ئەعرەجی: لێکتێگەیشتنەکەمان لەگەڵ ئێران لەبارەی پارتە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانە

#لاریجانی#ئەعرەجی#یاداشتی لێکتێگەیشتن#ئێران#عێراق
2 ڕۆژ لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی رەتیکردەوە لەگەڵ ئێران رێککەوتنی نوێیان کردبێت، ئاشکرای کرد یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەیان سەبارەت بە پاراستنی ئاسایشی سنورەکان و سنوردارکردنی پارتە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانە کە لە هەرێمی کوردستانن.
Primary Asset

سبەی

راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی رەتیکردەوە لەگەڵ ئێران رێککەوتنی نوێیان کردبێت، ئاشکرای کرد یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەیان سەبارەت بە پاراستنی ئاسایشی سنورەکان و سنوردارکردنی پارتە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانە کە لە هەرێمی کوردستانن.

لە رونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە ئیمزاکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق و عەلی لاریجانی ئەمینداری ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، راگەیاندنی ئاسایشی نیشتیمانی بڵاوی کردەوە؛ عێراق رێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە، کە لە 19ـی ئازاری 2023 واژۆ کراوە، کە بە رێککەوتنی ئەمنی هاوبەشی ئاسایشی سنوور و رێوشوێنەکانی سنوردارکردنی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێران کە لە هەرێمی کوردستانن، ناسراوە.

ئاماژەی بەوەکردووە؛ هەماهەنگی زیاتر کراوە بۆ ئەوەی ئەو رێککەوتنە ئەمنییە بکرێتە یاداشتی لێکتێگەیشتن لەسەر ئاستی ئاسایشی سنورەکان و هەماهەنگی ئاسایشی پەیوەست بە ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێران کە لە هەرێمی کوردستانن بە هەر پێنج حیزبەکەوە، یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە خراوەتە بەردەستی ئەنجومەنی وەزیران و بە بڕیاری ئەنجومەنیش واژۆی لەسەر کراوە.

راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئاشکرای کردووە، پێش سەردانی عەلی لاریجانی ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسیشی نەتەوەیی ئێران، بڕیاربووە دکتۆر ئەحمەدیان ئەمینداری پێشوو بۆ ئەو مەبەستە سەردانی عێراق بکات. دوای دامەزراندنی عەلی لاریجانی و سەردانی بۆ بەغداد یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیرانی عێراق واژۆ کراوە.

لە رونکردنەوەکەدا هاتوو، پێش هێرشەکانی ئیسرائیل یاداشتەکە ئامادەکراوە و کاتی پێویستی خۆی وەرگرتووە و ئامادەبووە و لەگەڵ سەردانەکەی لاریجانی واژۆی لەسەر کراوە.

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ رێککەوتنێکی ئاسایشی لە نێوان هەردوو وڵاتدا نییە، بەڵکو یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی ئەمنییە. کەناڵەکانی راگەیاندن دەستکردەکان پێویستە وریا بن لە کاتی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکان و پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن.

ئامانجی سەردانەکەی لاریجانی

رۆژی سێشەممە (12ـی ئابی 2025) عەلی لاریجانی بە سەردانێک گەیشتە بەغداد و دواتر بەسەردانێک چووە بەیروت، بە پێچەوانەی ئەوەی میدیا فەرمییەکانی ئێران بانگەشەیان بۆ دەکرد و سەردانەکەی عەلی لاریجانیان لە واژۆکردنی رێککەوتنێکی ئەمنی، تایبەت بە ئاسایشی سنوورەکان بووە، بەڵام سەرچاوە عێراقییەکان دەڵێن ئەمینداری گشتی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، دوو ئامانجی رانەگەیەندراوی لەسەردانەکەیدا هەبووە. 

یەکەمیان، ئاشتکردنەوەی حکومەتی عێراقە لەگەڵ گروپە چەکدارییەکان بەتایبەتی کەتیبەکانی حزبوڵڵا، چونکە بڕوای ئێرانییەکان وایە، ناکۆکییەکانی ئێستای نێوان ئەو دوو لایەنە، دەبێتە ئاستەنگ لەبەردەم تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی، کە لە کاتی تێپەڕاندنیدا دەسەڵاتەکانی ئەو هێزە زیاتر و زیاتر دەکات و دەیباتە قۆناغێکی نوێوە.

ئامانجی دووەمی ئێران، کە دکتور ئیحسان شەمەری سەرۆکی ناوەندی هزری سیاسی عێراق باس یکردووە، دەیەوێت کارتەکانی رێکبخاتەوە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانە عێراقییەکان (بەتایبەتی شیعەکان بەهێز بکات)، چونکە تاران ئێستا هەستی بەوە کردووە، کە جەنگەکەی لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل دەستپێدەکاتەوە، سەردانەکەی عەلی لاریجانیش بۆ عێراق و لوبنان، ئامادەکردنی ئەو هێزانەیە بۆ دەستپێکردنی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.

ئیحسان شەمەری باسی لەوەکردووە، حکومەتی عێراق و لوبنان لە نێوان دوو بەرداشدان، یەکەمیان فشارەکانی ئەمەریکایە، بۆ چەکداماڵینی گروپە چەکدارییەکان (لەعێراق حەشدی شەعبی، لە لوبنان حزبوڵڵا)، دووەمیان خواستی ئێرانە بۆ هێشتنەوەی چەک لە دەستی ئەو دوو هێزەدا، کە یارییەکانیان لە سایە و سێبەری ئێراندا دەکەن.

ئێران چی دەوێت؟

بەپێچەوانەوە دکتۆر ئەیاد عەنبەر مامۆستای زانستە سیاسسیەکان لە زانکۆی نەهرەین، بڕوای وایە ئێران کارتی گروپە چەکدارییەکان بەکاردەهێنێت، بۆئەوەی لە هەر گفتوگۆیەکی داهاتووی لەگەڵ ئەمەریکادا مامەڵەیان پێوەبکات.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی