لە بەغدادەوە بۆ هەولێر؛ ئەمەریکا کشانەوەى هێزەکانى لە عێراق پێشدەخات

#ئەمەریکا#عێراق#هێزەکانی ئەمەریکا#هەولێر
8 کاتژمێر لەمەوپێش
جێگر تەیب
پوختە :
  • ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی ئابی 2025، سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق بە کەناڵى جەزیرەى راگەیاند، هێزەکانی ئەمەریکا لە مانگی ئەیلوولەوە لە سێ بنکەى سەرەکى فڕۆکەخانەى بەغداد، فەرماندەیی پڕۆسە هاوبەشەکان و بنکەى عەین ئەسەد دەکشێنەوە بە ئاڕاستەى هەولێر.
Primary Asset

سبەی

هێزەکانى ئەمەریکا مانگى داهاتوو سێ بنکەى سەرەکى لە عێراق جێدەهێڵن و بەرەو هەولێر دەجوڵێن، ئەوەش بە هەنگاوێکى "پێشبینینەکراوى" واشنتن لێکدەدرێتەوە، لەکاتێکدا بڕیاربوو پڕۆسەى کشانەوەکە بکەوێتە دواى هەڵبژاردنى پەرلەمان.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی ئابی 2025، سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق بە کەناڵى جەزیرەى راگەیاند، هێزەکانی ئەمەریکا لە مانگی ئەیلوولەوە لە سێ بنکەى سەرەکى فڕۆکەخانەى بەغداد، فەرماندەیی پڕۆسە هاوبەشەکان و بنکەى عەین ئەسەد دەکشێنەوە بە ئاڕاستەى هەولێر.

هاوکات بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەى شەرقولئەوسەت، هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەستیان بە جوڵاندنی هێز و کەرەستە سەربازییەکانیان کردووە، ئەوەش وەک وەڵامدانەوەک بۆ پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل.

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا پشتراستی کردووەتەوە، هێزەکان و کەرەستە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە بنکەی عەین ئەسەد لە عێراق جێگایان گۆڕدراوە، کەرەستەکان سیستمی هەستیاری وەک رادار لە خۆدەگرێت.

گواستنەوەی کەرەستە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە کاتێکدایە، لە رۆژانی رابردوودا، عەلی لاریجانی ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران سەردانی بەغدادی کرد و توڕەیی تارانی بە عێراقییەکان گەیاندووە، چونکە تا ئێستا عێراقییەکان رەتی دەکەنەوە لە شەڕی ئەمەریکا و ئیسرائیل بە ئاشکرا پشتیوانی لە ئێران بکەن. تاران لە هەوڵدایە ژمارەیەک لە میلیشیا عێراقییەکان ئامادەبکات بۆ شەڕێکی نوێ لە ناوچەکە.

سەرەڕای هەوڵەکانی ئێران بۆ بەدەستخستنی پشتیوانی عێراقییەکان، ژمارەیەک لە سیاسەتمەدارانی عێراق دوودڵن لە بەشداربوون لە شەڕی ئێران و ئیسرائیل.

خشتەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق

 رۆژنامەی عەرەبی جەدید لە راپۆرتێکدا لە زاری چەندین سەرچاوەی ئاگاداری سیاسی و سەربازییەوە ئاشکرای دەکات، لەماوەی رابردوودا راوێژکارێکی باڵای حکومەتی عێراق سەردانی واشنتنی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکی کۆبووەتەوە، ئەوانیش ئاگاداریان کردووەتەوە  پێشبینی دەکەن مانگی داهاتوو بەشێک لە هێزەکانیان لە بنکەی عەین ئەسەد بکشێننەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە بڕیاری کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی ئەمەریکا لە مانگی داهاتوو بەپێچەوانەی ئەو خشتەیە دێت پێشتر هەر دوو لایەن لەسەری رێککەوتنیان کردبووە، بەپێی رێککەوتنەکە بڕیار بوو دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت، بەشێک لە شارەزایانی سەربازی و سیاسیش دەڵێن ئەو هەنگاوەی ئەمەریکا پێشبینی نەکراو بووە.

بە گوێرەی سەرچاوەکەی عەربی جەدید بەرپرسانی ئەمەریکی بە راوێژکارەکانی سودانیان راگەیاندووە کە حکومەتی عێراق نەیتوانیوە بەڵێنەکانی خۆی سەبارەت بە  چەکداماڵینی گروپەکانی ناو حەشدی شەعبی جێبەجێ بکات و رێگریی لە بەهێزبوونیان بکات، ئەمە جگە لەوەی حکومەتەکەی سودانی نەیتوانیوە وڵاتەکە لە پشتبەستن بە غازی ئێران رزگار بکات، رێگری بکات لە ئەو هێرشە مووشەکییەکان بکات لەلایەن میلیشیاکانەوە، هەروەها  نەیتوانیوە رێگریی لە هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و دیاریکردنی چارەنوسی هاوڵاتییەکی رفێنراوی روسی- ئیسرائیلی ئاشکرا بکات.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، "بەرپرسانی ئەمەریکی دەسەڵاتدارانی عێراقیان ئاگادارکردووەتەوە، دەبێت سەرۆک وەزیران پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی  لە پەرلەمان بکشێنێتەوە.

هەر لەوبارەیەوە رۆژنامەکە ئاشکرای دەکات، راوێژکارەکە بەرپرسانی ئەمەریکای ئاگادار کردووەتەوە کشانەوەی پڕۆژە یاسای حەشدی شەعبی قورس دەبێت، چونکە پێشتر پڕۆژە یاساکە دووجار خوێندنەوەی بۆ کراوە و ئێستا ناتوانرێت بکشێنرێتەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی