لە مەراسمی چلەدا نزیکەی 4 ملیار پەرداخ ئاو و 422 ملیۆن ژەمە خۆراک بێبەرامبەر دابەشکراوە

#مەراسیمی چلە#ئاو#خۆراک#گواستنەوە#کەربەلا
10 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • ناوەندێکی توێژینەوە ئاشکرای دەکات، لە مەراسیمی چلەی ئیمام حسێندا کە هەفتەی رابردوو بەڕێوەچوو، 3.8 ملیار پەرداخ ئاوی خواردنەوە و زیاتر لە 422 ملیۆن ژەمە خۆراک بێبەرامبەر بەسەر زیارەتکاراندا دابەشکراوە.
Primary Asset

سبەی

ناوەندێکی توێژینەوە ئاشکرای دەکات، لە مەراسیمی چلەی ئیمام حسێندا کە هەفتەی رابردوو بەڕێوەچوو، 3.8 ملیار پەرداخ ئاوی خواردنەوە و زیاتر لە 422 ملیۆن ژەمە خۆراک بێبەرامبەر بەسەر زیارەتکاراندا دابەشکراوە.

ناوەندی نەجەف بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی، راپۆرتێکی شۆکهێنەری لەبارەی  ئەو ئاو و خۆراکانەوە بڵاوکردوەتەوە کە لە مەراسیمی چلەی ئیمام حسێندا دابەشکراوە، کە پێشتر هاوشێوەی نەبووە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بەپێی ئامارە سەرتاییەکان لە مەراسیمی چلەی ئیمام حسێندا کە هەفتەی رابردوو لە کەربەلا بەڕێوەچوو، 3.798.634.320 زیاتر لە سێ ملیار و 798 ملیۆن پەرداخ ئاوی خواردنەوە بەسەر زیارەتکاراندا دابەش کراوە، هەر سەردانیکارێکی چلە رۆژانە لایەنی کەم 45 پەرداخ ئاویان بەرکەوتووە.

هەر پەرداخێک ئاو بە 170 ملیلیتر و هەر شەش پەرداخێک ئاویش بە یەک لیتر خەمڵێنراوە.

ئەو ژمارانەی بڵاوکراونەتەوە تەنها ئاوی خواردنەوە بوون، جگە لەو بڕە زۆرەی ئاو کە بۆ ئامادەکردنی خۆراک و پاککردنەوە و پێداویستییەکان دیکەی رۆژانە بەکارهاتوون.

ناوەندەکە راپۆرتێکی دیکەی لەسەر بڕی خۆراکی دابەشکراو بڵاوکردووەتەوە و ئاشکرای کردووە، لە مەراسیمی چلەدا زیاتر لە 422 ملیۆن ژەمە خۆراک بەسەر زیارەتکاراندا دابەش کراوە، کە هەر زیارەتکارێک بە تێکڕا رۆژی 5 ژەمە خۆراکی بەرکەوتووە، وەک ژەمی سەرەکی لە مەراسیمی چلەدا.

ئاماژەی بەوەکردووە؛ ئەوە ژەمە سەرەکیی و دیارەکانە جگە لە هەزاران ژەمە خۆراکی دیکە کە لەلایەن خێرخوازان و لەسەر رێگا سەرەکییەکان بەسەر سەردانیکاران و زیارەتکاراندا دابەشکراوە.

ناوەندی نەجەف بڵاوی کردوەتەوە، ئەو ئامارانە ئاماژەیە بۆ ئەو هەوڵانە کە لە روی خزمەتگوزارییەوە لەلایەن دەستەکان و خۆبەخشانەوە دابەشکراوە، هەروەک قەبارەی ئەو پێداویستییە لۆجستیانە دەردەخات کە بۆ سەردانیکاران و بەشدارانی چلە تەرخانکراوە کە لە 20 رۆژی مەراسیمەکە بەڕێوەدەچێت، لە یەک تا 20ـی مانگی سەفەر دەخایەنێت.

بەپێی راپۆرتەکە، کۆی گشتی ژمارەی سەردانیکارانی چلە گەیشتوەتە 21 ملیۆن و 103 هەزار کەس لەم ساڵدا، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 4 ملیۆن کەسیان سەردانیکاری دەرەوە بوون، پشکی شێر بەر سەردانیکارانی ئێرانی دەکەوێت کە ژمارەیان 3 ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە.

لەلایەکی دیکەوە، قاسم یەساری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەربەلا رایگەیاند: ئەوەی لە سنوری پارێزگاکەیان رویداوە سەرکەوتنێکی گەورە بووە لە روی پلانی ئاسایش و خزمەتگوزارییەوە.

دوای تەوابوونی مەراسیمی چلە، پرۆسەی گەڕانەوەی سەردانیکاران دەستیپێکردووە بۆ وڵاتان و پارێزگاکانی خۆیان و بۆ ئەوەش کۆی سیستمی گواستنەوەی گشتی خراوەتە خزمەتیانەوە لە پارێزگای کەربەلاوە بۆ پارێزگاکانی بەغداد، نەجەف و بابل.

ئاماژەی بەوەکردووە؛ دەستەی حەج و عومرە زیاتر لە 2400 پاسی گواستنەوەی گشتی بەسەرجەم خزمەتگوزارییەکانەوە دابینکردووە بۆ گەڕاندنەوەی زیارەتکاران بەبێ بەرامبەر.

هەر لەوبارەیەوە، کۆمپانیای گشتی هێڵی ئاسنی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە ئاشکرای کرد، بۆ پڕۆسەی گەڕاندنەوەی سەردانیکارانی مەراسیمی چلە، زیاتر لە 100 گەشتیان بە شەمەندەفەرەکان ئەنجامداوە و پێشبینی دەکەن ژمارەی گەشتەکان بگاتە زیاتر لە 120 گەیشت، بەهۆی زۆری گەڕانەوەی ژمارەی سەردانیکارانەوە.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی