بۆچی تورکیا لە "رێڕەوی زەنگەزوور" نیگەرانە؟

#سوریا
7 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 7 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • ئەنقەرە لە لێدوانە فەرمییەکانیدا خۆشحاڵی خۆی بۆ کردنەوەی ڕێگاکە و واژۆکردنی ئاشتی لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان دەربڕی و ئەردۆغانیش پیرۆزبایی لە هاوتاکانی عەلیێڤ و پاشینیان کرد.
  • بەڵام بە شێوەیەکی تایبەت تورکیا ناڕەزایییەکی ڕوونی دەربڕیوە لەوەی ئەو ڕێڕەوە بە ناوی ترەمپەوە نراوە و و بە جۆرێک دەچێتە ژێر کۆنترۆڵ و کاریگەری واشنتۆنەوە.
Primary Asset

سبەى

سەربارى پێشوازیکردنى فەرمى تورکیا لە دروستکردنى رێڕەوى زەنگەزوور لەلایەن ئەمەریکاوە، بەڵام ئەو وڵاتە نیگەرانە لەو بارەیەوە، بەو پێیەى دەویست خۆى بە سود وەرگرتن لەو سنورە بگاتە دڵى قەوقاز و لەئەگەرى تێکچوونى پەیوەندییەکانى لەگەڵ واشنتن ناتوانێت رێڕەوەکە بەکاربهێنێت.

رۆژى 8ى ئاب، ئەرمینیا و ئازەربایجان لە کۆشکی سپی ڕێککەوتننامەیەکیان واژۆ کرد کە دواجار کۆتایی بە ململانیی چەندین ساڵەی نێوان هەردوو وڵات دەهێنێت.

بەگوێرەی بەشێکی ڕێککەوتنەکە، رێڕەوێک لە ئەرمینیاوە بۆ ئازەربایجان دروست دەکرێت کە بە ڕێرەوی زەنگەزوور ناسراوە، بریارە کۆمپانییایەکی ئەمریکی بۆ 100 ساڵ ئەو ڕێرەوە بەڕێوەبەرێت، بۆیە بەرێڕەوی تڕەمپ یا خود پردی ترەمپیش ناسراوە، ئێران دژی دروستکردنی ئەو ڕێڕەوەیە و بە توندی دژی دەوێستێتەوە چونکە بە دروستکردنی ئەو ڕێڕەوە سنورەکانی نێوان ئێران و ئەرمینیا بە تەواوەتی لەناودەچێت.

زەنگەزوور رێرەوێکی گواستنەوەیە کە لە ئەگەری جێبەجێکردنیدا ئازەربایجان راستەوخۆ دەستی بە ئەرمینیا دەگات بەبێ ئەوەی ناچار بێت بەخاکى ئێراندا تێپەڕبێت، زەنگەزوور کۆتایی بە دەستراگەیشتنی ئێران بە سنوورەکانی ئەوروپا دەهێنێت و تورکیا راستەوخۆ بە ئازەربایجانەوە دەبەستێتەوە.

تورکیا بۆچی نیگەرانە لە دروستکردنی رێرەوی زەنگەزوور؟

تورکیا لەسەرەتاوە تامەزرۆی کردنەوەی ئەم ڕێڕەوە بوو چونکە وڵاتەکەی بە ئازەربایجانەوە دەبەستێتەوە و لەلایەکی دیکەوە کۆماری نەخجەوان بە ئازەربایجانەوە دەبەستێتەوە کە ساڵانێک بوو ئێران ڕێگەی لەم پەیوەندییە گرتبوو.

ئەنقەرە لە لێدوانە فەرمییەکانیدا خۆشحاڵی خۆی بۆ کردنەوەی ڕێگاکە و واژۆکردنی ئاشتی لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان دەربڕی و ئەردۆغانیش پیرۆزبایی لە هاوتاکانی عەلیێڤ و پاشینیان کرد.

بەڵام بە شێوەیەکی تایبەت تورکیا ناڕەزایییەکی ڕوونی دەربڕیوە لەوەی ئەو ڕێڕەوە بە ناوی ترەمپەوە نراوە و و بە جۆرێک دەچێتە ژێر کۆنترۆڵ و کاریگەری واشنتۆنەوە.

تورکیا بەنیاز بوو لە ڕێگەی ڕێرەوەکەوە بگاتە ناو دڵی قەوقازەوە و پەیوەندییە ئابوورییەکانی لە بواری جیاواز لەوانەش وزە و نەوت لەگەڵ ئەو وڵاتانە بەهێز بکات، بەڵام لە ئێستادا نیگەرانە لەوەی ئەگەر رێڕەوەکە لەو کۆنترۆڵی ئەمەریکا دابێت هەموو کات پێشبینی دەکرێت کە لە ئەگەرى تێکچوونی پەیوەندییەکانی واشنتۆن لەگەڵ ئەنقەرە ئەمەریکا بەر بە هەر جۆرە بەکارهێنانی رێڕەوەکە لەلایەن تورکیاوە بگرێت.

بۆچی رێڕەوی زەنگەزوور ئێرانی نیگەران کردوە؟

بە گوێرەی شارەزایانی سیاسی و سەربازی ئێران هۆکاری نیگەرانییەکانی ئێران بۆ دوو پرس دەگەڕێتەوە:

یەکەم: تاران نیگەرانە لەوەی کە دروستکردنی ڕێڕەوەکە کۆتایی بە سنووری وشکانی ئێران و ئەرمینیا دەهێنێت و دەستراگەیشتنی ئێران بە شێوەی راستەوخۆ بە سنوورەکانی ئەوروپا کۆتایی پێدەهێنێت.

 دووەم: ئێران ڕێڕەوەکە بە گەشەپێدانی پان تورکیزم لە ناوچەکە دەزانێت بە هۆی ئەوەی کە تورکیا دەبەستێتەوە بە ئازربایجان.

وەڵامی ئێران بۆ ئەو رێککەوتنە چی بوو؟

ئەگەرچی بەرپرسانی حکومەت لە ئێران هەوڵیانداوە بە زمانێکی نەرم نیگەرانییەکانیان سەبارەت بە ڕێڕەوەکە باس بکەن، بەڵام هاوکات بەشێک لە لایەنە توندرەوەکان و دەسەڵاتدارانی دەرەوەی کابینەی پزشکیان بە تووڕەیی و هەڕەشەوە باسیان لە بابەتەکە کردوە.

لای خۆیەوە عەلیت ئەکبەر ویلایەتری راویژکاری بالای عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دەڵێت" لەگەڵ روسیا یا خود بەبێ روسیا تاران کارادنەوەی جدی دەبێت بۆ هەر جۆر گۆڕانکارییەک لە سنوورەکانی".

هەر لەو پەیوەندییەدا یەدوڵا جەوانی جێگری بەرپرسی سیاسی سوپای پاسدران دەڵێت ئەرمینیا و ئازەربایجان ئەو راستییەیان پشتگوێ خستووە کە روسیا وڵاتەکانیان بە بەشێک لە "سنوورە ئەمنییەکانی" خۆی دەزانێت.

دەشڵێت "ئەو دوو سەرکردەیە هەڵەیەکی خراپتر لە زیلینسکی دەکەن، چونکە زیلنسکی تەنها روسیای نیگەران کردووە، بەڵام ئەو دوو سەرکردەیە لە یەک کاتدا ڕووسیا و ئێران و هیندستان و چین نیگەران دەکەن".

کاردانەوەی میدیاکانی ئێران چی بوو؟

کاردانەوەی میدیاکانی ئێران بەرامبەر بە ڕێککەوتنەکە توند بوو، رێڕەوی زەنگەزووریان بە "رێگای شەیتان" ناوبرد و حکومەتی پزیشکیانیان بە کەمتەرخەمی سەبارەت بە دروستکردنی رێڕەوەکە تۆمەتبار کرد.

بەشێک لە میدیاکان باسیان لەوەکرد، بیرۆکەی دروستکردنی ئەو رێڕەوە بەبێ رەزامەندی روسیا نایەتە بەرباس بۆیە مۆسکۆ بۆ جارێکی دیکە لە کاتی پێویستدا پشتی ئێرانی بەرداوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی