سبەی
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەقەڵەمدانیان وەک پەکەکە بە تۆمەتێکی ناڕەوا دەزانێت و دەڵێت: "پابەندین بە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا، دژی هەر پڕۆژەیەکی دابەشکارین".
ئیلهام ئەحمەد ئەمڕۆ یەکشەممە (17ـی ئابی 2025) لە کۆڕێکدا کە لە شاری مارسیلیای فەرەنسا بۆ ڕێکخرا، جەختی لەوە کردەوە یەکترقبوڵکردن و ئاوێتەبوونی ڕاستەقینەی ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا، کلیلی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی گەلانی ئەو وڵاتەیە.
ئیلهام ئەحمەد تیشکی خستە سەر دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان، جەختی لەسەر گرنگیی یەکڕیزیی نەتەوەیی کورد کردەوە و گوتی: "جیاوازیی بۆچوونەکان دەوڵەمەندییە و پێویستە گیانی برایەتی لەنێوان سەرجەم لایەنە کوردییەکاندا بپارێزرێت".
دژی دابەشکردنی سوریاین
ئیلهام ئەحمەد جارێکی دیکە پابەندبوونی خۆیانی بە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریاوە دووپات کردەوە و گوتی: "دژی هەر پڕۆژەیەکی دابەشکارین و پابەندنیشین بە ڕێککەوتنی 10ـی ئادار".
ناوبراو سەرنجی خستە سەر ئەوەی ئایندەی سوریا تەنها لە چوارچێوەی دەستوورێکی دیموکراتیدا مسۆگەر دەبێت کە مافی هەموو گەلان لەسەر بنەمای یەکسانی و دادپەروەری بپارێزێت.
سەبارەت بە تورکیایش گوتی: "سەرەڕای هەندێک هەڵوێستی ئەرێنیی تورکیا، بەڵام ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی هەڕەشە لە سەقامگیریی ناوچەکە دەکەن و ژیانی هاوڵاتییانی سڤیل دەخەنە مەترسییەوە".
بە یەکترقبوڵکردن و ئاوێتەبوونی ڕاستەقینە، دەتوانین بە برایانە بژین
سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی ئیدارەی خۆسەر کە گوایە بەشێکە لە پەکەکە ئیلهام ئەحمەد بە توندی ئەمە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: "نیشاندانی ئێمە وەک پەکەکە، تۆمەتێکی ناڕەوایە. پەکەکە هیچ چالاکییەکی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا نییە."
لە کۆتاییدا، ئیلهام ئەحمەد جارێکی دیکە باوەڕبوونی خۆی بە چارەسەری ئاشتیانە هێنایەوە بەرباس و ڕایگەیاند پێکەوەژیانی گەلان لە ڕێگەی ئاوێتەبوونێکی ڕاستەقینەوە دێتە دی.