سبەى
ئەمەریکا پێشبینیکردووە ئیسرائیل لە کاتی هێرشى سەدام حوسەین بۆ سەر کوەیت، چەکی ئەتۆمی دژی عێراق بەکاربهێنێت بۆ ڕزگارکردنی ئەو وڵاتە لە داگیرکاری عێراق و وەڵامدانەوەى هێرشە موشەکییەکانى سەر وڵاتەکەى، ئەوەش بەپێی بەڵگەنامە نهێنییەکانى بەریتانیا.
لە ٢ی ئابی ١٩٩٠ هێزە عێراقییەکان لەشکرکێشییان کرد و کوەیتیان داگیرکرد. دوای ئەوەی عێراق ڕەتیکردەوە بکشێتەوە سەرەڕای ئیدانەکردنى جیهانی، هاوپەیمانییەک بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە 17ی 1ی 1991 ئۆپەراسیۆنی گەردەلولى بیابانی دەستپێکرد بۆ دەرکردنی سوپای عێراق. چەندین وڵاتى عەرەبی لەوانە میسر، سعودیە و سوریا پەیوەندییان بەو هاوپەیمانییەوە کرد.
لە وەڵامی هەڵمەتی ئاسمانی هاوپەیمانان، عێراق هێرشی مووشەکی دەستپێکرد کە ئیسرائیل و هێزەکانی هاوپەیمانان کە لە سعودیە جێگیر بوون، کردە ئامانج.
بەپێی بەڵگەنامەکانى نوسینگەی کابینەی ئەوکاتەى بەریتانیا، دوو هەفتە دوای دەستپێکردنی شەڕەکە، هەواڵگریی ئەمریکا هەڵسەنگاندنی بۆ ئەوە کردووە کە پێدەچێت عێراق چەکی کیمیایی "بە زوویی" بەکاربهێنێت، دژی سعودیە و ئیسرائیل.
دان کویل جێگری سەرۆکی ئەوکاتەى ئەمەریکا بە جۆن مەیجەر سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەى بەریتانیای ڕاگەیاندووە، راپۆرتە ئەمریکییەکان "بە دڵنیایی دەزانن" کە عێراق چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت و لەئەگەرى لەو شێوەیەشدا ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی "وەڵامێکی سەختى" هەر هێرشێکی لەو جۆرە دەدەنەوە.
لە میانی کۆبوونەوەکەیان لە لەندەن، هەردوو سەرکردە هەڵوێستی ئیسرائیلیشیان تاوتوێ کرد. لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لەدانبەخۆخۆداگرتن، مەیجەر پێشبینیکرد لە کۆتاییدا ئیسرائیل تۆڵەی خۆی بکاتەوە.
کویل هاوڕابوو لەو بارەیەوە، بەڵام هۆشداری دا لە "کێشەیەکی ڕاستەقینە" ئەگەر سەدام حسێن چەکی کیمیایی دژی ئیسرائیل بەکاربهێنێت و وتى "لە خراپترین حاڵەتدا و ئەگەر هەزاران قوربانی هەبێت، وەڵامی ئیسرائیل رەنگە ئەتۆمی بێت."
نیگەرانیی زیاتر لەلایەن حوسنی موبارەک سەرۆکی میسرەوە پەرەی پێدرا و هۆشداریدا بە مەیجەر کە سەدام ڕەنگە پەنا بۆ چەکی کیمیایی ببات "کاتێک هیچ ڕێگەیەکی دەربازبوونی نامێنێت." ئامۆژگاری هاوپەیمانییەکەی کرد کە هەموو ڕێوشوێنێکی پێویستی خۆپارێزی بگرنەبەر.
دوای دوو هەفتە، موبارەک هۆشدارییەکی دیکەی بۆ واشنتۆن نارد. لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ مەیجەر، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا پشتڕاستیکردەوە کە ئەمریکا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی عێراق لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی ڕابگرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، موبارەک "پشتیوانی تەواوی" بۆ هەڵوێستی سەرۆک جۆرج بوش دەربڕیوە و هۆشداریشیدا کە "نابێت ڕێگە بدەن لەلایەن عێراقییەکانەوە فریو بدرێین".
