ژمارەیەک منداڵ لە ئەفغانستان
سبەی
قەیرانە مرۆییەكان لە ئەفغانستان بە جۆرێكە، خێزانەكان بە ئەستەم دەتوانن خواردن و پێداویستییەكانی رۆژانە بۆ منداڵەكانیان دابین بكەن. رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی چیرۆكی ژنێكی ئەفغانی دەگێڕێتەوە لە پێناو رزگاركردنی منداڵەكانی، منداڵێكی خۆی فرۆشتووە.
حومەیرا، ناوی ئەو ژنە ئەفغانییەیە، شەوان بۆ منداڵەكەی دەگری، چونكە بە هۆی هەژارییەوە ناچار بووە بیفرۆشێت بۆ ئەوەی منداڵەكانی دیكەی لە مردن و برسێتی رزگار بكات.
وەك لە راپۆرتەكەی تەلەگرافدا هاتووە، حومەیرا لە پێناو 400 مەتر زەویدا، منداڵێكی كوڕی دوو ساڵانی خۆی بە پیاوێكی ئەفغانی فرۆشتووە، ئەوەش دەرخەری خراپی دۆخی مرۆیی ئەفغانییەكانە لەژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا.
حومەیرا قسەی بۆ تەلەگراف كردووە و دەڵێت: "حەوت منداڵی بچووكم هەیە، هەموویان برسین، منداڵێكی خۆمان فرۆشت لەپێناو رزگاركردنی منداڵەكانی دیكەمان."
مامەڵەی حومەیرا و پیاوە دەوڵەمەندەكە چوار مانگ بەر لە ئێستا لە گوندێكی رۆژئاوای پارێزگای هەرات كراوە.
سەبارەت بەو رۆژەی منداڵەكەی فرۆشتووە، حومەیرا دەڵێت: "هەموو كاتێك ئەو رۆژەم لە یادە، وەكو ئەو وایە ئێستا روویدابێت." ژنەكە هەست بە خەمێكی قوڵ و ئازارێكی زۆر دەكات"، بەڵام لە هەمانكاتدا پاساو بۆ كارەكەی دەدۆزێتەوە و پێیوایە ئەو بڕیارە تاكە رێگەچارە بوو بۆ رزگاكردنی منداڵەكانی دیكەی.
هاوسەرەكەی حومەیرا، سەربازێكی پێشووی ئەفغانستانە، بەهۆی شەڕەوە كەمئەندام بووە و توانای كاركردنی نەماوە، تەنها تەماشەكەری برسێتی منداڵەكانیەتی.
ئەو پیاوەی منداڵەكەی حومەیرای كڕیوە، پیاوێكی دەوڵەمەندە، خاوەنی زەوییەكی زۆری كشتوكاڵییە، چەندجارێك هاوسەرگیری كردووە، بەڵام منداڵی نەبووە، ئەوەش هاندەری بووە بۆ كڕینی كوڕە دوو ساڵانەكەی حومەیرا.
لە ناوچەكەی حومەیرا، زەوییەكی 400 مەتری دەكرێت بەكاربهێنرێت بۆ مەبەستی كشتوكاڵی و چاندنی گەنم، ئەوەش بۆ پڕكردنەوەی گەدەی شەش منداڵەكەی دیكەی.
حومەیرا دەڵێت: "هەموو شەوێك بۆ منداڵەكەم دەگریم، نیگەرانم بۆی، بەڵام دڵخۆشیشم منداڵەكانی دیكەم خواردنیان هەیە بیخۆن،" حومەیرا دەشڵێت: "دەمانەوێت گەنم یان هەر شتێكی دیكە بڕوێنین، دواتر بتوانین بیفرۆشین و بە پارەكەی خواردن یان هەر شتێكی دیكە بكڕین."
ئاگایی منداڵە دوو ساڵانەكە هێندە نییە لە بارودۆخەكەی خۆی تێبگات، بەڵام بەشێك لە دایكی بۆ هەمیشە ون بووە دوای فرۆشتنی منداڵەكەی.
چیرۆكی حومەیرا و خێزانەكەی، رەنگدانەوەی نرخی مرۆڤە، لە داڕوخانی ئابووری ئەفغانستان، ئەو بارودۆخە ئەفغانستانی بۆ یەكێك لە گەورەترین كارەساتە مرۆییەكانی جیهان گۆڕیوە.