لوتکەى داهاتوو لە مۆسکۆیە؛ پێنج پەیام لە لوتکەی ئالاسکاوە

#دۆناڵد ترەمپ#ڤلادمیر پوتین#لوتکەی ئالاسکا
7 کاتژمێر لەمەوپێش
جێگر تەیب
پوختە :
  • کۆبونەوەی لوتکەی ئالاسکا لە نێوان سەرۆکانی ئەمەریکا و روسیا لەسەر شەڕی ئۆکراینا ئەنجامدرا. کۆبوونەوەکە بە سەرکەوتنێکی دیپلۆماسی بۆ پوتین دانرا
  • لە راپۆرتێکی پێگەی بی بی سی بەریتانیدا پێنج خاڵی گرنگ لەسەر کۆبوونەوەکەی ئالاسکا خراوەتەڕوو
Primary Asset

ترەمپ و پوتین لە ئالاسکا

سبەی

رۆژی 15ـی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادمیر پوتین، سەرۆکی روسیا لە ئالاسکا کۆبوونەوەی لوتکەیان ئەنجامدا. لە ئالاسکا ژمارەیەک رووداوی بێپێشینە روویاندا.

کۆبونەوەی لوتکەی ئالاسکا لە نێوان سەرۆکانی ئەمەریکا و روسیا لەسەر شەڕی ئۆکراینا ئەنجامدرا. کۆبوونەوەکە بە سەرکەوتنێکی دیپلۆماسی بۆ پوتین دانرا.

لە راپۆرتێکی پێگەی بی بی سی بەریتانیدا پێنج خاڵی گرنگ لەسەر کۆبوونەوەکەی ئالاسکا خراوەتەڕوو.

یەکەم: پوتین براوەی دیپلۆماسی 

ڤلامیر پوتین لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئۆکرایناوە لە 2022ـوەوە لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە پەراوێزخراوە، بەڵام لە ئالاسکا و لە خاکی ئەمەریکا لەسەر فەرشی سوور پێشوازی لێکرا. ئەوەش وەک سەرکەوتنێکی گەورەی دیپلۆماسی بۆ پوتین دادەنرێت و دەگایەکە بۆ سەرۆکی روسیا بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە سەر شانۆی جیهان.

دووەم: رووبەڕووبوونەوەی میدیا

پوتین لە ئالاسکا رووبەڕووی دۆخێکی بێپێشێنە بوویەوە لەلایەن رۆژنامەنووسانەوە. لە روسیا رۆژنامەنووسان ناتوانن هەر پرسیارێکیان هەبوو لە سەرۆکی روسیای بکەن، بەڵام هەر لەگەڵ گەیشتنی بە ئالاسکا رۆژنامەنوسێک پرسیارێکی بوێرانەی لە پوتین کرد و پرسی: "دەوەستیت لە کوشتنی هاوڵاتیانی سڤیل؟" دواتریش هەرچەندە رێگە نەدرا رۆژنامەنووسان پرسیار بکەن، لە کاتی چوونە دەرەوەی رۆژنامەنووساندا توشی سەرسوڕمان بەوەی هەموو رۆژنامەنووسان پێکەوە هەموو جۆرە پرسیارێک دەکەن.

سێیەم: قسەی لاستیکی؛ بەبێ رێککەوتن

پوتین و ترەمپ کۆنگرەی رۆژنامەنوسییان ئەنجام نەدا، لە بری ئەوە هەر یەکەیان کورتە وتارێکییان پێشکەشکرد. هیچ کام لە سەرۆکەکان بە دیاریکراوی باسیان لە رێککەوتن نەکرد، بەڵکو قسەکانیان زیاتر لاستیکی بوون.

چوارەم: ترەمپ و ئۆکراینا

ترەمپ هەرچەندە بە درێژی وتارەکانی ناسراوە، بەڵام لە ئالاسکا کەمترین قسەی بۆ رای گشتی کرد و خۆی لە وشەی ئاگربەست و ئۆکراینا دزییەوە، ئەوەش خاڵێکی جێگای سەرسوڕمان بوو.

پێنجەم: کۆبوونەوەی داهاتوو لە مۆسکۆ

سەرەڕای ئەوەی هیچ بەرەپێچوونێک لە گفتوگۆکان بەدینەکراوە و شەڕی ئۆکراینا بەردەوامە، هەردوو سەرۆک دەرگایان بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو بە کراوەیی جێهێشت. سەبارەت بە کۆبوونەوەی داهاتوو، ڤلادمیر پوتین پێشنیازی بۆ ترەمپ کرد، کۆبوونەوەی داهاتوو لە مۆسکۆ ئەنجامبدەن، ئەوەش زیاتر پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی روسیا و ئەمەریکا ئاسایی دەکاتەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی