دادگای فیدراڵی
سبەی
دادگای فیدراڵی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا، سكاڵایەكی لەسەر كارەبای 24 كاتژمێری هەرێمی كوردستان رەتكردەوە، كە لەلایەن عومەر گوڵپی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان پێشكەشكرابوو.
عومەر گوڵپی ئەمڕۆ ١٧ی ٨ی ٢٠٢٥ بڵاویكردەوە: "بەداخەوە، دادگای باڵای ئیتیحادی بە پاساوی نەبوونی تایبەتمەندی و پسپۆری ئەو داوایەی ڕەتكردەوە كە لەسەر زیادكردنی نرخی كارەبا تۆمارمان كردبوو".
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی كۆمەڵی دادگەری كوردستان نوسیویەتی: "ئەمڕۆ یەكشەممە، ١٧ی ٨ی ٢٠٢٥، ئامادەی یەكەم دانیشتنی دادگای باڵای ئیتحادی بووین سەبارەت بە داواكەمان لەسەر گرانكردنی نرخی كارەبا بە ناوی پرۆژەی ڕوناكییەوە، دادگا بڕیاریدا بە ڕەتكردنەوەی داواكەمان بە پاساوی ئەوەی لە پسپۆڕی دادگا نییە".
"گرانكردنی نرخی كارەبا تەنها پاساوەكەی بە (٢٤) سەعاتكردنە، لە ڕاستیدا بە بازرگانیكردنی كارەبایە وەك خزمەتگوزارییەكی بنەڕەتی ژیانی هاووڵاتیان، ئەمەش ستەمە لە خەڵك لە كاتێكدا كارەبا لە غازی خۆمان بەرهەمدەهێنرێت". عومەر گوڵپی وا دەڵێت.
ئەو ئەندامەی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە كۆتاییدا نوسیویەتی "لە هەشت مانگی ڕابردوودا بە هەموو ڕێگەیەك هەوڵی دژایەتی ئەم ستەمەمان دا، یەكێك لە ڕێگاكان دادگای باڵای ئیتیحادی بوو، لە داهاتووشدا هەرچیمان بۆ بكرێت بۆ دژایەتی ئەم ستەمە پشتیوان بەخوا كەمتەرخەمی ناكەین".
ناڕەزایەتی لە نرخەكەی
پرۆژەی رووناكی لە 17ـی مانگی 10ـی ساڵی رابردوو لەلایەن مەسرور بارزانی راگەیەنرا، ئەوەش دوای دوو مانگ لە تێستكردنی پڕۆژەكە لە گەڕەكێكی هەولێر، كە لەئێستادا لە ژمارەیەك گەڕەكی سلێمانی و دهۆكیش خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
نرخی كارەبا بەپێی پڕۆژەكە ناڕەزایی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار لە وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ "سبەی" نرخەكان بەم شێوەیە دیاریكراون و بەسەر پێنج قۆناغدا دابەشكراون:
0-400 كیلۆ وات: 72 دینار
800-400 كیلۆ وات: 108 دینار
1200-800 كیلۆ وات: 175 دینار
1600-1200 كیلۆوات: 265 دینار
1600 و زیاتر: 350 دینار
بەپێی راگەیەندراوی فەرمی پڕۆژەی روناكی: ئاستی بەكارهێنانی كارەبای هەر ماڵێكی ئاسایی لە هەرێمی كوردستان بەگشتی مانگانە 670 كیلۆواتە، بەو پێیەش 400 كیلۆ واتی یەكەم بە72 دینار بۆیان هەژمار دەكرێت و ئەوەی دیكەشی دەمێنێتەوە بە نرخی 108 دینار دیاری دەكرێت و مانگانە دەكاتە 57 هەزار و 960 دینار.
لەبەرامبەردا سەرچاوەیەكی ئاگادار لە وەزارەتی كارەبا بۆ "سبەی" ئاماژەی بەوەدا، بەگشتی هاوڵاتییان لە هەرێمی كوردستان مانگانە لەنێوان 700-750 كیلۆوات كارەبا بەكاردەهێنن و لەو بڕە پارەیە زیاتریان بۆ دەگەڕێتەوە.