سبەى
یانەی لیڤەرپوڵی ئینگلیزی هاوینێکی مێژوویی بەڕێدەکات، بەجۆرێک لە ڕووی خەرجکردنی پارە لە کڕینی یاریزاندا گەیشتووە بە ژمارەی گەورە و پێوانەیی.
بە مەبەستی ئامادەبوونێکی رێکخراوتر بۆ وەرزی نوێی خول و پاڵەوانێتییەکان، یانەی لیڤەرپوڵی پاڵەوانی خولی ئینگلتەرا، ریزەکانی بە چەند یاریزانێکی ئاست بەرز بەهێزترکردووە.
رێدز لەم وەرزەدا بڕە پارەیەکی گەورەی خەرجکردووەو تاکو ئێستا بایی زیاتر لە 340 ملیۆن یۆرۆ یاریزانی کڕیووە.
لیڤەرپوڵ سەرەتای گواستنەوە سەرنجڕاکێشەکانی بە کڕینی فلۆریان ڤیرتز بە 136 ملیۆن یۆرۆ دەستپێکرد، دواتر هۆگۆ ئیکیتیکی بە (90 ملیۆن یۆرۆ)، میلۆش کیرکزی بە (46 ملیۆن یۆرۆ)، جیریمی فریمپۆنگی بە (40 ملیۆن یۆرۆ)، جیۆڤانی لیۆنی بە (30 ملیۆن یۆرۆ) بۆ ریزەکانی گواستەوە.
ئەو یانە مەزنەی ئینگلتەرا، ئامانجی لە گواستنەوەکان ئەوەیە هەوڵی پارێزگاریکردنی لە نازناوی خولی ئینگلتەرا بدات، لەگەڵ ئەوەشدا بە بەهێزی لە بەرەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپادا خۆی نمایش بکات.