دوای نزیكەی دوو ساڵ لە شەڕ؛ بزوتنەوەی حەماس چۆن دەسەڵاتی لە غەززە پاراستووە؟

#حەماس#غەززە#ئیسرائیل
یەک ڕۆژ لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • بەپێی ڕاپۆرتێكی میدیا لاین، كە ماڵپەڕی وای نێتی ئیسرائیلی هاوبەشی كردۆتەوە سەرەڕای وێرانكردنی بەربڵاوی ژێرخانی غەززە و تیرۆركردنی سەركردە باڵاكان و گەمارۆیەكی قورس، حەماس هێشتا توانای بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانەی هەیە كە كۆنترۆڵی دەكات و درێژە بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی بدات و تەنانەت پارەی هێزەكانیشی دابین بكات.
Primary Asset

چەند ئەندامێکی حەماس

سبەی

دوای نزیكەی دوو ساڵ لە دەستپێكردنی شەڕی ئیسرائیل دژی حەماس و لە دوای هێرشە كوشندەكانی حەوتی ئۆكتۆبەر، تا ئێستاش ئەو گروپە وەك هێزی باڵادەست لە كەرتی غەززە ماوەتەوە و رادەست نەبووە.

بەپێی ڕاپۆرتێكی میدیا لاین، كە ماڵپەڕی وای نێتی ئیسرائیلی هاوبەشی كردۆتەوە سەرەڕای وێرانكردنی بەربڵاوی ژێرخانی غەززە و تیرۆركردنی سەركردە باڵاكان و گەمارۆیەكی قورس، حەماس هێشتا توانای بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانەی هەیە كە كۆنترۆڵی دەكات و درێژە بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی بدات و تەنانەت پارەی هێزەكانیشی دابین بكات.

شارەزایان دەڵێن بەردەوامبوونی دەسەڵاتی حەماس بە ڕێكەوت نییە، بەڵكوو دەرئەنجامی تۆڕێكە كە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا بە قووڵی لە پەیكەری كۆمەڵایەتی غەززەدا چەسپاوە. 

مایكل میلشتاین، سەرۆكی كۆمەڵەی لێكۆڵینەوەكانی فەلەستین لە سەنتەری موشە دایان دەڵێت: "حەماس تەنها گروپێكی سەربازی یان پارتێكی سیاسی نییە، بەڵكو دامەزراوەیەكی فراوانە كە پەیوەندی كۆمەڵایەتی بەهێزی لەڕێگەی پەروەردە، ڕێكخراوە خێرخوازییەكان، مزگەوتەكان، یانەكانی لاوان و كۆمەڵەی ژنانەوە دروستكردووە". 

میلشتاین مەزەندە دەكات كە سەرەڕای ئەوەی حەماس ٢٥ بۆ ٢٧ هەزار ئەندامی لەدەستداوە كە زۆربەیان لە باڵی سەربازیی ئەو گرووپە بوون، بەڵام حەماس بەهۆی پێكهاتەیەكی خۆڕاگر و توانای پڕكردنەوەی شوێنی ئەو ئەندامانەی لە شەڕدا لەدەستیان دەدات توانیویەتی وەك هێزی باڵادەست لە غەززە بمێنێتەوە.

لای خۆیەوە ئیحسان عەتایا، بەرپرسی پەیوەندییە عەرەبی و نێودەوڵەتییەكانی جیهادی ئیسلامی فەلەستین دەڵێت" حەماس تێكەڵەیەكە لە پابەندبوونی ئایدیۆلۆژی و پێكهاتەیەكی سەربازی یەكگرتوو". 

دەشڵێت" حەماس توانیویەتی لە ناو “كۆمەڵكوژی” و “قەیرانی برسێتی” كۆنترۆڵی سیاسی بپارێزێت و بە پشتبەستن بە ڕێكخراوێكی بەهێز چوارچێوەی پێكهاتەكەی بپارێزێت.

"لە ڕوانگەی سەربازییەوە، حەماس تاكتیكی خۆی گۆڕیوە و لە جیاتی كەتیبە و لیوای گەورە، ئێستا یەكە بچووكەكانی سێ بۆ حەوت كەسی بەكاردەهێنێت كە لەنێو وێرانەكانی شارەكاندا شەڕی پارتیزانی دەكەن،  فەرماندە مەیدانیەكانی حەماس هێشتا ڕۆڵێكی گرنگ دەگێڕن لە ئاراستەكردنی ئەم هێرشانە و پەیوەندی سەربازی نێوان یەكەكان دەپارێزن و تۆڕی بەرفراوانی تونێلە ژێرزەمینییەكان وەك كلیلی توانای مانەوە و جوڵەی حەماس دەمێنێتەوە، ئەمەش ڕێگەی دەدات سەرباز و چەك و سەركردەكان لە سەرتاسەری غەززەدا بجوڵێنێت". 

لە ڕووی داراییەوە، سەرەڕای ئەو گەمارۆ سەختە، "گروپەكە بەردەوامە لە پێدانی بەشێك لە مووچەی ئەندامەكانی، هەرچەندە فۆڕمی ئەم پارەدانانە گۆڕاوە بۆ ئەوەی بەشە خۆراك و ئاو و كەلوپەلی فریاگوزاری لەخۆبگرێت كە هەندێكجار لە ڕێگەی دەستبەسەرداگرتنی یارمەتییە نێودەوڵەتییەكان دابین دەكرێت".

بەگوێرەی لێكۆڵینەوەكانی بی بی سی كە لە ڕاپۆرتەكەدا ئاماژەی پێكراوە، "حەماس پێش 7ی ئۆكتۆبەر زیاتر لە 700 ملیۆن دۆلاری نەختینەی لە ژێر زەویدا شاردبۆوە، كە ئێستا هەندێكیان بە نهێنی بەسەر هێزەكانیدا دابەشی دەكەن، هەروەها باج لەبازرگانەكان وەردەگرێت و كاڵاكانی وەك جگەرە بە نرخێكی زۆر دەفرۆشێت و هاوكات هەندێك لە یارمەتییە نێودەولەتییەكان داگیر دەكات و لە بازاردا دوبارە دەیانفرۆشێتەوە". 

هەردوو ملشتاین و عەتایا جەخت لەسەر یەكگرتوویی سەركردایەتی حەماس دەكەنەوە و دەڵێن "بە پێچەوانەی باوەڕی جەماوەرییەوە سەبارەت بە درز لە نێوان سەركردایەتی حەماس لە غەززە و مەكتەبی سیاسی ئەو گروپە لە دەرەوەی وڵات، هەردوو لقەكە لە بواری دارایی و بڕیاردانی ستراتیژیدا هەماهەنگن".

بە وتەی میلشتاین، ستراتیژی ئێستای حەماس بریتییە لە "ماندووكردنی دوژمن"؛ ئامانجی گروپەكە سەركەوتنی خێرا نییە، بەڵكو درێژكردنەوەی شەڕ و زیادكردنی تێچووی سەربازی و ئابوری و سیاسییە بۆ ئیسرائیل تاوەكو دەستبەرداری غەززە بێت". هەروەها عەتایا ئەم ڕێگایە بە "تاكە بژاردەی بەردەست بۆ حەماس لەم بارودۆخەی ئێستادا دەبینێت".

میلشتاین لە كۆتاییدا دەڵێت" حەماس بەهێز نییە، بەڵام هێشتا وەستاوە، ئەوە بەسە بۆ ئەوەی تێبگەین كە ئەم گروپە چەندە ڕەگ و ڕیشەی لە واقیعی كۆمەڵایەتی غەززەدا دا كوتاوە".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی