سبەى
ئەحمەد شەرع سەرۆکى سوریا هەوڵەکانى دابەشکردنى سوریا بە خەون و خۆکوژى دادەنێت، بۆئەوەش ئاماژە بە هەوڵى دابەشکردنى عێراق دەدات، لە ئاماژەیەکدا بۆ ریفراندۆمى هەرێمى کوردستان بەبێ ئەوەى ناوى پڕۆسەکە بهێنێت.
ئەحمەد شەرع لەمیانەى کۆبوونەوەى لەگەڵ ژمارەیەک لە وەزیرەکان و ئەکادیمى و سیاسییەکانى سوریا وتى "سوریا مەترسی دابەشبوونى لەسەر نییە، هەندێ کەس خواستى دابەشکردن و دروستکردنى کانتۆنی ناوخۆیی و ناوچەییان هەیە، بەڵام لەرووى مەنتیفى و سیاسی و عورفى و عەقڵییەوە، ئەوە مەحاڵە رووبدات".
وتيشى "بارودۆخى ئێستا و نەخشەى ئێستا لەسەر بنەماى جەنگى جیهانى یەکەم کێشراوەپاشماوە و کاریگەرییەکانى جەنگى جیهانى دووەم گۆڕانکاریی بچوکى لێکەوتەوە، گۆڕینى نەخشەى ئێستا لەسەر ئاستى جیهانى مەترسییەکى گەورەیە و زۆر قورسە جێبەجێ بکرێت، لەبەرئەوەى هەندێ ناوچە جەنگى وێرانکەرى بەخۆوە بینى بەناونیشانى دابەشبوونەوە".
ئەحمەد شەرع ئاماژەى بەوەکرد، هەندێ لایەن بە پشتیوانى رۆژئاوا و نێودەوڵەتى هەوڵیاندا بۆ دابەشبوون، بەڵام رەزامەندیان بەدەستنەهێنا دواى 30 و 25 ساڵ وەک باشورى سودان بە نمونە، هەرچەندە پشتیوانى نێودەوڵەتییان هەبوو لەکاتێکدا جیهان ئەوکات لەگەڵ حکومەتى سودان نەبوو، بەڵام نەیانتوانى بەشێوەیەکى ئاسان سەربەخۆیی بەدەستبهێنن، لەبەرئەوەى گۆڕینى نەخشەى ئێستا دەبێتە هۆى دوژمنکاریی.
ئەوەشى خستەڕوو، كام شوێن لە جیهان کە دابەشبووبێت لەهەر ناوچەیەکى جیهان خەڵکەکەى ئارەزووى دابەشبوونیان کردووە، لە هەرێمى کەتەلۆنیا لە ئیسپانیا ئێرلەنداى باکور، هەرێمێک لە ئەڵمانیا هەندێک کەس لە تورکیا لە عێراق و شوێنى دیکە.
"هەر شوێنێک سەرکەوتوو بووبێت لە دابەشبوون جيهان لەو پرسە و لە پەسەندکردنى ترساوە بەشێوەیەک لە شێوەکان پشتیوانیان نەکردووە ئەوانەى کە داواى جۆرێک لە جۆرەکانى دابەشبوون دەکەن لە سوریا لەرووى سیاسییەوە نەزانن و خەون دەبینن، زۆرجارئەو بیرۆکەیە خاوەنەکەى بەرەو خۆکوژى دەبات"، ئەحمەد شەرع وایوت.
قسەکانى ئەحمەد شەرع لەکاتێکدایە، بەرپرسانى رۆژئاواى کوردستان چەندینجار جەختیان کردووەتەوە کە ئەوان لەگەڵ دابەشکردنى سوریادا نین و هەوڵى لەو شێوەیە نادەن، بەڵکو داواى لامەرکەزیەتى ئیداریی دەکەن.
مەزڵوم عەبدى فەرماندەى گشتى هەسەدە کە لەئازارى ئەمساڵدا رێککەوتنێکى هەشت خاڵى لەگەڵ ئەحمەد شەرع واژۆکرد، چەندینجار جەختیکردووەتەوە کە دەیانەوێت بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەن و هەوڵى دابەشکردنى سوریا نادەن.
خاڵى یەکەمى رێککەوتنەکە تایبەتە بە گرەنتى مافى سەرجەم هاوڵاتییانى سوریا لە نوێنەرایەتى و بەشداریکردنیان لە پڕۆسەى سیاسی و سەرجەم دامەزراوەکانى دەوڵەت، خاڵى دووەمیش تاییەتە بەوەى کە مافە دەستورییەکانى کورد گرەنتى دەکرێت و کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی ڕەسەنە لە دەوڵەتی سوریا.
لەخاڵى سێیەمى رێککەوتنەکەدا، جەخت لە راگەیاندنى ئاگربەست لەسەرتاسەرى سوریا کراوەتەوە. خاڵى چوارەمیش تایبەتە بە تێکەڵکردنى دامەزراوە سەربازى و مەدەنییەکانى ئیدارەى خۆسەر لەچوارچێوەى سوریا لەناویاندا دەروازە سنورییەکان و فڕۆکەخانە و کێڵگەکانى نەوت و غاز.
بەپێی خاڵى پێنجەمى رێککەوتنەکە، پێویستە گرەنتى گەڕانەوەى سەرجەم ئاوارەکان بکرێت بۆ ناوچەکانیان. هەروەها لەخاڵى شەشەمدا جەخت لە پاڵپشتیکردنى دەوڵەت کراوەتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەى پاشماوەکانى ئەسەد. خاڵى حەوتەمیش تایبەتە بە رەتکردنەوەى دابەشبوونى سوریا.
لەخاڵى هەشتەم و کۆتایی رێککەوتنەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، کە لیژنە تایبەتمەندەکان پێویستە تا کۆتایی ئەمساڵ رێککەوتنەکە جێبەجێ بکەن.