بکوژ، رفێنەر، ساختەکاری دراو؛ ئەو کاندیدانەی لەهەڵبژاردنی عێراق دوورخراونەتەوە

#عێراق#هەڵبژاردن#کاندید#کۆمسیۆن#ساختەکار#رفێنەر#بکوژ
14 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 14 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • بەپێی لیستە دزەپێکراوەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی ئەو کاندیدانەی کە لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دوورخراونەتەوە، تا ئێستا 130 کەسی تێپەڕاندووە، سەرچاوەیەکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش، بەدیاریکراوی ژمارەکەی ئاشکراکردووە، وتویەتی 23 ناوی تر بۆ لیستی رەشی کۆمیسیۆن زیادکراون، بەوەش کۆی گشتی کاندیدە دورخراوەکان گەیشتۆتە 137 کاندید، بەڵام کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان تاکو ئێستا بە فەرمی بێبەشکردنی 68 کاندیدی راگەیاندووە.
Primary Asset

دیمەنی خۆپیشاندانێک لە عێراق

سبەی

دورخراوەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، 130 کاندیدی تێپەڕاند، سێ کاندید بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دورخراونەتەوە، 500 کاندیدیش رێکارەکانی یاسای ریشەکێشکردنی حیزبی بەعس دەیانگرێتەوە.

بەپێی لیستە دزەپێکراوەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی ئەو کاندیدانەی کە لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دوورخراونەتەوە، تا ئێستا 130 کەسی تێپەڕاندووە، سەرچاوەیەکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش، بەدیاریکراوی ژمارەکەی ئاشکراکردووە، وتویەتی 23 ناوی تر بۆ لیستی رەشی کۆمیسیۆن زیادکراون، بەوەش کۆی گشتی کاندیدە دورخراوەکان گەیشتۆتە 137 کاندید، بەڵام کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان تاکو ئێستا بە فەرمی بێبەشکردنی 68 کاندیدی راگەیاندووە.

بەگوێرەی بەڵگەنامەکان، ئەو کەسانەی دوورخراونەتەوە، دەستیان لە تاوانی کوشتن و رفاندن و تەقەکردن و هەروەها ساختەکاری و ئیفادەی درۆدا هەیە.

زۆربەی ئەوانەشی لەلایەن کۆمیسیۆنەوە رێگای کاندیدبوونیان لە هەڵبژاردەی پەرلەمانی عێراق لێقەدەغەکراوە،  سەر بە گروپە چەکدارەکان و لیستە حکومییەکان و ئەوانەن کە پەیوەندییان بە سەرکردایەتی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە هەیە.

هاوکات تا ئێستا ناوی ئەو کەسانە ئاشکرا نەبووە کە یاسای ریشەکێشکردنی بەعس دەیانگرێتەوە، کە رەنگە چەند کەسایەتییەکی ناسراوی تێدا بێت، بەڵام بەپێی زانیارییەکان، پێدەچێت نزیکەی 500 کاندید بخرێنە ژێر رێکارەکانی ریشەکێشکردنی بەعس و یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەی بیانگرێتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان مەزەندە دەکات کە نزیکەی هەشت هەزار کاندید بەشداری لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی پەرلەماندا بکەن، کە بڕیارە لە 11/11/2025 بەڕێوەبچێت.

جومانە غەلای وتەبێژەی کۆمیسیۆنەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بڕیارەکانی کۆمیسیۆنەکە؛ بەهۆی پێشێلکردنی مادەی 3/7ی یاسای هەڵبژاردن ژمارە 12ی ساڵی 2018 ەوە، کە جێگیریی کردووە، کاندیدەکان خاوەن هەڵسوکەوت و رەفتاری باش بن،  بە تاوانێکی گەورە سزا نەدرابن کە پەیوەندی بە گەندەڵی ئەخلاقی، گەندەڵی کارگێڕی یان داراییەوە هەبێت.

وتەبێژەکەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارەکەی  تایبەت بە بێبەشکردنی کاندیدەکان، دەتوانرێت لە ماوەی سێ ڕۆژدا لە دوای بڵاوکردنەوەی، تانەی لێبدرێت لە بەردەم دەسەڵاتی دادوەریدا، هەروەها بڕیارەکەی دەسەڵاتی دادوەری کۆتاییە و پابەندکەرە بۆ هەمووان".

هۆکارەکانی بێبەشکردنی کاندیدەکان

"تاوانی شەرەف"، "رووخاندنی موڵک و ماڵ"، "دەستبەسەرداگرتنی موڵک"، "ئەخلاقی گشتی"، تەقەکردن، ساختەکردن، کوشتن، رفاندن، هەڕەشەکردن، ئیفادەی درۆ.

تەنها سێ کاندید بەهۆی کوشتنی بە ئەنقەست بێبەش کراون، لەوانە بەرپرسێکی پێشووی ئەمنی نەینەوا و کاندیدێکی ڕێکخراوی بەدر کە هادی عامری سەرۆکایەتی دەکات.

سەبارەت بە دۆسیەکانی رفاندن، کاندیدێک لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای نوری مالیکی، تۆمەتبار کراوە بە "ساختەکردن" و "هەڕەشە".

لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا، 28 کاندید بە تۆمەتی جۆراوجۆر، ساختەکاری دارایی، بەرتیل، ساختەکاری پەڕاوە فەرمییەکان، دزی، ڕاپۆرتی ناڕاست،هەڵسوکەوتی نادروست" بێبەش کران، دوو کاندیدی دیکەش بەهۆی ئەوەی "لێبوردنی گشتی" دەیانگرێتەوە، خۆکاندیدکردنیان قەدەغەکرا.

کاندیدە دیارەکان خۆکاندیدکردنیان قەدەغەکرا

تا ئێستا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمی لەسەر قەدەغەکردنی کاندیدە ناسراوەکان (سیاسەتکاران یان سەرکردە سەربازییەکان) لە هەڵبژاردن، یان هۆکاری وردی قەدەغەکردنیان ئاشکرانەبووە.

بۆ نمونە، نەجم جبوری ( فەرماندەیەکی سەربازی ناسراو کە دژی داعش شەڕی کردووە)  دواتر بوو بە پارێزگاری نەینەوا،بەڵام لە ساڵی 2023دا پێش دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی، لە کاندیدبوون بێبەشکرا، بەهۆی “ڕێکارەکانی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری کە تایبەتە بە ریشەکێشکردنی حیزبی بەعس.

دوورخستنەوەی جبوری لە کاتێکی هەستیاردا بوو، پێش هەڵبژاردنی پارێزگاکانی ساڵی 2023، ئەمەش وایکرد کە نەتوانێت خۆی کاندید بکات. کوڕەکەی عومەر جبوری لەبری ئەو خۆی کاندید کرد و کورسییەکی لە نەینەوا بەدەستهێنا. بەڵام بەپێی دوایین لیست و لێدوانەکانی کۆمسیۆن، جبوری گەورە ئەمجارە بەهۆی "دۆسیەی گەندەڵی" پەیوەست بە زیانگەیاندن بە سامانی گشتی دوورخراوەتەوە.

هەر بەهەمان هۆکاری “بەعسی بوون”، عەبدولغەنی ئەسەدی، سەرۆکی پێشووی دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، کە لە ساڵی 2021دا وەک راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و پارێزگاری زیقار کاری کردووە، دوورخراوەتەوە.

هەروەها سۆشیال میدیا و پلاتفۆرمەکانی هەواڵ ناوی "بەعسییەکان"یان بڵاوکردەوە کە لە کێبڕکێکردن لە لیستی "ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان"ی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیران دوورخراونەتەوە، دیارترینیان: ئیسماعیل هەلوب ( کە بەرپرسێکی پێشووی پارێزگای سەلاحەدینە)، هەیسەم زەهوان (پەرلەمانتاری ئێستا)،  مەزاحم تەمیمی (پەرلەمانتاری پێشوو).

لە نێو ئەو ناوانەی کە تۆمەتبارکراون بە گەندەڵی و دورخراونەتەوە، جەمال کەربولی (سەرۆکی کوتلەی چارەسەر)، ئەحمەد جبوری ناسراو بە "ئەبو مەزن" (پارێزگار و جێگری چەند خولێک و وەزیری پێشووتر)، دوڕەید حیکمەت ( مەسیحی و بەرپرسی پێشووی کشتوکاڵ لە نەینەوا)،  لوقمان نەجم (پەرلەمانتاری پێشوو) ، سدیق مەدلول (پارێزگاری پێشووی بابل)، سەلام شەنان  لە هاوپەیمانییەکەی مالیکین.

بەکورتی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا (٥ کاندید) ،  هاوپەیمانی سەرۆک وەزیران (٤ کاندید)، گروپە چەکدارییەکان (10 کاندید)، هاوپەیمانیەکەی عەمار ئەلحەکیم (کاندیدێک) ، ئەنجومەنی باڵا (5 کاندید)، پارتی دیموکراتی کوردستان (2 کاندید)، هاوپەیمانییەکەی سابت عەباسی (3 کاندید)، هاوپەیمانیەکەی محەمەد حەلبوسی (کاندیدێک)، هاوپەیمانییەکەی موسەنا سامەرائی (کاندیدێک)یان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دورخراونەتەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی