سبەی
پسپۆڕان دەڵێن کەسێکی ئاسایی لە هەر 24 کاتژمێرێکدا شەش یان حەوت جار میز دەکات.
پێگەی (مێدیکاڵ نیوز تودەی) بڵاویکردەوە: میزکردن لە نێوان چوار بۆ 10 جاریش لە رۆژێکدا، رەنگە بە تەندروست هەژمار بکرێت، ئەگەر کاریگەری لەسەر کوالیتی ژیانی کەسەکە نەبێت. بۆ ژنانی دوو گیانیش، رەنگە رێژەی میزکردن بە تێپەڕبوونی کات بگۆڕێت، چونکە گۆڕانی هۆرمۆنەکان لە کاتی دووگیانیدا دەبێتە هۆی زیادبوونی دەرچوونی میز.
ئەم زیادبوونی میزکردنە رەنگە بۆ ماوەی هەشت هەفتە دوای منداڵبوون بەردەوام بێت.
نیشانەکانی میزکردنی زۆر یان کەمبوونەوەی
کەم میزکردن یان زۆر میزکردن لەوانەیە ئاماژە بێت بۆ حاڵەتێکی پزیشکی بنەڕەتی، بە تایبەت ئەگەر ئەم نیشانانەی خوارەوە هەبن:
- ئازاری پشت
- خوێن لە میزدا
- میزە چۆڕکە
- کێشەی میزکردن
- تا
-ئازار لەکاتی میزکردندا
- بۆنێکی بەهێزی میز
گرنگە راوێژ بە پزیشک بکەیت ئەگەر هەستت بە گۆڕانکارییەکی بەرچاو کرد لە میزکردندا، تەنانەت ئەگەر لە مەودای ئاسایی میزکردندا بێت.
چ هۆکارێک کاریگەری لەسەر رێژەی میزکردن هەیە؟
- تەمەن
- قەبارەی میزڵدان
- وەرگرتنی شلە
-خواردنی کحول و کافاین
- حاڵەتە پزیشکییەکان، وەک نەخۆشی شەکرە و هەوکردنی بۆری میز
-بەکارهێنانی هەندێک دەرمان و تەواوکەر
هەوکردنی بۆری میز
رەنگە چارەسەری دژە زیندەیی پێویست بێت، بەتایبەتی ئەگەر تا یان دووگیانی هەبێت.
میزڵدانی زۆر چالاک
چەند حاڵەتێک دەبنە هۆی چالاکبوونی زۆری میزڵدان، لەوانە هەوکردن، قەڵەوی، ناهاوسەنگی هۆرمۆنەکان و تێکچوونی دەمارەکان، زۆربەی حاڵەتەکان بە ئاسانی چارەسەر دەکرێن.
نەخۆشی ئازاربەخشی میزڵدان
ئەم حاڵەتە درێژخایەنە دەتوانێت ببێتە هۆی نیشانەکانی هاوشێوەی نیشانەکانی (هەوکردنی بۆری میز).
شەکرە
نەخۆشی شەکرەی دەستنیشاننەکراو یان چارەسەرنەکراو، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی شەکر لە خوێندا، ئەمەش دەبێتە هۆی زۆر میزکردن.
ئاستی کالیسیۆم لە خوێندا
کەمبوونەوەی کالیسیۆم، یان بەرزی کالیسیۆم، کالیسیۆم دەتوانێت کاریگەری لەسەر کارکردنی گورچیلە و دەرچوونی میز هەبێت.
کەم خوێنی
کەم خوێنی کاریگەری لەسەر گورچیلە و چڕیی میز هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی زۆر میزکردن لە هەندێک کەسدا.
کێشەی پرۆستات
گەورەبوونی پرۆستات دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی میزکردن، هەروەها مرۆڤ تووشی کێشە دەبێت لەگەڵ گەورەبوونی پرۆستات، چونکە ڕێگری لە رۆیشتنی میز دەکات.
لاوازی ماسولکەکانی حەوز
لەگەڵ لەدەستدانی هێزی ماسولکەکانی حەوز، ئەمەش دەبێتە هۆی میزکردنی زۆر، ئەمەش لەوانەیە لە ئەنجامی منداڵبوون یان پیربوونەوە بێت.
دەرمانەکان
دەرمانی میزهەڵگر ئەو دەرمانانەن کە میزکردن زیاد دەکەن.
دەرمانی میزهەڵگر شلە لە خوێنەوە دەکێشێت و دەینێرێت بۆ گورچیلە.
زۆرجار پزیشکەکان ئەم دەرمانانە بۆ ئەو کەسانە دەنووسن کە بەرزی پەستانی خوێن، نەخۆشی گورچیلە، یان نەخۆشی دڵیان هەیە.
شلەمەنییەکان
خواردنەوەی بڕێکی زۆر شلەمەنی دەبێتە هۆی زیادبوونی رێژەی میز، لەکاتێکدا نەخواردنەوەی بەپێی پێویست، دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی لەش و کەمبوونەوەی رێژەی میز.
بۆچی دوای میزکردن هەست بە پێویستی میزکردن دەکەیت؟
ئەگەر کەسێک دوای میزکردن بەردەوام بوو لە هەستکردن بە پێویستی میزکردن، لەوانەیە حاڵەتێکی تەندروستی هەبێت، وەک هەوکردنی بۆری میز، پزیشک دەتوانێت نیشانەکانت هەڵسەنگێنێت و ئامۆژگاری بکات.
تا چەند دەتوانیت میزەکەت رابگریت؟
هەندێک کەس دەتوانن میزەکانیان بۆ ماوەیەکی زۆر رابگرن، بەڵام نابێت بە بەردەوامی ئەو کارە بکەن، راگرتنی میز بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە هۆی لاوازبوونی ماسولکەکانی میزڵدان.
میزی تەندروست چ رەنگێکە؟
میزی تەندروست بەزۆری زەردێکی کاڵە، یان تۆخترە ئەگەر کەسێک کەمتر ئاو بخواتەوە.
چەندین هۆکار دەتوانن رەنگی میز بگۆڕن، (میزی زەردی زۆر تۆخ) لەوانەیە نیشانەی وشکبوونەوە بێت.