ددانە دۆزراوەکان لە ئەسیوپیا جۆرێکی نوێی مرۆڤیان ئاشکرا کرد

#پەرەسەندنی مرۆڤ#نیاندەرتاڵ#مەیمون
7 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 7 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • دۆزینەوەی پاشماوە بە بەردبووەکانی چەند ددانێک کە لە ئەسیوپیا، گومان دەخاتە سەر ئەو زانیارییانەی دەربارەی پەرەسەندنی مرۆڤ هەمانە، چونکە دەریخستووە دوو جۆری جیاوازی باوباپیرانی مرۆڤ لە نێوان 2.6 بۆ 2.8 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا پێکەوە ژیاون.
Primary Asset

سبەی

دۆزینەوەی پاشماوە بە بەردبووەکانی چەند ددانێک کە لە ئەسیوپیا، گومان دەخاتە سەر ئەو زانیارییانەی دەربارەی پەرەسەندنی مرۆڤ هەمانە، چونکە دەریخستووە دوو جۆری جیاوازی باوباپیرانی مرۆڤ لە نێوان 2.6 بۆ 2.8 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا پێکەوە ژیاون.

ئەو 13 ددانە دەگەڕێنەوە بۆ باوباپیرانی هۆمینین لە جۆری ئۆسترالۆپیتیکۆس (Australopithecus) و جۆرێکی هۆمۆ (Homo)  کە لە هەمان سەردەمدا لە ناوچەی عەفاری ئەسیوپیا ژیاون.

ددانەکان، کە لە ناوچەی شوێنەوارناسیی لیدی-گێرارو (Ledi-Geraru) دۆزراونەتەوە، ئەوە ئاشکرا دەکەن کۆنترین ئەندامانی ڕەگەزی هۆمۆ شانبەشانی ئۆسترالۆپیتیکۆس ژیاون.

توێژەران دەڵێن: "ئەم نموونانە دەریدەخەن کە ئۆسترالۆپیتیکۆس و هۆمۆی قۆناغە سەرەتاییەکان وەک دوو ڕەچەڵەکی جیاواز لە 2.5 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا لە ناوچەی عەفار پێکەوە ژیاون و تۆمارە بە بەردبووەکانی هۆمینین لەوە هەمەجۆرترە کە پێشتر دەزانرا."

کەی ڕید کە یەکێکە لە ئەندامانی تیمی توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەدات دۆزینەوەیە تێڕوانینی ئێمە بۆ پەرەسەندنی مرۆڤ دەگۆڕێت.

پەرەسەندن بەم شێوەیە ڕووی نەداوە کە سەرەتا مرۆڤ مەیمون بووبێت 

دکتۆر ڕید ڕوونی دەکاتەوە و دەڵێت: "ئێمە ڕووبەڕووی دوو جۆری هۆمینین بووینەتەوە کە پێکەوە ژیاون. پەرەسەندنی مرۆڤ هێڵێکی ڕاست نییە، بەڵکو دارێکی پەل و پۆدارە و شێوەی ژیانی لەناوچووی تێدایە."

ئەم توێژینەوە نوێیە دەریدەخات کە ئەو وێنایەی لە مێشکی زۆربەماندا هەیە سەبارەت بە گواستنەوە لە مەیموونەوە بۆ نیاندەرتاڵ و لەوێشەوە بۆ مرۆڤی مۆدێرن، ڕاست نییە و پەرەسەندن بەم شێوەیە ڕووی نەداوە.

شیکاریی ددانەکان، کە لە گۆڤاری زانستیی (Nature) بڵاو کراوەتەوە، دەریدەخات ئەم ددانانە هی جۆرێکی نوێی ئۆسترالۆپیتیکۆسن، نەک ئۆسترالۆپیتیکۆس ئەفارێنسس (Australopithecus afarensis) کە بە نموونە بەناوبانگەکەی "لوسی" دەناسرێتەوە و دوایین جار 2.95 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا بینراوە.

