دیمەنێکی سوید دۆخی کۆچبەران دەردەخات
سبەی
سوید رێوشوێنەکانی پەنابەریی تونددەکاتەوە و لەسەرەتای ساڵی داهاتووشدا 3200 یۆرۆ دەدات بە هەر پەنابەرێک بۆ وڵاتەکەی بگەڕێتەوە، رێکخراوەکانی تایبەت بەمافی پەنابەران سیاسەتە نوێیەکانی سوید رووبەڕووی رەخنەی توند دەکەنەوە، هاوکات سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە دەڵێت ئەو پەنابەرانەی تێکەڵاوی کۆمەڵگای سویدی نەبوون، دەبێت بیر لە گەڕانەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان بکەنەوە.
هەڵوێستی سوید بەرامبەر دۆسیەی پەنابەران و کۆچکردن
حکومەتی سوید ( کە لە هاوپەیمانی هێزە راسترەوەکان دروستبووە)، توندکردنی رێوشوێنەکانی دژ بە پەنابەرانی کردووە بە کاری لە پێشینەی خۆی.
بەپاڵپشتی پارتە راستڕوەکان، لە سوید کار لەسەر گۆڕانکاریکردن لە ماددەیەکی دەستوریی دەکرێت، کە حکومەت دەستکراوەدەکات لە سەندنەوەی رەگەزنامە لەو کەسانەی لە رێگەی (فێڵ) بوون بە هەڵگری پاسپۆرتی سویدی، یاخود تێوەگلاون لەو تاوانانەی هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی، بڕیاریشە لە ساڵی داهاتوودا، پرۆژەیاساکە لەپەرلەمانی سوید بخرێتە دەنگدانەوە.
بەپێی قسەی لێپرسراوانی ئەو وڵاتە، بڕگەی تێکەڵاوبوون لە کۆمەڵگا و کولتوری سوید، بۆ تاقیکردنەوەکانی وەرگرتنی رەگەزنامە زیاددەکرێت، هەر پەنابەرێکیش تێکەڵاوی سیستمی ژیانی سویدییەکان نەبوبێت، ناتوانێت ببێت بە خاوەن رەگەزنامەی ئەو وڵاتە.
گەڕانەوە بۆ نیشتمان
سوید پلانێکی بۆ ئەو پەنابەرانە هەیە کە خوازیارن بۆ وڵاتەکانی خۆیان بگەڕێنەوە، بەجۆرێک پاداشتی گەڕانەوەی لە 900 بۆ 3200 یۆرۆ بەرزکردۆتەوە، لەیەکەم رۆژی ساڵی داهاتووشدا دەکەوێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.
پلانەکە لە کاتێکدایە، لە مانگی پێنجی رابردوودا ئۆلف کریسترسۆن سەرۆک وەزیرانی سوید رایگەیاند ئەوانەی مافی یاساییان هەیە بۆ مانەوە لە وڵاتەکەی، بەڵام تێکەڵاوی کۆمەڵگای سویدی نەبوون، نرخی سیستمی ژیانی سویدییەکان نازانن، هەربۆیە بەلایەنی کەمەوە دەبێت بیرلەوە بکەنەوە کە بۆ وڵاتەکانی خۆیان بگەڕێنەوە.
لە دوای ساڵی 2015 وڵاتە ئەسکەندەناڤییەکان گۆڕاون
لە دوای ساڵی 2015ەوە وڵاتانی ئەسکەندەناڤی سیاسەتەکانی خۆیان تایبەت بە پەنابەران گۆڕیوە، بەجۆرێک لەدوای ئەو ساڵەوە رێوشوێنەکانیان توندکردۆتەوە.
لەو ساڵەدا، واتە ساڵی 2015 سوید ژمارەی پێوانەیی لە رووی داواکردنی مافی پەنابەری تۆمارکرد و گەیشت بە 160 هەزار کەس، کە زۆرینەیان لە عێراق و سوریا و ئەفغانستانەوە بوو.