆ دارێژراوە.

هاوپەیمانەكانی ئۆكراینا چی دەڵێن؟

هاوپەیمانە ئەوروپیەكانی ئۆكراینا پێداگرییان لەسەر ئەوە كردووە كە هەر دانوستانێكی ئاشتی لەگەڵ مۆسكۆ دەبێت كیێڤیش بگرێتەوە.

ئەو هەڵوێستە لە راگەیەندراوێكی هاوبەشی سەركردەكانی بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، پۆڵەندا، فینلاند و كۆمیسیۆنی ئەوروپادا هاتە ئاراوە.

لای خۆشییەوە بەرپرسێكی كۆشكی سپی ڕایگەیاند، ترەمپ ئامادەیە كۆبوونەوەیەكی سێ لایەنە لەگەڵ زێلینسكی ئەنجام بدات، بەڵام بۆ ئێستا لەسەر داوای سەرۆكی روسیا كۆبوونەوەكە تەنها لە نێوان ترەمپ و پوتین بەڕێوەدەچێت.

ئەگەری كۆبوونەوەیەكی سێ قۆڵی تا چەندە پێشبینی دەكرێت؟

ترامپ پێشتر ڕایگەیاندبوو كە ڕەنگە سەرەتا بە تەنها لەگەڵ پوتین كۆببێتەوە، بەڵام سەرۆكی ئەمەریكا هەروەها ڕایگەیاندووە "چانسی" كۆبوونەوەی سێ لایەنە لەگەڵ پوتین و زێلینسكی هەیە.

ئایا پوتین بە كۆبوونەوەیەكی لەو شێوەیە ڕازی دەبێت یان نا، ڕوون نییە، ناوبراو چەندین جار ڕەتیكردۆتەوە بەشداری گفتوگۆی ڕاستەوخۆ بكات و لە سەرەتای دەستپێكردنی لەشكركێشی تەواوەتی بۆ سەر ئۆكراینا زیاتر لە سێ ساڵ لەمەوبەر دوو سەركردە ڕووبەڕووی یەكتر نەبوونەوە.

ئەمەریكا و روسیا چیان لە كۆبوونەوەكە دەوێت؟

ترەمپ چەندین جار ئامانجی خۆی بە ڕوونی ڕاگەیاندووە، ئەویش كۆتاییهێنان بە شەڕە، كە یەكێك بوو لە بەڵێنەكانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی، وتووشییەتی هەرچی لە توانای دا بێت دەیكات بۆ ئەوەی كۆتایی بە خوێنڕێژی بهێنرێت.

لە كاتێكدا روسیا و ئۆكراینا هەردوو وڵات دەیانەوێت كۆتایی بە شەڕ بهێنن، بەڵام هاوكات داواكاری گەلێكیان هەیە كە لایەنی بەرامبەر بە توندی دژایەتی دەكات.

ئۆكراینا بە ڕوونی ڕایگەیاندووە كە كۆنترۆڵی روسیا بەسەر ئەو خاكانەدا قبوڵ ناكات كە دەستی بەسەردا گرتووە، بەتایبەتی كریمیا.

لە بەرانبەردا تا ئێستا پوتین لە زۆرترین داواكارییەكانی لەسەر خاكی ئۆكراینا و بێلایەنی و قەبارەی داهاتووی سوپای ئۆكراینا پاشەكشەی نەكردووە، بەڵام كۆشكی سپی هەوڵدەدات بە پلانێكی ئەگەری هەردوولا ئارام بكاتەوە.

بەپێی هەواڵێكی هاوبەشی بی بی سی و  سی بی ئێس نیوز، ئیدارەی ترەمپ هەوڵدەدات سەركردەكانی ئەوروپا ڕازی بكات بۆ قبوڵكردنی ڕێككەوتنی ئاگربەست كە بەشێك لە خاكی ئۆكراینا ڕادەستی روسیا دەكات.

بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان لەم بابەتە، ئەو ڕێككەوتنە ڕێگە بە روسیا دەدات كۆنترۆڵی نیمچە دوورگەی كریمیا بپارێزێت و دەست بەسەر ناوچەی دۆنباس لە ڕۆژهەڵاتی ئۆكراینا بگرێت، لەنێویاندا دۆنێتسك و لوهانسك.

ئەوەش لە كاتێكدایە روسیا لە ساڵی 2014دا بە شێوەیەكی نایاسایی كریمیای داگیركرد و هێزەكانی زۆربەی ناوچەی دۆنباسیان كۆنترۆڵكرد، بەپێی پلانەكە روسیا دەبێت لە ناوچەی خێرسۆن و زاپۆریژیا بكشێتەوە، كە لە ئێستادا بەشێكی لە ڕووی سەربازییەوە كۆنترۆڵی دەكات.

بۆچی كۆبوونەوەكە لە ئالاسكا بەڕێوەدەچێت؟

چەند هۆكارێك هەیە بۆ ئەوەی كۆبوونەوەكە لە ئالاسكا بەڕێوەبچێت، ئالاسكا خاكی ئەمەریكایە، ئەمەش لەبواری ئەمنی ئاسانكاری زۆر دەكات.

هەروەها ترەمپ دەخاتە دۆخێكەوە كە میوانداری هاوتا روسیەكەی بكات لەو خاكەی كە ئەمەریكا زیاتر لە سەدە و نیوێك لەمەوبەر لە روسیا كڕیبووی.

لای خۆیەوە یوری ئوشاكۆڤ، یاریدەدەری سەرۆكی روسیا ڕایگەیاند، شوێنەكە "بەتەواوی لۆژیكییە"، ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو دوو وڵاتە دراوسێی یەكترن و بەهۆی گەرووی بێرینگەوە لەیەكتر جیابوونەتەوە.

دوایین جار كە ئالاسكا میوانداری بۆنەیەكی گەورەی دیپلۆماسی ئەمەریكای كرد لە مانگی ئازاری ٢٠٢١ بوو، كاتێك تیمی تازە دەستنیشانكراوی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نیشتمانی جۆ بایدن سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا لەگەڵ هاوتا چینییەكانیان لە ئەنكۆرەیج كۆبوونەوە.

لەلایەكی دیكەوە ئەمەریكا ئەندامی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەكان نییە، كە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ پوتین دەركردووە، هەروەها دان بە دەسەڵاتی دادوەریدا نانێت، بۆیە مەترسی دەستگیركردنی نییە ئەگەر بۆ گفتوگۆ گەشت بكات.

كۆبوونەوە ڕاستەوخۆكانی پێشوو  چۆن بووە؟

ترەمپ و پوتین لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا بە تەلەفۆن قسەیان كردووە، بۆ یەكەمجار لە دوای داگیركردنی تەواوی ئۆكراینا لەلایەن روسیا لە ساڵی 2022.

دوای ماوەیەكی كەم لەو پەیوەندییە، ترەمپ ڕایگەیاند كە دانوستانەكانی نێوان ڕووسیا و ئەمەریكا دەست پێدەكات، هەروەها هەردوو سەركردە ڕێككەوتن لەسەر سەردانی وڵاتانی یەكتر.

دوایین جار كە سەرۆكێكی ئەمەریكا بە شێوەیەكی كەسیی لەگەڵ پوتین كۆبووەوە لە ساڵی ٢٠٢١ بوو، پێش داگیركردنی ئۆكراینا لەلایەن روسیا؛ كاتێك جۆ بایدن لە لوتكەی جنێڤ لە سویسرا لەگەڵ سەرۆكی روسیا كۆبووەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی