پوتین: ئەگەر ترەمپ سەرۆک بوایە جەنگی ئۆکراینا روی نەدەدا

#ترەمپ#پوتین#کۆبونەوە#ئالاسکا#ئۆکراینا
10 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • سەرۆکی ئەمەریکا و روسیا دوای زیاتر لە دوو کاتژمێر کۆبوونەوەی دوو قۆڵی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا بەبێ ئەوە وردەکارییەک لە گفتوگۆکانیان بخەنەڕوو جەختیان کردەوە کە دانوستانەکەیان بەرهەمدار بووە
  • ترەمپ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە تا ئەوکاتەی لەسەر هەموو بابەتەکان نەگەنە ڕێکەوتن، ڕێککەوتنی کۆتایی بەدەست نایەت
  • سەرۆکی روسیاش جەختی لەوە کردەوە کە ئاسایشی ئۆکراینا دەبێت گەرەنتی بکرێت، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد ئەگەر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بوایە ئەوا هیچ کات جەنگی ئۆکراینا رووینەدەدا
Primary Asset

سبەی

سەرۆکی ئەمەریکا و روسیا دوای زیاتر لە دوو کاتژمێر کۆبوونەوەی دوو قۆڵی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا بەبێ ئەوە وردەکارییەک لە گفتوگۆکانیان بخەنەڕوو جەختیان کردەوە کە دانوستانەکەیان بەرهەمدار بووە، ترەمپ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە تا ئەوکاتەی لەسەر هەموو بابەتەکان نەگەنە ڕێکەوتن، ڕێککەوتنی کۆتایی بەدەست نایەت، سەرۆکی روسیاش جەختی لەوە کردەوە کە ئاسایشی ئۆکراینا دەبێت گەرەنتی بکرێت، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد ئەگەر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بوایە ئەوا هیچ کات جەنگی ئۆکراینا رووینەدەدا.

دوێنێ هەینی (15ـی ئابی 2025) کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا لە ویلایەتی ئالاسکا ئەنجامدرا، دواتر سەرۆکی هەردوو سەرۆک لە کۆنگرەکی رۆژنامەنووسی هاوبەشدا باسیان لە کۆبونەوەکەی نێوانیان کرد.

لە سەرەتای کۆنگرەکەدا ڤلادیمیر پوتین نووسراوێکی خوێندەوە کە تیایدا  باسی لەوە کردبوو کە پاشخانی مێژوویی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و روسیا پێویستی بە باشتربوون هەیە و وتی: "پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی زۆر باشمان لەگەڵ ترەمپ هەبووە."

ئاماژەی بەوەکرد، ئۆکراینا یەکێک بوو لە پرسە سەرەکییەکان،  وتیشی "ئێمە ئامادەیی ترەمپ دەبینین بۆ تێگەیشتن لە سروشتی ململانێیەکان."

پوتین ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە لە دڵەوە  ئارەزووی کۆتاییهێنان بە ململانێیەکانی هەیە هاوکات جەختیشی لەوە کردەوە کە دەبێت هەموو هۆکارە بنەڕەتییەکانی هەڵگیرسانی ململانێیەکان چارەسەر بکرێت و هەموو نیگەرانییەکانی روسیاش لەبەرچاو بگیردرێت.

سەرۆکی روسیا وتیشی: "من لەگەڵ ترەمپ هاوڕام کە دەبێت ئاسایشی ئۆکراینا گەرەنتی بکرێت"، ئاماژەی بەوەکرد کە هیوادارە رێککەوتنەکانی ئەمڕۆ ببێتە خاڵی دەستپێک بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان روسیا و ئەمەریکا.

سەرۆکی لاوسیا لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: "پێموایە ئەگەر ترەمپ سەرۆک کۆمار بووایە، ئەم ململانێیە ڕووی نەدەدا."

لەبەرامبەردا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنگرەکەدا جەختی کردەوە لەوەی کە هیچ رێککەوتنێک نییە تا ئەوکاتەی دوو لایەن دەگەن بە ڕێککەوتنی کۆتایی.

دۆناڵد ترەمپ وتیشی: "هەر دوو لا پێشکەوتنیان لە گفتوگۆکاندا بەدەستهێناوە، بەڵام هێشتا هەندێک بابەتی گرنگ هەن کە رێککەوتنیان لەسەر نەکراوە."

ترەمپ هاوکات کۆبوونەوەکەی بە "زۆر بەرهەمدار" وەسفکرد و ئاماژەی بەوەکرد زۆر شت هەبوون کە لەسەری ڕێککەوتوون، بۆ دوو سێ شتی گەورەش کە تائێستا نەگەیشتووینەتە ئەنجام لەسەریان، پێشکەوتنیان بەدەستهێناوە.

ترەمپ رایگەیاند: بەم زووانە پەیوەندی بە بەرپرسانی ناتۆ و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراینا و بەرپرسانی دیکەی پەیوەندیدار بە ئیدارەکەیەوە دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر وردەکارییەکانی کۆبوونەوەکە، ترەمپ  ستایشی چەند راوێژکارێکی کرد، لەوانە مارکۆ روبیۆ و ستیڤ ویتکۆف و وتی"سەرکردەی گەورەمان هەیە کە کاری گەورەیان کردووە."

ترەمپ ئاماژەی بە پەیوەندی تایبەتی خۆی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین کرد و وتی "هەمیشە پەیوەندییەکی گرنگم لەگەڵ سەرۆک پوتین هەبووە."

سەرۆکی ئەمەریکا جەختی کردەوە، کۆبوونەوەکە هەنگاوێکی گەورە بوو بۆ پێشەوە و هیوای خواست کە دانوستانەکان بگەنە ئەنجام. ئاماژەی بەوەکرد تەنها چەند شتێک ماوە، هەندێکیان زۆر گرنگ نین و تەنها  ڕەنگە یەکێکیان گرنگترینیان بێت کە لەسەری نەگەیشتوونەتە ئەنجام، بەڵام چانسێکی باش هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.

ترەمپ لە کۆتاییدا سوپاسی پوتین و تیمەکەی کرد و هیوای خواست لە داهاتوودا کۆبوونەوەی گەورەتر ئەنجام بدەن، وتیشی" بەڕاستی نامانەوێت پێنج، شەش، حەوت هەزار کەس لە هەفتەیەکدا بکوژرێن، سەرۆک پوتینیش بەقەد من ئەوەی دەوێت."

ئەوەش لە کاتێکدایە کە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکە دوو سەرۆکەکە هیچ وردەکارییەک لەبارەی رێککەوتنەکانی نێوان هەردوولا ئاشکرا نەکرا.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی