سبەی
راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند: ئەرکی هێزەکانی ئەمەریکا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، لە بەغداد و بنکەی عەین ئەسەد مانگی داهاتوو کۆتایی دێت، ساڵی داهاتووش تەواوی هێزەکانیان دەکشێننەوە. شارەزایان و چاودێرانی ئاسایشیش هۆشداریی دەدەن، هەر کشانەوەیەکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەبێ پلان و جێگرەوەی بەهێز رەنگە کارەسات و پشێوی لێبکەوێتەوە.
حسێن عەلاوی، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی رایگەیاندووە: حکومەت پابەندە بە رێککەوتنی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و گۆڕینی پەیوەندی ئاسایشی لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانی بۆ پەیوەندی بەرگری سەقامگیر و هاوبەش، لەژێر رۆشنایی پەیوەندییە سیاسی، ئابوری و رۆشنبیرییەکان.
جەختی کردەوە، رێککەوتنی نێوان عێراق و وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەنگاوی باشی ناوە بەرەو پێشەوە و لەسەر راستەڕێی جێبەجێکردنە.
کشانەوەکە بە دوو قۆناغ دەبێت
بەوتەی حسێن عەلاوی، بەپێی رێککەوتنەکە دوا وادە بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دانراوە لە ساڵانی 2025 و 2026، لە مانگی ئەیلولی 2025 ئەرکی نێردەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بارەگای سەرەکییان لە بەغدادی پایتەخت و بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە ئەنبار کۆتایی دێت. قۆناغی دواتر هەماهەنگی ئاسایشییە لە روی راوێژ و بونیاتنانی توانای هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەوەش دیدی حکومەتە کە پەیوەندییەکی بەرفراوانی هەبێت لەگەڵ ئەو وڵاتانە لە سەرجەم بوارەکاندا.
راوێژکارەکەی سەرۆک وەزیران رایگەیاند: قۆناغی دووەمی پرۆسەی کشانەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و تەواوبوونی ئەرکەکەیان بە یەکجاری دەکەوێت مانگی ئەیلولی 2026. ئەوەش لە چوارچێوەی رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی نێوان ئەمەریکا و عێراق.
لیژنەی بەرگری: کشانەوەی هاوپەیمانان بۆشایی دروست ناکات
یاسر وەتوت، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە مانگی داهاتوو بەپێی رێککەوتنی نێوان بەغداد و واشنتنە و کاریگەریی لەسەر ئاسایشی ناوخۆی وڵات نابێت و بۆشایی درووست ناکات. هێزە چەکدارەکانی عێراق ئەزموون و شارەزایی و توانایەکی باشیان هەیە بۆ پاراستنی سەقامگیری و روبەڕوبونەوەی هەر مەترسییەکی تیرۆریستی.
ئاماژەی بەوەکردووە؛ هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تا قۆناغێکی دیاریکراو پێویست بوو، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و هەواڵگری توانای خۆیان سەلماندووە بۆ گرتنەئەستۆی دۆسیەی ئاسایش بە توانایەکی بەرزەوە.
کشانەوەیان لێکەوتەی خراپی دەبێت
لەبەرامبەردا، سەیف رەعد شارەزای بواری ئاسایش و ستراتیژی پێیوایە، کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق لێکەوتەی ئاسایشی و رەنگە کارەستباری لێبکەوێتەوە.
بەپێویستی دەزانێت کە ب ەووریاییەوە مامەڵە لەگەڵ کشانەوەی هاوپەیمانان و تەوابوونی ئەرکەکانیان بکرێت لەم کاتەدا، رەنگە بۆشایی ئاسایشی درووست بکات و پاشماوەی گروپە تیرۆریستیەکان خۆیان رێکبخەنەوە و هەڕەشە لەسەر سەقامگیریی درووست بکەن.
هەرچەندە هێزەکانی عێراق پێشکەوتنی باشیان بەخۆیانەوە بینیووە، بەڵام هێشتا پێویستیان بە پاڵپشتی هەواڵگریی و تەکنیکی هەیە کە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بۆی دابینکردبوون، بەتایبەت لە رووی چاودێری ئاسمانی و تەکنەلۆژیای سەربازی پێشکەوتووەوە. ئەوەش بەوتەی سەیف رەعد.
