روسیا و ئیسرائیل و حەماس؛ ناوەڕۆکى راپۆرتى نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەى"توندوتیژیی سێکسی" لەکاتى جەنگدا

#نەتەوەیەکگرتووەکان#توندوتیژی سێکسی
7 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 7 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
Primary Asset

سبەى

نەتەوەیەکگرتووەکان بەدیاریکراوی هۆشداری داوەتە ئیسرائیل و روسیا لە ئەگەری جێگیرکردنی هێزەکانیان لە لیستی ئەو لایەنانەی کە "توندوتیژی سێکسی" بەکاردەهێنن، لەکاتى ململانێکاندا، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی بەڵگەی باوەڕپێکراو لەسەر پێشێلکارییەکان.

ڕاپۆرتەکە کە لەلایەن ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە؛ "کەیسەکان بە پلەی یەکەم پەیوەندییان بەو پێشێلکارییانەوە هەیە کە لە شوێنەکانی دەستبەسەرکردندا تۆمارکراون". 

دۆسیەی ئیسرائیل

لە دۆسیەی ئیسرائیلدا، ڕاپۆرتەکە "زانیاری باوەڕپێکراو"ی پشتڕاستکردۆتەوە، کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان، شێوازەکانی توندوتیژی سێکسییان ئەنجامداوە، وەک "توندوتیژیی ئەندامی زاوزێ، ڕووتی بەزۆر و درێژخایەن".

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕووداوەکانی توندوتیژی سێکسی پەیوەست بە ململانێکانی پشتڕاستکردەوە، کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل و سوپای ئیسرائیل و دەزگای زیندانەکانی ئیسرائیلەوە ئەنجامدراون، لەوانەش یەکەی نحشۆن و هێزی تایبەتی کیتەر، دەزگای ئاسایشی ئیسرائیل کە بە (شین بیت) ناسراوە، یەکەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری پۆلیس (یەکەی یەمام) و ناوەندی دەستبەسەرکردنی ئێتزیۆن.

ڕاپۆرتەکە چی بەڵگەدار کردووە؟

ڕاپۆرتەکە ڕووداوەکانی توندوتیژی سێکسی پەیوەست بە ململانێی بەڵگەدار کردووە، کە لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدراون، بەنمونە دژی حەوت پیاوی فەلەستینی لە ناوەندەکانی نەقەب/کێتزیۆت، ئۆفەر، مێگیدۆ، ناوەندی دەستبەسەرکردنی ئێتزیۆن و بنکەی سەربازیی سدێ تەیمان.

ئەم ڕووداوانە لانیکەم سێ دەستدرێژی سێکسی و یەک هەوڵی دەستدرێژی سێکسی لەخۆگرتبوو، هەروەها ڕووداوی توندوتیژی لەوانەش پەستان، ڕاکێشان، یان لێدانی ئەندامی زاوزێی دەستگیرکراوەکان.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، دوو ڕووداوی لێدان و لێدانی ئەندامی زاوزێی لە خاڵێکی پشکنین و لەکاتی هەڵکوتانە سەر ماڵێک لە کەرتی ڕۆژئاوا پشتڕاستکردووەتەوە.

لە غەززە، پیاو و ژن و منداڵانی فەلەستینی بۆ ماوەیەکی زۆر ڕووتی زۆرەملێیان پێکراوە، لەنێویاندا ناچارکراون بە ڕووتی لەبەردەم خەڵکدا نمایش بکەن.

ئیسرائیل ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکەی ڕەتکردەوە و بە"نائاسایی" وەسیفکردووە

دانی دانۆن، باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی، "پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرنجی لەسەر تاوانە ترسناکەکانی جەنگ و توندوتیژی سێکسی بێت، کە لەلایەن حەماسەوە ئەنجام دەدرێن".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل سازش ناکات لە پاراستنی هاوڵاتیانی و بەردەوام دەبێت لە مامەڵەکردن بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، دانۆن نیگەرانییەکانی بە تۆمەتی بێ بنەما وەسف کردووە.

بزووتنەوەی حەماس لە ڕاپۆرتی گۆتێرێسدا وەک گروپێک ناوى هێنراوە "بە شێوەیەکی باوەڕپێکراو گومانی ئەوەی لێدەکرێت کە شێوازەکانی دەستدرێژی سێکسی، یان جۆرەکانی دیکەی توندوتیژی سێکسی ئەنجام بدەن یان بەرپرسیار بن".

بەڵام باسم نەعیم، سەرکردەیەکی بزووتنەوەی حەماس بە ئاژانسی رۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، بە تەواوەتی هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکەنەوە.

"پێشێلکاری" دژی دیلەکانی جەنگی ئۆکراینا

ڕاپۆرتەکە بەڵگەی "باوەڕپێکراوی لەسەر "پێشێلکارییەکانی دژی دیلەکانی جەنگی ئۆکرانیا لە 50 بنکەی دەستبەسەرداگرتنی فەرمی و 22 نافەرمی لە ئۆکرانیا و ڕووسیا خستۆتەڕوو.

لە ساڵی 2024دا، نوێنەرایەتی چاودێری مافی مرۆڤ لە ئۆکراینا 209 حاڵەتی توندوتیژی سێکسی پەیوەست بە ململانێی بەڵگەدار کرد، لەنێویاندا دەستدرێژی سێکسی.

ڕوونیشی کردەوە کە "ئەم حاڵەتانە ژمارەیەکی زۆر ڕووداوی توندوتیژی سێکسی لەخۆ گرتبوو، لەوانە لێدانی کارەبا، لێدان، سوتاندنی ئەندامی زاوزێ، و ڕوتکردنەوەی زۆرەملێ و ڕووتی درێژخایەن".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی