سبەى
دزییە گەورەکەی مۆزەخانەی لۆڤەری پاریس، چیرۆکی دزییە گەورەکان لە مێژوی مۆزەخانەکانی جیهاندا دەهێنێتەوە بەرباس. کە نەک پارچە دەگمەنەکان، بەڵکو هێما کولتووری و مرۆییەکانیشیان کردە ئامانج.
دزیە گەورەکانی مێژووی مۆزەخانەکان:
لە بەرەبەیانی 18ی ئازاری 1990، دوو دز بە جلوبەرگى پۆلیسەوە، هەڵیانکوتایە سەر مۆزەخانەی ئیزابێلا ستیوارت گاردنەری شاری بۆستنی ئەمەریکا و 13 تابلۆیان دزی. لەنێویاندا بەرهەمەکانی رێمبرانت و ڤێرمیر، کە بەهاکەیان بە زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت. سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە سەدەیەک بەسەر دزییەکەدا، تا ئەمڕۆ هیچیان نەدۆزراونەتەوە. ئەم تاوانە بووەتە گەورەترین و نهێنیترین تاوان لە مێژووی مۆزەخانەدا.
2- تابلۆی مۆنالیزا (1911)
لە بەیانی 21ی ئابی 1911 کارمەندانی مۆزەخانەی لۆڤەر تێبینیان کرد، کە تابلۆی مۆنالیزای بەناوبانگ، کە شاکارێکی لیۆناردۆ داڤینچیە ون بووە.
دوای لێکۆڵینەوەیەکی دوو ساڵە، دەرکەوت کە دزەکە کرێکارێکی ئیتاڵی مۆزەخانەکەیە، کە لە ژوورەکەی خۆیدا شاردبوویەوە. ئەم رووداوە سەلماندی، کە تەنانەت پارێزراوترین پارچەکانیش لە دزەکان پارێزراو نین.
3- تابلۆکەی ئێدڤارد مونچ (1994 و 2004)
تابلۆ بەناوبانگەکەی ئێدڤارد مونچ هونەرمەندی نەرویجی دووجار دزراوە: یەکەمجار لە ساڵی 1994 لە کاتی ئۆڵمپیادی زستانە لە نەرویج. دووەم جاریش لە ساڵی 2004 دا دزرا. بەڵام دوای چەند ساڵێک تابلۆکە دۆزرایەوە، بەڵام شێ و دڕان زیانێکی زۆری بە تابلۆکە گەیاندبوو.
4- تابلۆکەی ڤان کوخ - (2010)
دزەکان سەرکەوتوو بوون لە دزینی تابلۆیەکی بەناوبانگی ڤان کوخ لە مۆزەخانەی مەحمود خەلیل لە قاهیرە لە رۆژی رووناکدا. سەرەڕای بوونی رێوشوێنێکی ئەمنی توند لە مۆزەخانەکەدا.
بەهای تابلۆکە نزیکەی 50 ملیۆن دۆلارە و تا ئەمڕۆش بێسەروشوێنە و نەدۆزراوەتەوە، سەرەڕای هەوڵەکانی پۆلیسی نیودەوڵەتی (ئینتەرپۆل) بۆ دۆزینەوەی.
5- مۆزەخانەی گەنجینەی سەوز - ئەڵمانیا (2019)
لە ئۆپەراسیۆنێک لەسەر شێوازی فیلمی ئەکشن، دزەکان هەڵیانکوتایە سەر مۆزەخانەی گەنجینەی سەوز لە شاری درێسدن لە ئەڵمانیا و گەنجینەکانیان دزی، کە زیاتر لە 4 هەزار پارچە ئەڵماسیان تێدابوو. کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 18 و بەهاکەی بە نزیکەی یەک ملیار یۆرۆ مەزەندە دەکرێت.
سەرەڕای دەستگیرکردنی هەندێک تۆمەتبار و گەڕاندنەوەی بەشێکی بچووک لە کەلوپەلە دزراوەکان، بەڵام بەنرخترین پارچەکان تا ئێستا دیارنین. ئەمەش تیشک دەخاتە سەر ئەو ئاستەنگە ئەمنییانەی، کە تەنانەت بەناوبانگترین مۆزەخانەکانی ئەوروپاش رووبەڕووی دەبنەوە.
نهێنی و گەنجینەکان
رەنگە ئەوەی هەموو ئەم رووداوانە یەکدەخات، ئەوە بێت کە هونەر و میرات سامانێکی ماددی و کولتووری فراوانن، ئەوەش دەبێتە پاڵنەرێک بۆ گروپە تاوانکارییەکان، بۆئەوەی بیانکەنە ئامانجی خۆیان.
دزی مۆزەخانەکان چاوەڕێی شەو و بێدەنگی ناکەن. زۆرجار لە رۆژێکی رووناکدا کارەکە دەکەن، بە هەماهەنگی و ئامادەکاری پێشوەختە. کە وایکردووە مۆزەخانەکان پێداچوونەوە بە سیستمی پاراستنی خۆیاندا بکەن.
لە پاریس دزەکان لە ماوەی کەمتر لە 10 خولەکدا بە بەکارهێنانی ئامێرە کارەباییەکان، هەڵیانکوتایە سەر باشترین مۆزەخانەی جیهان. لە قاهیرەش، ملوانکەیەکی زێڕین کە تەمەنی سێ هەزار ساڵە، بەهۆی خراپی تەکنیکەکانی ئاسایش و پاسەوانیەوە دزرا.
لە سەردەمێکیشدا، کە بڕیارە تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو میراتی مرۆڤایەتی بپارێزێت، مۆزەخانەکان رووبەڕووی راستیەک دەبنەوە. ئەویش ئەوەیە دزەکان زیاتر پیشەیی بوون.
ئێستا ئاڵنگارییەکە ئەوەیە، وەبەرهێنانی ریشەیی لە پاراستن و هاوکاری نێودەوڵەتی بۆ وەرگرتنەوەی شوێنەوارە ونبووەکان بکرێت. چونکە هەموو شتێکی دزراو، تەنها لەدەستدانی وێنەیەک یان پارچە زێڕێک نییە، بەڵکو لەدەستدانی بەشێکە لە یادەوەری مرۆڤایەتى.