لەو کاتەدا بەریتانیا دڵنیا نەبوو کە ئایا عێراق توانای هێرشى چەکی کیمیایی لە مەودای دووردا هەیە یان نا. مەیجەر بە پادشاى سعودیەی وتووە ئەگەر عێراق ئەم توانایەی هەبووایە، جێگەی سەرسوڕمانە کە هێشتا بەکارینەهێناوە. هێشتا پێیوابوو عێراق دەتوانێت ئەو جۆرە چەکانە لە مەودای کورتتردا بەکاربهێنێت و هۆشداریشیدا لەوەی هاوپەیمانییەکە پێویستە خۆی بۆ ئەگەری بەکارهێنانیان لە شەڕە وشکانییەکاندا ئامادە بکات. پاشای دڵنیا کردەوە کە هێزەکانی هاوپەیمانان ئامادەکاری باشیان کردووە بۆ تۆڵەکردنەوەى توند.
لای خۆیەوە ئیسرائیل پێداگری لەسەر مافی تۆڵەسەندنەوە لە هێرشە مووشەکییەکان کردووە. وەزیری بەرگری ئەوکاتەى ئیسرائیل بە بوشی ڕاگەیاندووە، "زۆر قورسە" بۆ ئیسرائیل کە لە دۆخى دان بخۆداگرتندا بمێنێتەوە. بەو پێیەى، هێرشەکانی عێراق "زیانێکی بەرفراوان"ی بە ئیسرائیل گەیاندووە.
دواتر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا مەیجەر پرسیاری لە بوش کرد کە ئایا ئیسرائیلییەکان جدین لە تۆڵەسەندنەوە یان نا، بوش لە وەڵامدا وتی کە پێی وایە کە ئیسرائیل بەڕاستی بەدوای پشتیوانی دارایی زیادەی بەرچاوی ئەمەریکادا دەگەڕێت.
هەروەها بەڵگەنامەکانی بەریتانیا ئاشکرای دەکەن کە گروپە لۆبیگەرەکانی لایەنگری ئیسرائیل فشاریان خستووەتە سەر هەردوو حکومەتی ئەمەریکا و ئەوروپا بۆ ئەوەی ئیسرائیل وەک "دەوڵەتێکی هێڵی پێشەوە" لە قەیرانی کەنداودا پۆلێن بکەن- دەستنیشانکردنێک کە شایستەی هاوکاری دارایی زیاتر بێت.
جەیمس بەیکەر وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ستایشی دانبەخۆداگرتنى ئیسرائیلی کرد. ناوبراو بە دۆگلاس هێرد وەزیری دەرەوەی بەریتانیای ڕاگەیاندووە کە ئەمەریکا پشتیوانی لە هەر هەوڵێک دەکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئیسرائیل وەک دەوڵەتێکی هێڵی پێشەوە و بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەو وڵاتە زیانى بەرکەوتووە.
سەرەڕای ئەم هەوڵانە، هەڵسەنگاندنە سەربازی و هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە ئیسرائیل بە باشی پارێزراوە. وەزیری بەرگری بەریتانیا دانی بەوەدانا کە هەموو مووشەکەکان ڕێگرییان لێ نەکراوە بەڵام متمانەی خۆی دەربڕی کە عێراق "توانای نەماوە" هێرشێکی مووشەکی بەرفراوان بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام بدات. ئینگلیزەکان پێیان وابوو ئەم دۆخە یارمەتی ئەمەریکا دەدات ئیسرائیل ڕازی بکات ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بۆ هاوپەیمانییەکە جێبهێڵێت.
دوای ماوەیەکی کەم، پنتاگۆن هەڕەشەی هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل کەمکردەوە. لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە واشنتۆن، گروپی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی پنتاگۆن شاندێکی سەربازی بەریتانیا دڵنیاکردەوە کە ٩٤ مووشەکهاوێژی پاتریۆت لە سەرانسەری ئیسرائیلدا جێگیرکراون.