ئەو چاودێرە پێیوایە، کشانەوەی ئەمەریکا تەنها لە رووی سەربازییەوە کاریگەریی نییە، رەنگە لێکەوتەی سیاسی و ئاسایشی مەترسیداری لێبکەوێتەوە، بەتایبەتی لەم دۆخەی ئێستای ناوچەکەدا. ئەگەر جێگرەوەی بەپەلە و کارا دابین نەکرابێت پێش کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەگەری زۆرە کارەساتی گەورەی لێبکەوێتەوە.
لە بەغدادەوە بۆ هەولێر؛ ئەمەریکا کشانەوەى هێزەکانى لە عێراق پێشدەخات
ئەمڕۆ یەکشەممە (17ـی ئابی 2025) سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق بە کەناڵى جەزیرەى راگەیاند، هێزەکانی ئەمەریکا لە مانگی ئەیلوولەوە لە سێ بنکەى سەرەکى فڕۆکەخانەى بەغداد، فەرماندەیی پڕۆسە هاوبەشەکان و بنکەى عەین ئەسەد دەکشێنەوە بە ئاڕاستەى هەولێر.
هاوکات بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەى شەرقولئەوسەت، هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەستیان بە جوڵاندنی هێز و کەرەستە سەربازییەکانیان کردووە، ئەوەش وەک وەڵامدانەوەک بۆ پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل.
بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا پشتراستی کردووەتەوە، هێزەکان و کەرەستە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە بنکەی عەین ئەسەد لە عێراق جێگایان گۆڕدراوە، کەرەستەکان سیستمی هەستیاری وەک رادار لە خۆدەگرێت.
خشتەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق
رۆژنامەی عەرەبی جەدید لە راپۆرتێکدا لە زاری چەندین سەرچاوەی ئاگاداری سیاسی و سەربازییەوە ئاشکرای دەکات، لەماوەی رابردوودا راوێژکارێکی باڵای حکومەتی عێراق سەردانی واشنتنی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکی کۆبووەتەوە، ئەوانیش ئاگاداریان کردووەتەوە پێشبینی دەکەن مانگی داهاتوو بەشێک لە هێزەکانیان لە بنکەی عەین ئەسەد بکشێننەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە کە بڕیاری کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی ئەمەریکا لە مانگی داهاتوو بەپێچەوانەی ئەو خشتەیە دێت پێشتر هەردوو لایەن لەسەری رێککەوتنیان کردبووە، بەپێی رێککەوتنەکە بڕیار بوو دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت، بەشێک لە شارەزایانی سەربازی و سیاسیش دەڵێن ئەو هەنگاوەی ئەمەریکا پێشبینی نەکراو بووە.
بە گوێرەی سەرچاوەکەی عەربی جەدید بەرپرسانی ئەمەریکی بە راوێژکارەکانی سودانیان راگەیاندووە کە حکومەتی عێراق نەیتوانیوە بەڵێنەکانی خۆی سەبارەت بە چەکداماڵینی گروپەکانی ناو حەشدی شەعبی جێبەجێ بکات و رێگریی لە بەهێزبوونیان بکات، ئەمە جگە لەوەی حکومەتەکەی سودانی نەیتوانیوە وڵاتەکە لە پشتبەستن بە غازی ئێران رزگار بکات، رێگری بکات لە ئەو هێرشە مووشەکییەکان بکات لەلایەن میلیشیاکانەوە، هەروەها نەیتوانیوە رێگریی لە هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و دیاریکردنی چارەنوسی هاوڵاتییەکی رفێنراوی روسی- ئیسرائیلی ئاشکرا بکات.
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، "بەرپرسانی ئەمەریکی دەسەڵاتدارانی عێراقیان ئاگادارکردووەتەوە، دەبێت سەرۆک وەزیران پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمان بکشێنێتەوە.
هەر لەوبارەیەوە رۆژنامەکە ئاشکرای دەکات، راوێژکارەکە بەرپرسانی ئەمەریکای ئاگادار کردووەتەوە کشانەوەی پڕۆژە یاسای حەشدی شەعبی قورس دەبێت، چونکە پێشتر پڕۆژە یاساکە دووجار خوێندنەوەی بۆ کراوە و ئێستا ناتوانرێت بکشێنرێتەوە.