براین ڤیلمۆر سەرپەرشتیاری سەرەکیی توێژینەوەکە دەڵێت: "ئەو ددانە نوێیانەی هۆمۆ کە لە نیشتەنییە 2.6 بۆ 2.8 ملیۆن ساڵییەکاندا دۆزراونەتەوە، پشتڕاستی دەکەنەوە کە ڕەچەڵەکی ئێمە چەندە کۆنە."

ئەم جۆرە تازە دۆزراوەیە، کە بە باوباپیرانی ڕەچەڵەکەکە دادەنرێت، هێشتا هیچ ناوێکی بۆ دانەندراوە و ناونان بۆ ئەم جۆرە مرۆڤە پێویستی بە دۆزینەوەی بە بەردبووی زیاترە.

توێژەران تەمەنی نموونەکەیان لەسەر بنەمای چالاکییە گڕکانی و تەکتۆنییەکانی ئەو شوێنە دیاری کردووە کە بەردبووەکەی لێ دۆزراوەتەوە.

بە چ ڕێگایەک ژینگەی ملیۆنان ساڵ لەمەوبەر وێنا کراوە بۆ توێژینەوەکە؟

ژمارەیەکی زۆر لە گڕکانەکانی ناوچەکە، ئەو خۆڵەمێشە دەپڕژێنن کە کریستاڵی فێڵدسپاتی تێدایە.

فێلدسپارکانەبەردێکی سپی یا سوور کە ئەڵومینیۆم و سیلیکاتەکانی دیکەی تیایە و پێکهێنەرێکی بنەڕەتی نزیکەی هەموو تەختەبەردە کریستاڵینەکانە.

کریستۆفەر کامپیسانۆ یەکێکی دیکە لە بەشداربووانی توێژینەوەکە، سەبارەت بە فێڵدسپاتەکان دەڵێت: "ئێمە دەتوانین مێژووی ئەو تەقینەوانە دیاری بکەین کە لەو کاتەدا ڕوویان داوە ئەم کریستاڵانە کۆبوونەتەوە."

کامپیسانۆ  هەروەها دەڵێت: "ئێمە دەزانین کە ئەم بەردبووانە لەنێوان ئەم تەقینەوانەدا گیریان خواردووە و بەم شێوەیە دەتوانین مێژووی چینەکانی سەرەوە و خوارەوەی بەردبووەکان دیاری بکەین. ئێمە مێژووی خۆڵەمێشی گڕکانیی ئەو تەقینەوانە دیاری دەکەین کە لەو سەردەمەدا ڕوویان داوە کە بەردبووەکان لەسەر زەوی دۆزراونەتەوە".

توێژەران بە لێکۆڵینەوەی هاوبەشی بەردبووەکان و زەوییەکە، توانیویانە ژینگەی ملیۆنان ساڵ لەمەوبەر دووبارە وێنا بکەنەوە.

بۆیان دەرکەوتووە جیاوازییەکی بەرچاو لەنێوان ئەو زەوییەی ئەم باوباپیرانە کۆنانە 2.6 بۆ 2.8 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا پێیدا ڕۆیشتوون و دۆخی ئێستای ناوچەکەدا هەیە.

لەوە سەردەمەدا، ڕووبارەکان بەناو زەوییەکی ڕووەکپۆشدا دەڕۆیشتن و دەڕژانە ناو دەریاچەیەکەوە کە بەپێی کات فراوان و بچووک دەبوونەوە.

ڕامۆن ئارۆوسمیس یەکێکی دیکە لە بەشداربووانی توێژینەوەکە و دەڵێت: "زەویناسی، تەمەن و تایبەتمەندییەکانی ئەو نیشتەنیانە نیشان دەدات کە بەردبووەکانیان تێدایە. ئەمە بۆ دیاریکردنی تەمەنەکە زۆر گرنگە."

هێشتا ڕوون نییە کە ئایا جۆری لوسی و جۆرە نوێیەکەی ئۆسترالۆپیتیکۆس هەمان شتیان خواردووە و بۆ خۆراک کێبڕکێی یەکتریان کردووە یان نا.

توێژەران دەیانەوێت لە توێژینەوەکانی داهاتوودا، بە پشکنینی مینای ددانی ئەم جۆرانە، بزانن چییان خواردووە.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی