جەنگی غەززە؛ درز دەخاتە ناو دامەزراوەکانی یەکێتیی ئەوروپا

#غەززە#ئەوروپا#ئیسرائیل
یەک ڕۆژ لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "پۆلتیکۆ" نزیکەی هەزار و 500 لە کۆی 32 هەزار فەرمانبەری یەکێتیی ئەوروپا، نامەیەکیان بەواژۆی خۆیان رادەستی سەروی خۆیان کردووە، هۆشداریان داوە لە خراپتربوونی دۆخی مرۆیی غەززە.
Primary Asset

وێنەیەک وەک هێمای ناڕەزایی بەرامبەر رووداوەکانی غەززە

سبەی

جەنگی غەززە درز دەخاتە ناو دامەزراوەکانی یەکێتیی ئەوروپا، زیاتر لە هەزار فەرمانبەری دامەزراوە جیاجیاکان، بڕوایان وایە لە ئامادەنەبوونی فشاری ئەوروپادا، تاوانەکانی ئیسرائیل زیاتردەبن.

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "پۆلتیکۆ" نزیکەی هەزار و 500 لە کۆی 32 هەزار فەرمانبەری یەکێتیی ئەوروپا، نامەیەکیان بەواژۆی خۆیان رادەستی سەروی خۆیان کردووە، هۆشداریان داوە لە خراپتربوونی دۆخی مرۆیی غەززە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە: ئەو فەرمانبەرانەی واژۆیان لەسەر نامەکە کردووە، دەڵێن ئامادەنەبوونی فشاری ئەوروپا، دەستی ئیسرائیل لە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و جینۆسایدکردنی خەڵکی غەززە کراوەترکردووە.

یەکێک لەو فەرمانبەرانە کە خۆی بە (رامۆنا) ناساندووە، بە رۆژنامەی پۆلتیکۆی وتووە؛ یەکێتییەکە سەرکوتی هەموو پێوەرەکانی ویژدان و پاپەندییە ئەخلاقی و سیاسییەکانی فەرمانبەرانی پێشێلکردووە، بەوەی رێوشوێنەکانی لەدژی ئیسرائیل دواخستووە.

لە بەرامبەردا ئەریانا بودیستا وتەبێژی کۆمیسیۆنی ئەوروپا رایگەیاندووە سیاسەتی دەرەوەی یەکێتییەکە پەیوەندی بە ئەندامانی یەکێتییەکەوە هەیە، دوپاتیشیکردۆتەوە دەبێت فەرمانبەرانی یەکێتییەکە بەئەوپەری بێ لایەنییەوە کارەکانیان ئەنجامبدەن، چونکە شوێنی کارەکانیان مەیدانی چالاکی سیاسی نییە.

لە راپۆرتی پۆلتیکۆ هاتووە، بەشێک لە فەرمانبەرە ناڕازییەکان، پلانیان ئەوەیە بایکۆت بکەن، بەڵام مامەڵەکردنی توند و هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانیان، وایکردووە دوودڵ بن لە هەنگاوەکانیان.

هاوکات کۆمیسیۆنی ئەوروپا، تۆمەتەکانی رەتکردۆتەوە و رایگەیاندووە، فەرمانبەرە نارازییەکان وایدەبینن کە جوڵەکانیان تەنیا بۆ ئەوەیە یەکێتییەکە پاپەندبێت بە بەڵێنەکانی و یاسای نێودەوڵەتییەوە. 

 نەتەوە یەكگرتووەكان: لە غەززە ئاشكرایان كردووە كە دۆخێكی مرۆیی قورس دەگوزەرێت

 نوسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مرۆیی لە بانگەوازێكی بەپەلەدا كە ئاڕاستەی رای گشتی كردووە، بڵاوی كردەوە؛ هاوبەشەكانی لە كاروباری فریاگوزاریی لە غەززە ئاشكرایان كردووە كە دۆخێكی مرۆیی قورس دەگوزەرێت بەجۆرێك جیهان شەرمەزار دەكات و پێویستی بە جوڵەیەكی خێرای مرۆیی هەیە.

پێشتریش بەرنامەی خۆراكیی جیهانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان رایگەیاندبوو: زیاتر لە 300 هەزار منداڵ لە دۆخێكی قورسدان و سێ- یەكی دانیشتوانی غەززە چەندین رۆژ لەسەر یەك هیچ خۆراكێكیان دەستنەكەوتووە.

ئاماژەی بەوەكردووە؛ غەززە پێویستی بە هاوكاریی مرۆیی بەپەلە هەیە و مانگانە لایەنی كەم 62 هەزار تۆن خۆراكی پێویستە وەك فریاگوزاری سەرەتایی، بەڵام لە ئێستادا رێگە نادرێت ئەو بڕە خۆراكە بگاتە دانیشتوانەكەی، بەهۆیەوە زیاتر لە دوو ملیۆن كەس لەو شارە مەترسیی لەسەر ژیانیان درووست بووە.

بەرنامەی خۆراك ئاشكرای كردووە، بەهەوڵی سەرجەم هاوبەشەكانیان توانیویانە بڕە خۆراكێك كۆبكەنەوە و لە رێگەی دەروازەی كەرم ئەبو سالم بیگەیەننە غەززە، بەڵام پێش گەیشتنی بە شوێنی مەبەست بەشێكی زۆر بارهەڵگرەكان بەتاڵكراون.

بەپێی ئەو رێكخراوە؛ سوتەمەنییش لە هەمان دەروازەوە دەچیتە غەززە، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل رۆژانە رێگە بە تێپەڕینی 150 هەزار لیتر سوتەمەنی دەدەن، ئەوەش كەمترین بڕە و بەشی پێداویستییەكان و رزگاركردنی ژیانی برسییەكان ناكات.

هەر لەوبارەیەوە، بەرگری شارستانی فەلەستین بڵاوی كردەوە؛ نیوە زیاتری ئۆتۆمبێلەكانی فریاگوزاری لە كاركەوتوون بەهۆی پەككەوتن و نەبوونی پارچەی یەدەگ یان نەبوونی سوتەمەنیەوە.

رێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵی جیهانیش هەفتەی رابردوو هۆشداری دا كە 1.5%ـی زەوی كشتوكاڵی غەززە ئێستا كاریان تێدا دەكرێت و بەرهەمیان هەیە، بەوەش سیستمی خۆراك لەو كەرتە بەتەواوەتی هەرەسی هێناوە.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی