سبەى
ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی لگەڵ بەرپرسانی عێراق بۆ پرسی ئاسایشی سنوورەکان گەڕاندەوە و رایگەیاند کە تاران و بەغدا پابەندن بەوەی نەهێڵن خاکی وڵاتەکەیان بۆ هێرش بۆ سەر وڵاتی بەرانبەر بەکاربهێندرێت، لاریجانی نەشیشاردەوە لە جەنگی 12 رۆژەدا ئیسرائیل ئاسمانی وڵاتانی دراوسێ بۆ هیڕش بۆ سەر ئێران بەکارهێنرابێت و دەشڵێت ئەو وڵاتانە نابێت لە داهاتوودا مۆڵەتی بەکارهێنانی وڵاتەکەیان بدەن دژ بە ئێران.
عەلی لاریجانی ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران سەبارەت بە سەردانەکەی لە عێراق رایگەیاند "بەپێچەوانە هەندێک وڵات کە بەنیازن دۆخەکە تێک بدەن ئێمە بەنیازین ناوچەکە سەقامگیر بێت".
لاریجانی سەبارەت بە ئەو ڕێکەوتنە ئەمنییەی کە لە نێوان ئێران و عێراق واژۆ کراوە وتى "ئێمە ڕێککەوتننامەی ئەمنیمان لەگەڵ عێراق واژۆ کرد بەمەبەستی دروستکردنی کەشێکی ئەمن لە نێوان دوو وڵات، خاڵی سەرەکی ڕێکەوتنە ئەمنییەکە ئەوە بوو کە دوو وڵات پابەند بن بەوەی نەهێڵن کەسانێک یان لایەنێک یا خود وڵاتێکی سێیەم ئەمنیەت و سەقامگیری هەر کام لەم دوو وڵاتە تێک بدەن".
روونیشیکردەوە کە بە گوێرەی ڕێکەوتنە ئەمنییەکە نابێت لەخاکی یەکێک لە وڵاتەکان سودر وەربگیرێت لە دژی ولاتێکی دیکە یا خود وڵاتێکی دیکە بێت کەلێنی ئەمنی دروست بکات.
ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران دەشلێت "لە ماوەی شەڕی 12 ڕۆژەدا ئیسرائیل لە ئاسمانی هەندێک وڵاتەوە هێرشی بۆ سەر ئێران ئەنجام دا و بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی ژمارەیەک لەو وڵاتانە توانای ئەوەیان نییە کە بەر بە بەکارهینانی ئاسمانى وڵاتەکەیان بگرن، بەڵام لە هەمان کاتدا پێویستە ئەو ولاتانە خۆیان تۆکمە بکەنەوە و بەر بەو کارە بگرن".
ئەوەش لە کاتێکدایە کە پێشتر قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی رەتیکردەوە لەگەڵ ئێران رێککەوتنی نوێیان کردبێت و ئاماژەى بەوەکردبوو، ئەوەى واژۆکراوە یاداشتی لێکتێگەیشتن بووە سەبارەت بە پاراستنی ئاسایشی سنورەکان و سنوردارکردنی پارتە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانە کە لە هەرێمی کوردستانن.
لە رونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە ئیمزاکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق و عەلی لاریجانی ئەمینداری ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، راگەیاندنی ئاسایشی نیشتیمانی بڵاوی کردەوە؛ عێراق رێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە، کە لە 19ـی ئازاری 2023 واژۆ کراوە، کە بە رێککەوتنی ئەمنی هاوبەشی ئاسایشی سنوور و رێوشوێنەکانی سنوردارکردنی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێران کە لە هەرێمی کوردستانن، ناسراوە.
ئاماژەی بەوەکردووە؛ هەماهەنگی زیاتر کراوە بۆ ئەوەی ئەو رێککەوتنە ئەمنییە بکرێتە یاداشتی لێکتێگەیشتن لەسەر ئاستی ئاسایشی سنورەکان و هەماهەنگی ئاسایشی پەیوەست بە ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێران کە لە هەرێمی کوردستانن بە هەر پێنج حیزبەکەوە، یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە خراوەتە بەردەستی ئەنجومەنی وەزیران و بە بڕیاری ئەنجومەنیش واژۆی لەسەر کراوە.
راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئاشکرای کردووە، پێش سەردانی عەلی لاریجانی ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسیشی نەتەوەیی ئێران، بڕیاربووە دکتۆر ئەحمەدیان ئەمینداری پێشوو بۆ ئەو مەبەستە سەردانی عێراق بکات. دوای دامەزراندنی عەلی لاریجانی و سەردانی بۆ بەغداد یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیرانی عێراق واژۆ کراوە.
لە رونکردنەوەکەدا هاتوو، پێش هێرشەکانی ئیسرائیل یاداشتەکە ئامادەکراوە و کاتی پێویستی خۆی وەرگرتووە و ئامادەبووە و لەگەڵ سەردانەکەی لاریجانی واژۆی لەسەر کراوە.
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ رێککەوتنێکی ئاسایشی لە نێوان هەردوو وڵاتدا نییە، بەڵکو یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی ئەمنییە.