سبەى
بەپێی توێژینەوەیەکی نوێی توێژەرانی زانکۆی ماکماستەری کەنەدی، چەورییەکانى بەشێک لە ئەندامەکانى جەستە کە بە چەوری شاراوە دادەنرێن زیان بە خوێنبەرەکان دەگەیەنن، تەنانەت لەو کەسانەشی کە تەندروست دەردەکەون.
توێژینەوەکە کە لە گۆڤاری میدیسین کۆمینیکەیشین بڵاوکراوەتەوە، دیدگایەکی نوێى لەسەر کاریگەری چەورییەکانی جەستە لەسەر نەخۆشییەکانی دڵ خستووەتەڕوو.
تا پێش ئەو توێژینەوەیە دەزانرا ئەو چەورییانەی کە لە ئەندامەکانی ناوەوەی جەستە کۆبوونەتەوە و لەگەڵ چەوری جگەر، مەترسییەکانی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم و نەخۆشی بەرزی فشاری خوێن زیاد دەکەن، بەڵام کاریگەرییەکانی لەسەر تەندروستی خوێنبەرەکان بە نادیارى مابوونەوە.
بەڵام بەبەکارهێنانى تەکنەلۆجیاى نوێ و داتای زیاتر لە 33 هەزار کەس لە کەنەدا و بەریتانیا، توێژەرەوان بۆیان دەرکەوتووە، ە چەورییەکانی دەوری ئەندامانانی ناوەوەی جەستە و چەوری جگەر، پەیوەندی راستەوخۆی بە گیرانی دەمارەکانەوە هەیە، کە دەبێتە هۆی گرفتەکانى پەیوەست بە جەڵتەی مێشک و دڵ.
راسل دی سۆزا مامۆستای زانکۆی ماکماستەر، کە بەشداری لە توێژینەوەکەدا کردووە دەڵێت، لەگەڵ خۆپاراستنە باوەکانی تایبەت بە مەترسییەکانی سەر دڵ، وەکو کۆلیسترۆڵ و بەرزی فشاری خوێن، بەڵام چەوری ئەندامانی ناوەوەی جەستە و چەوری جگەر، هۆکارێکی تێکچوونی خوێنبەرەکانن.
دەشڵێت ئەنجامی توێژینەوەکە وەکو زەنگێکی ئاگادارکردنەوەیە بۆ پزیشکەکان و خەڵک بەگشتی.
چەورییە شاراوەکان
توێژەوەران ئاماژەیان بەوە کردووە، چەورییەکانی ناو جەستە، پەیوەندی بە کۆبوونەوەی چەوری سەر دیواری خوێنبەرەکان و ئەستووربونیانەوە هەیە، ئەنجامی توێژینەوەکەشیان وەکو بەڵگەیەک هێناوەتەوە. توێژینەوەکە ئەوانەی لە ناوەڕاستی تەمەندان ئاگاداردەکاتەوە، کە چەورییە شاراوەکان مەترسییەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان زیاد دەکەن.
سۆنیا ئەناند پزیشکی خوێنبەرەکان لە زانکۆی هامیلتۆن دەڵێت، ناتوانرێت تەنیا بە سەیرکردنی کەسەکە ئەو حاڵەتە دەستنیشان بکرێت، کە تووشی چەوری ئەندامانی ناوەوەی جەستە بووە، بەڵکو پێویستی پە پشکنینی ورد هەیە، لەوانە پشکنینی لەرینەوەی موگناتیسی.
دەشڵێت، ئەو جۆرە لە چەوری زۆر چالاک و مەترسیدارە، بەو پێیەی پەیوەندی بە هەوکردن و تێکچوونی سیستمی خوێنبەرەکانەوە هەیە، لەو کەسانەش کە بە ئاشکرا کێشەی قەڵەویان نییە. لەبەرئەوە دەبێت پێداچوونەوە بە هەڵسەنگاندن بە کێشی زیاد و مەترسییەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و دەمارەکان بکرێت.