چەند کەسێکی بەتەمەن
سبەی
نهێنییەکانی تەمەن درێژیی، زۆربەمان بەدوایدا دەگەڕێین، بەڵام لێکۆڵینەوەیەکی زانستی پەردەی لە سەر بەشێک لە هۆکارەکانی تەمەن درێژیی لادا، کە یەکێکیان دوورکەوتنەوەیە لەدەرمانی کیمیایی، بە گشتیش ئەو کەسانەی کە تەمەنیان 100 ساڵ یاخود زیاترە، کەمتر نەخۆش دەکەون.
توێژینەوەیەکی سویدی کە لە لە گۆڤاری GeroScience بڵاوکراوەتەوە، پێداچوونەوەی بە داتا مێژووییەکانی ئەو کەسانە کردووە، کە تەمەنیان لە سەرووی 60 ساڵەوە و لە نێوان ساڵانی 1912 بۆ 1922 لەدایکبوون.
دەرکەوتووە، ئەوانەی تەمەنیان لە 100 ساڵ زیاترە، مەترسییەکانی نەخۆشییەکانی تایبەت بە تەمەنیان لەسەر کەمترە، جگە لە شکانی ئێسکەکان، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەو کەسانەی تەمەنیان دەگاتە 100، لە ژیانیاندا کەمتر دوچاری نەخۆشی بوون.
توێژەران ئاماژەیان بەوە کردووە، کە ئەم دۆزینەوانە بە پێچەوانەی ئەو تێڕوانینەوەیە کە تەمەنی درێژ بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی نەخۆشییەکان دەبەستنەوە، توێژەوەران بەدواداچوونیان بۆ کەسە تەمەن زۆرەکان کردووە، بە لەبەرچاوگرتنی تەمەنی مردنیان و ئاڵۆزییە پزیشکییەکان، وەک جەڵتەی مێشک، لاوازی و شکستی ماسولکەکانی دڵ، شکانی ئێسکەکان و جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجە.
لە توێژینەوەیەکی دیکەدا کە لە ڕۆژنامەی The Lancet بڵاوکراوەتەوە، ئەو دەرئەنجامە خراوەتەڕوو، کە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان باوترین دەستنیشانکردنە لە هەموو تەمەنەکاندا، بەڵام ئەوانەی تا 100 ساڵ و سەرووتر دەژین، کەمترین کەیسی ئەو بارودۆخە تەندروستییەیان هەبووە.
ئەوەشیان بۆ دەرکەوتووە، گرێ شێرپەنجەییەکان، زیاتر لە تەمەنی سەد ساڵاندا باو بوون، لەکاتێکدا نەخۆشییە دەمار و دەروونییەکان، وەک دڵەڕاوکێ و خەمۆکی، کەمتر باو بوون.
نەریتییەکان
مەیسی سمیس، کە پزیشکی پیرەکانە لە بنکەکەیەکی خانەی بەساڵاچوان لە کارۆلینای باشوور لە ئەمەریکا، ئاشکرایکردووە "بە ئەزمونی خۆی ئەوانەی تەمەنیان دەگاتە 100 ساڵ یان زیاترن، بەرکەوتەی زۆری دەرمانی مۆدێرن نەبوون، زیاتر پشتیان بە چارەسەری سروشتی و خۆراکی ئۆرگانیک بەستووە".
سمیس ئاماژەی بەوەدا کە تەکنەلۆژیای مۆدێرن و پەیوەندییە جیهانییەکان کە بۆ کەسە بەتەمەنەکان لەبەردەستدا نەبوون، ڕەنگە بەشداربن لە هۆکاری تەمەن درێژیان وراگرتنی تەندروستی دەروونییان. ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەوان تەنیا بیریان لە کارەکانی خۆیان دەکەنەوە، ئەم هۆکارە تەمەن درێژدەکاتەوە"، بەڵام کاتێک بیر لە کاروباری کەسانی دیکە دەکەیتەوە، کێشەکانیان دەگریتە ئەستۆ، ئاستی فشار زیاد دەکات، ئەمەش پێی دەوترێت زەبر و زەنگی جێگرەوە، کە بەدڵنیایەوە تەمەن کەمدەکاتەوە.
پزیشکەکە دەڵێت بڕیاردانی شێوازی ژیانی تەندروست لە سەرەتاوە مەترسی ئاڵۆزییەکانی داهاتوو بە شێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر تەمەن دەبێت.
لە کۆتاییدا سمیس پێشنیاری پەیڕەوکردنی ڕێجیمێکی تەندروست دەکات، بە ڕێژەیەکی کەم لە چەوری و خوێ، دوورکەوتنەوە لە خۆراکە ئامادەکراو و خێراکان، خۆپارێزی لە فشاری دەروونی، پەیوەندیکردن لەگەڵ خێزان و هاوڕێیان، بەشداریکردن لە چالاکییە جەستەییەکان و خەوتنی پێویست، کە ئەمانە دەبنە هۆی درێژکردنەوەی تەمەن و باشترکردنی کوالیتی ژیان".