لەدەستدانى زیاتر لە 40%؛ بەبیابانبوون زەوى گەمارۆ دەدات

#بەبیابانبوون#گۆڕانى کەشوهەوا
4 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
بەهادین عەلی
پوختە :
  • بەپێی ئامارەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵانە رووبەرێکی جیهان، بە نزیکەیی قەبارەی میسر، یاخود نزیکەی 100 ملیۆن هێکتار زەوی کشتوکاڵی بەهۆی وشکەساڵی و بیابانبوونەوە تێکدەچن.
Primary Asset

سبەى

بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و مامەڵەکردنی خراپ لەگەڵ کارەساتە ژینگەییەکان، بووەتە هۆی زیادبوونی رێژەی بەبیابانبوون لە سەرانسەری جیهاندا. بەپێی ئامارەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵانە جیهان زەوی کشتوکاڵی بە روبەرى نزیکەی قەبارەی میسر لەدەستدەدات.

بە بیابانبوون، کە ناوچەیەکی وشک و بێ باران یاخود کەمی رێژەی باران بارین دەگرێتەوە، هۆکارەکەی پەیوەستە بە تێکچوونی سروشتی زەویەوە، کە سەرچاوەکەی مرۆڤە و بەگشتی لە ئەنجامی زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان و بڕینى دارستانەکانەوە دروست دەبێت.

بەپێی ئامارەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵانە رووبەرێکی جیهان، بە نزیکەیی قەبارەی میسر، یاخود نزیکەی 100 ملیۆن هێکتار زەوی کشتوکاڵی بەهۆی وشکەساڵی و بیابانبوونەوە تێکدەچن.

تێکچوونی زەوی کێشەیەکی جیهانییە و بە بەردەوامیش کێشەکە دەخرێتەوەڕوو. بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە لەلایەن رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی بیابانبوون ئامادەکراوە. ئێستا ئەو زەوییانەى بە وشک دادەنرێن 40.6%ی گۆی زەوی پێکدەهێنن.

هاوکات ژمارەی دانیشتووانی ئەو زەوییانە لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا دوو هێندە زیادی کردووە و گەیشتووەتە  2.3 ملیار کەس، کە دەکاتە زیاتر لە 25%ی دانیشتووانی جیهان. کە بەپێی خەمڵاندنەکان تاکو ساڵی 2100 بۆ 5 ملیار کەس بەرزدەبێتەوە.

لێکۆڵینەوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، کە نزیکەی 77%ی رووبەری وشکانی بەراورد بە 30 ساڵ لەمەوبەر تاکو ساڵی 2020 وشکتر بووەتەوە. پێشبینیش دەکات کە کاریگەرییەکانی بیابانبوون تا ساڵی 2030 نزیکەی 50 ملیۆن کەس ئاوارە بکات، ئەویش لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و بڕینى دارستانەکان و زیانگەیاندن بە سروشت لە زۆر شوێنی جیهان.

راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، تەنها لە ئاسیا زیاتر لە دوو ملیار کەس لەسەر ئەو زەوییانە دەژین. لە کاتێکدا لانیکەم یەک ملیار کەس لە ئەفریقا تووشی هەمان بارودۆخ بوون. وشکەساڵی تادێت زیاترروودەدات و گەرمبوونی جیهان، ئەم دۆخەی خراپتر کردووە.

ئەم دیاردەیە دەگەڕێتەوە بۆ چالاکییەکانی وەک شارنشینی، ئاژەڵداری، کانگاکان و دەردانی گازی ژەهراوی، کە بەشدارن لە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما. واتە دەستێوەردانەکانی مرۆڤ سووڕێکی خراپی دروستکردووە و کێشەکە گەورەتر دەکات.

راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە زیاتر لە 60%ی ئاسیای ناوەڕاست رووبەڕووی بیابانبوون دەبنەوە. بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماش لە بەشێک لە چین و ئۆزبەکستان و قیرغیزستان و چەند وڵاتێکی دیکە، بووەتە هۆی نیگەرانییەکی زۆر.

زانایان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی، کە لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە بەشێکی زۆری ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست پۆلێن کراوە، کە کەشوهەوای بیابانی هەیە. ئێستا کێشەکە لە باکووری ئۆزبەکستان، قیرغیزستان، باشووری کازاخستان و  باکووری رۆژئاوای چین بڵاوبووەتەوە.

هەروەها بیابانبوون دەبێتە هۆی لەدەستدانی جۆراوجۆری زیندەوەران و کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی. لە ئەفریقا کە نزیکەی 45%ی رووبەری زەوی کاریگەری بیابابوونی لەسەرە، زۆر کەس رووبەڕووی مەترسی زیاتر بوونەتەوە، لەوانە نەبوونی ئاسایشی خۆراک و کێشەی نیشتەجێبوون و تێکچوونی تەندروستی.

هاوکات خۆڵبارین لە ناوچەکاندا زۆرترین هەڕەشەی تەندروستی دروستکردووە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ئاسیا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئوسترالیا.

لە ئێستادا چەندین وڵات بەرپرسیارێتی کەمکردنەوەی بەبیانبوونیان لە رێگەی هەوڵەکانی چاندنی نەمامەوە لە ئەستۆ گرتووە. یەکێک لە هەوڵە گەورەکان پڕۆژەی دیواری سەوزی گەورەی چینە، کە ئامانجی چاندنی نەمامە لە 88 ملیۆن دۆنم زەوی و 5 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەدا.

دیواری سەوزی گەورەی ئەفریقا، کە پڕۆژەیەکی هاوشێوەی چاندنی نەمامە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی بیابانبوون، لە ساڵی 2007 دەستیپێکردووە، بەڵام تەواوکردنی دواکەوتووە.

لە کۆتایدا شارەزایان دەڵێن، هاوکاری کاریگەر و هەوڵەکانی کۆمەڵگا بەشدارییەکی بەرچاویان دەبێت لە کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و تێکچوونی ژینگە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی