کەمتر لە چوار مانگى دیکە رێککەوتنەکە کۆتایی دێت؛ عەرەبەکانى کەرکوک داواى رونکردنەوە لە یەکێتى دەکەن

#کەرکوک#یەکێتى
11 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 11 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • وەزیری پلاندانانی عێراق وەڵامی لێدوانەکانی ئەحمەد کەرکوکى ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمان کوردستانی دایەوە، سەبارەت بە رادەستنەکردنی پۆستی پارێزگاری کەرکوک. دووپاتیشی کردەوە کە ڕێککەوتنەکە لەلایەن بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی حزبەکەوە واژۆ کراوە و ماوەی ڕێبوار تەها وەک پارێزگار کۆتایی ئەمساڵ کۆتایی دێت، دوو ئەندامی عەرەبی ئەنجومەنی شارەکەش داوای ڕونکردنەوە لە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەکەن، دەڵێن هەڵوێستەکەی ئەحمەد فاتح، رەنگە بمانباتەوە بۆ خاڵی سەرەتا.
Primary Asset

سبەى

پێش کەمتر لە چوار مانگ لە کۆتایی هاتنى رێککەوتنى تایبەت بە دابەشکردنى پۆستەکانى کەرکوک، عەرەبەکان داواى رونکردنەوە لە یەکێتى نیشتمانى کوردستان دەکەن، دواى ئەوەى ئەندامێکى ئەو حزبە لە ئەنجومەنى پارێزگاى شارەکە جەختیکردەوە کە حزبەکەى پۆستى پارێزگار رادەست ناکات.

محەمەد عەلی تەمیم وەزیری پلاندانانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بە نوێنەرایەتی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان رایگەیاندووە، هیچ پرەنسیپێکی ئاڵوگۆڕی پۆست لە کەرکوک نییە".

تەمیم دووپاتی کردەوە کە "بەڵگەنامەی ڕێککەوتنە واژۆکراوەکە ئەمەی دیاریکردووە، دڵنیام کە ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگا، یان ئەم بەڵگەنامەیەی نەبینیوە، یان خۆی لە ڕاستییەکان دەدزێتەوە".

وەزیری پلاندانانی عێراق، جەختیشی کردەوە "رێککەوتنەکە لەلایەن بافل تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتییەوە واژۆ کراوە، کە تیایدا ئاڵوگۆڕی پۆستە سەرەکییەکان لە نێوان پێکهاتەکانی کەرکوکدا دیاریکراوە، بەپێی ڕێککەوتنەکە ماوەی ڕێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک، لە شەوی 31ی کانوونی یەکەمی 2025 کۆتایی دێت".

رۆژی 15ی ئابی 2024 رێبوار تەها لە پشکى یەکێتى وەک پارێزگاری کەرکوک دەستبەکاربوو. سەرەڕای بایکۆتی تورکمان و پارتی دیموکراتی کوردستان و چەند ئەندامێکى عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک.

هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکوک دوای ئەوە هات کە نۆ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک (پێنج لە یەکێتی و سێ عەرەب و یەک مەسیحی) لە هۆتێل ڕەشید لە بەغداد کۆبوونەوە و لەسەر پێکهێنانى ئیدارەى خۆجێى و دیاریکردنى پارێزگار رێککەوتن.

زاهر ئەنوەر عاسی و ڕەعد ساڵح (کە دوو ئەندامی عەرەبی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکن) لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، نیگەرانی خۆیان لە لێدوانەکانی ئەحمەد کەرکوکى دەربڕی، کە لە میانی چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بەوەکرد "هیچ بەڵگەنامەیەکی فەرمی سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری کەرکوک و دابەشکردنی دەسەڵات لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەدا نییە".

لە بەیاننامە هاوبەشەکەیاندا زاهر ئەنوەر عاسی و ڕەعد ساڵح ، هۆشداریشیان دا لەوەی ئەم هەڵوێستە ڕەنگە پرسەکان بگەڕێنێتەوە بۆ "چوارگۆشەی یەکەم" و هەڕەشەی تێکدانی ڕێککەوتنە سیاسییەکە بکات.

داواشیان لەو لایەنە سیاسیانە کردووە کە ڕێککەوتنەکەیان واژۆ کردووە، بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن، جەختیشیان لەسەر پێویستی ڕوونکردنەوەی هەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەسەر لێدوانەکانی ئەحمەد کەرکوکى کردەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی