عەون و لاریجانی
سبەی
عەلی لاریجانی ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە میانی سەردانێكدا گەیشتە لوبنان، ئەوش لە كاتێكدایە كە بە هۆی پرسی چەكداماڵینی حزبوڵڵا لە لایەن حكومەتی لوبنان و دواتر كاردانەوەی توندی راوێژكاری باڵای خامنەیی دژ بە بەیروت پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و لوبنان لە دۆخێكی سارد دایە، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی بەرپرسانی لوبنان پێشوازییەكی گەرم لە لاریجانی نەكەن، سەرۆكی لوبنایش هۆشداریدا لەوەی هەرچەشنە دەستوەردانێكی دەرەكی لەكاروباری ناوخۆیی لوبنان ڕێگەپێدراو نییە.
رۆژی چوارشەممە 13ی ئاب عەلی لاریجانی ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە میانی سەردانێكدا گەیشتە لوبنان و لەگەڵ جۆزێف عەون سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە كۆبووەوە.
“دۆستایەتی ئێران دەبێت لەگەڵ هەموو لوبنانییەكان بێت”
جۆزێف عەون، سەرۆكی لوبنان لە میانی دیدارەكەدا هەرچەشنە دەستوەردانێك لە كاروباری ناوخۆی وڵاتەكەی لەلایەن “هەر لایەنێكەوە” بە قبوڵنەكراو ناوبرد، جەختی لەوەش كردەوە كە دۆستایەتی ئێران دەبێت لەگەڵ هەموو لوبنانییەكان بێت نەك تەنها لەگەڵ گروپێكی دیاریكراو.
سەرۆك كۆماری لوبنان لە دیدارێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە هیچ گروپێك لە لوبنان بۆی نییە چەك هەڵبگرێت یان پشت بە پشتیوانی دەرەكی ببەستێت.
عەون هەروەها هۆشداری دا لە دەستوەردانی دەرەكی لە كاروباری ناوخۆی لوبنان و دووپاتیكردەوە " ولاتەكەی پێشوازی لە هاوكاری لەگەڵ ئێران دەكات، بەڵام تەنها لە چوارچێوەی سەروەری نەتەوەیی و ڕێزگرتنی یەكتر".
لای خۆیەوە عەلی لاریجانی دوای دیدارەكەی لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" سیاسەتی وڵاتەكەی ئەوەیە كە حكومەتەكانی ناوچەكە سەربەخۆ و بەهێز بن، هەر وڵاتێك مافی خۆیەتی بڕیار لەسەر داهاتووی خۆی بدات".
سكرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە بەرەی مقاوەمە وتی" پێگەی دۆست و دوژمن تێكەڵ مەكەن، مقاوەمە سەرمایەی نیشتمانیی ئێوە و هەموو وڵاتانی ئیسلامییە، دوژمنی ئێوە ئیسرائیلە كە هێرشی كردووەتە سەرتان و دۆستی ئێوە كەسێكە كە بەرەنگاری ئیسرائیل بووەتەوە".
لاریجانی وتیشی"هەوڵ مەدەن هەڵوێستی ئێران بگۆڕن، من بەرپرسی ئاسایشی وڵاتەكەمم، ئێران هیچ نیازێكی بۆ دەستوەردان لە كاروباری وڵاتان، بەتایبەتی لوبنان نییە".
قسەكانی لاریجانی سەبارەت بەوەی ئێران هەوڵی دەستوەردان لە كاروباری لوبنان نادات، لە كاتێكدایە كە پێشتر عەلی ئەكبەر ویلایەتی راوێژكاری باڵای ڕێبەری كۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندبوو “چەك داماڵینی حزبوڵڵا سەركەوتوو نابێت” و داوای لە ڕێبەرانی لوبنان كرد كە ئەو پلانە جێبەجێ نەكەن و ڕەتیبكەنەوە.
میدیاكانی لوبنان دژ بە ئێران هەڵوێست وەردەگرن
هاوكات لەگەڵ سەردانەكەی عەلی لاریجانی بۆ لوبنان بەشێك لە میدیاكانی ئەو وڵاتە بە توندی ڕەخنەیان لە "دەستوەردانەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە كاروباری ناوخۆی لوبنان" گرت.
لای خۆشییەوە كەناڵی (MTV) ی لوبنان شەوی ڕابردوو بڵاویكردەوە، سەردانەكەی عەلی لاریجانی “لە ناوەڕاستی لێدوانەكانی ئێران بۆ پێشێلكردنی سەروەری لوبنان ڕوودەدات”.
كەناڵی ئێم تی ڤی پرسیاری ئەوەی كرد " ئایا سەردانەكەی لاریجانی بە ئامانجی نێوەندگیریكردنە لە ئاگربەست یان ڕشتنی بەنزینە بەسەر ئاگرەكەدا ؟".
لای خۆشییەوە وەجدی ئارێزی، ڕۆژنامەنووسی لوبنانی ڕایگەیاندووە" حزبوڵڵا تاكە كارتە لە دەستی ئێران دوای داڕمانی گروپەكانی ناسراو بە مقاوەمە لە ناوچەكەدا، بۆیە هەوڵدەدات لە دانوستان لەگەڵ ئەمەریكادا ئەو كارتە بەكاربهێنێت بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوت لەسەر حیسابی لوبنان".
ئەو ڕۆژنامەنووسە دەڵێت "حكومەتی لوبنان بڕیاری كۆتایی لەسەر پرسی چەكداماڵین داوە و لەژێر هیچ تۆقاندنێك و ئیستفزازی سەر شەقامەكاندا پاشەكشە ناكات".
ڕۆژنامەی ئەهلیی لیوا لە وتارێكدا كە دوێنێ بڵاویكردەوە، سەردانەكەی عەلی لاریجانی بە "ئیستفزازی" وەسفكردووە و لێدوانەكانی بەرپرسانی ئێرانی بە "ڕەتكردنەوەی ئاشكرای سەروەری دەوڵەت و دەستوەردانێكی ئاشكرا لە كاروباری ناوخۆی لوبنان" ناوبردووە.
لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە: "پاڵپشتیكردنی ئێران بۆ حزبوڵا بۆ پاراستنی چەكەكانی، بەڕوونی پێداگری ئێرانە لەسەر پاراستنی كارتی لوبنان و بەردەوامبوون لە گۆڕینی وڵاتەكە بۆ سەكۆیەك بۆ پڕۆژە ناوچەییەكانی خۆی".