ترەمپ و زیلینسکی
سبەی
دوای کۆبوونەوەی لوتکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادمیر پوتین، سەرۆکی روسیا، ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا و ژمارەیەک لە سەرۆکی وڵاتانی ئەوروپا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا سەردانی واشنتن دەکەن.
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، سبەینێ دوشەممە (18ـی ئابی 2025) سەرکردەی وڵاتانی ئەڵمانیا، فەڕەنسا، ئیتاڵیا و بەریتانیا یاوەری سەرۆکی ئۆکراینا بکەن بۆ واشنتن، ئەوەش بۆ پشتیوانی ئۆکراینایە دژی روسیا.
پێش گەشتەکەیان بۆ واشنتن، ئەمڕۆ یەکشەممە (17ـی ئابی 2025) فریدریک مێرز، راوێژکاری ئەڵمانیا، ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا و کیێر ستارمە، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بۆ پشتیوانی ئۆکراینا کۆبوونەتەوە. ئامانجی ئەوروپییەکان بۆ دەستەبەرکردنی دڵنیاییە بۆ پاراستنی ئاسایشی ئۆکراینا.
وەک لە راپۆرتەکەی رۆیتەرزدا هاتووە، ترسی ئەوروپییەکان لە دووبارە بوونەوەی دەنگەدەنگەکەی شوباتی ئەمساڵی نێوان زیلینسکی و ترەمپ و ئیدارەکەی، هاندەر بووە بۆیان کە لە کۆبوونەوەی زیلینسکی و ترەمپ بەشداریی بکەن.
سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی واشنتن، حکومەتی ئەڵمانیا لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: "لە گفتوگۆکانمان ژمارەیەک پرس تاوتوێ دەکرێن، وەک: دڵنیایی ئاسایشی بۆ ئۆکراینا، کێشەی خاک و بەردەوامی پاڵپشتییەکان بۆ بەهێزکردنی بەرگریی ئۆکراینا دژی داگیرکارییەکانی روسیا، هەروەها فشاریش بۆ ئابڵوقەی ئابووری بۆ سەر روسیا دەکرێت."
ئەوروپییەکان دەیانەوێت یارمەتیدەر بن بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لە نێوان ئەمەریکا، روسیا و ئۆکراینا، ئەوەش لە پێناو دڵنیاییدان لەوەی ئۆکراینا داهاتووی خۆی دیاری بکات.