سبەی
بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو، حکومەتی کاتی دیمەشق هەردوو دەروازەی سنوریی دێر حافر و تەبقەی بە روی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستاندا داخست و رێگە بە هاتوچۆی بازرگانیی نادات.
روانگەی سوریی بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە؛ حکومەتی کاتی دیمەشق، لە بڕیارێکی چاوەڕوان نەکراودا، دەروازەی بازرگانیی دێر حافری لە گوندەواری حەلەب و دەروازی تەبقەی لە سنوری رققە بە روی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی و هاتوچۆی بارهەڵگرەکان و گواستنەوەی سوتەمەنیدا داخستووە و پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا پچڕاندووە.
روانگەی سوری پشتبەستن بە سەرچاوەکانی بڵاوی کردەوە؛ لەناوچەکانی بەرکەوتنی نێوان گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا کە خراونەتە سەر وەزارەتی بەرگری سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات گرژی و ئاڵۆزی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و هەست بە جموجۆڵ و کۆکردنەوەی هێز دەکرێت لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی حەلەب و گوندەواری رۆژهەڵاتی رققە.
گروپە چەکدارەکانی سوڵتان سلێمان شا کە ناسراون بە "عەمەشات" و فیرقەی حەمزە، هێزێکی زۆریان بە تانک و زرێپۆش و چەکی قورسەوە لە نزیک شارۆچکەی دێر حافر لە رۆژهەڵاتی حەلەب کۆکردوەتەوە.
روانگەی سوری بڵاوی کردوەتەوە، ئەم جوڵە سەربازییانە لە کاتێکدایە، کە گرژییەکان لە ناوچەکەدا لە زیادبووندایە، لەبەرامبەریشدا هەسەدە رێوشوێنە خۆپارێزییەکانی زیاد کردووە و حاڵەتی ئەوپەڕی ئامادەباشی راگەیاندووە.
گرژی لە کەناراوەکانی فورات
لەلایەکی دیکەوە، ژمارەیەک چەکدار هێرشیان کردوەتە سەر ژمارەیەک شەڕڤانی هەسەدە لەناو دەرمانخانەیەک لە شارۆچکەی حەوایج سەر بە پارێزگای دێرەزور، بەهۆیەوە شەڕ لەنێوان هەردوولا رویداوە، کوژرانی چەکدارێک و برینداربوونی سیانی دیکەی لێکەوتوەتەوە، شەش شەڕڤانیش رفێندراون دواتر دوانیان ئازاد کراون.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە: لە کەناری رۆژئاوای روباری فورات، کە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی کاتی سوریایە، بە موشەکی هاوەن هێرشکراوەتە سەر سەنگەرەکانی هەسەدە، هەسەدەش ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنی بەرفراوانی بۆ دۆزینەوەی ئەندامە رفێندراوەکانی دەستپێکردووە و هەڕەشەی ئەوەی کردووە، کە ئەگەر ئازاد نەکرێن، هێرش دەکەنە سەر ناوچەکە.
سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە، ئەو چەکدارانەی هێرشیان کردوەتە سەر شەرڤانانی هەسەدە سەر بە گروپی حاتم ئەبو شەقران و هەڕەشەیان لە هەسەدە کردووە ئەگەر سەنگەرەکانیان چۆڵ نەکەن هێرشیان دەکەنە سەر.