یەکەم زمانی دەستکرد؛ چوار تامی بنەڕەتی (ترش، شیرین، سوێر؛ تاڵ) دەناسێتەوە

#زمانی دەستکرد
9 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • گۆڤاری PNAS بڵاویکردۆتەوە، تیمێک لە زانایان سەرکەوتوو بوون لە دروستکردنی یەکەم زمانی دەستکرد کە توانای جیاکردنەوەی تامەکانی لە دۆخە شلەکاندا هەبێت، هاوشێوەی کارکردنی زمانی مرۆڤ.
Primary Asset

زمانی دەستکرد

سبەی

یەکەم زمانی دەستکرد دروستکرا، کە وەکو مرۆڤ چوار تامی بنەڕەتی (ترش، شیرین؛ سوێر؛ تاڵ) دەناسێتەوە، دۆزینەوەکە وەرچەرخانێکی نوێیە و بەکارهێنانی لە بوارە جیاجیاکان بەنمونە، پیشەسازی خۆراک و تەندروستی چاوەڕوان کراوە. 

گۆڤاری PNAS بڵاویکردۆتەوە، تیمێک لە زانایان سەرکەوتوو بوون لە دروستکردنی یەکەم زمانی دەستکرد کە توانای جیاکردنەوەی تامەکانی لە دۆخە شلەکاندا هەبێت، هاوشێوەی کارکردنی زمانی مرۆڤ.

داهێنانەکە ئاسۆیەکی فراوان دەکاتەوە بۆ پەرەپێدانی سیستمی ئۆتۆماتیکی پێشکەوتوو، لە چاودێریکردنی سەلامەتی خۆراک و دۆزینەوەی پێشوەختەی نەخۆشییەکان لەڕێگەی شیکاری کیمیاییەوە، هاوکات دۆزینەوەکە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو بە کۆمپیوتەرکردنی دەمارەکان.

ناسینەوەی چوار تام

ئەم زمانە دەستکردە پشت بە ڕووپۆشی ئۆکسیدی گرافینی زۆر تەنک دەبەستێت، کە پەڕەی کاربۆنی وەکو فلتەری گەردیلەیی  کاردەکەن.

بە پێچەوانەی فلتەرە ئاساییەکان کە تەنۆڵکە گەورەکان جیا دەکەنەوە، ئەم پەردانە جوڵەی تەنۆڵکەکان خاو دەکەنەوە، ئەمەش توانای ناسینەوە و هەڵگرتنی تامەکان لە یادگەدا بە زمانە دەستکردەکە دەبەخشێت.

لە تاقیکردنەوەکاندا، ئامێرەکە بە وردی لە نێوان 72.5% بۆ 87.5%، توانی چوار تامی بنەڕەتی دەستنیشان بکات، ( شیرین، ترش، سوێر، تاڵ).

هەستکردن و شیکردنەوەی زانیاریییەکان

ئەمە یەکەمجارە کە هەستکردن و شیکردنەوەی زانیاریی لە یەک ناوەندی شلدا تێکەڵ دەکرێن، سیستمی تامکردنی پێشوو بۆ پرۆسێسکردنی زانیارییەکان پشتی بە کۆمپیوتەری دەرەکی دەبەست، لەکاتێکدا زۆربەی پێکهاتە ئەلیکترۆنییەکان لەکاتی نوقمبوون لە شلەکاندا لەکاردەکەون.

داهێنانە نوێیەکە ئەم بەربەستەی تێپەڕاندووە، بەو پێیەی بەکارهێنانی پەردەی ئۆکسیدی گرافین، توانای ئەنجامدانی هەردوو ئەرکەکەی هەیە.

زوو دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان

توێژەران دووپاتیان کردەوە کە ئەم تەکنەلۆجیایە توانایەکی بەرفراوانی هەیە، لە دۆزینەوەی پێشوەختەی نەخۆشییەکان، لە ڕێگەی شیکردنەوەی تامە بایۆکیمیاییەکانەوە، تا دەگاتە دەستنیشانکردنی کاریگەرییەکانی دەرمانەکان، هاوکات یارمەتیدانی ئەو نەخۆشانە دەدات کە هەستی تامکردنیان، بەهۆی تێکچوونی دەمار یان جەڵتەی مێشک لەدەستداوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی