شێروان شێروانی بە چوار ساڵ و پێنج مانگ زیندانیکردن سزادرا

#شێروان شێروانی#سزا#دادگای هەولێر#ئازادکردن
14 ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 14 ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • دادگای کەتنی بنەسڵاوە، سزای چوار ساڵ و پێنج مانگی دیکەی بەسەر شێروان شێروانیدا سەپاند و ئازادکردنی بۆ ماوەی چوار ساڵی دیکە دواخست.
Primary Asset

سبەی

دادگای کەتنی بنەسڵاوە، سزای چوار ساڵ و پێنج مانگی دیکەی بەسەر شێروان شێروانیدا سەپاند و ئازادکردنی بۆ ماوەی چوار ساڵی دیکە دواخست.

ئەمڕۆ سێشەممە (19ـی ئابی 2025) دادگای کەتنی بنەسڵاوەوە، سزای چوار ساڵ و پێنج مانگ زیندانی بەسەر شێروان شێروانی رۆژنامەنووس و چالاکواندا سەپاند، لەکاتێکدا دەبوو مانگی ئەیلولی 2023 ئازاد بکرێت.

پێشتر محەمەد عەبدوڵڵا پارێزەری رۆژنامەنووس شێروان شێروانی ئاشکرای کردبوو، رۆژی سێشەممە (19ـی ئابی 2025)  دانیشتنی یەكەمی، دۆسیەی سێیەمی شێروان شێروانی لە دادگای كەتنی بنەسڵاوە، بەڕێوە دەچێت. ئەوەش لەكاتێكدایە دەبوو ئەیلولی 2023 بە كەمكردنەوەی سزاكەی ئازاد بكرێت كە لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە بۆی كرابوو، بەڵام حكومەتی هەرێم بڕیارەكەی جێبەجێ نەكرد. سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤیش دەڵێت "ئاگاداری دۆسیەکەین و لەگەڵ خۆشی قسەمان کردووە".

پارێزەر محەمەد عەبدوڵڵا رایگەیاند: دەسەڵاتی سیاسی لە هەولێر، یەك بەدوای یەك گێچەڵی یاسایی بۆ رۆژنامەنوسی زیندانی كراو، شێروان شێروانی دروست دەكات بە ئامانجی رێگریكردن لە ئازادبوونی، جارێك بە تومەتی سیخوری بۆ ئەمەریكا و ئەڵمانیا و سوید، لەگەڵ هاوڕێكانیدا حوكمدرا، جارێكی تر بەناوی پەنجەمۆری ساختە لەناو زیندان، جارێك بەناوی ئیهانەی بەرپرسێك و هەڕەشەوە".

ئەو پارێزەرە دەشڵێت "دادگا و دادوەرەكانی هەولێریش وەك ئامرازی ژێر دەسەڵاتی حزبی گوێڕایەڵانە، فەرمانەكانی ئەوان و دەزگا ئەمنیەكان جێبەجێ دەكەن و یاسا پشتگوێ دەخەن، سیاسیانە رەفتار دەكەن، شێروانی كەوا خەریكە پێنج ساڵ لەزیندان تەواو دەكات، لەسەر دوو كەیس، دوو حوكمی جیاوازی خواردووە، كەچی ئێستا كەیسێكی تریشی بۆ لە دادگا ئامادەكراوە، بۆ ئەوەی حوكمی زیندانیكردنی زیاتری بدەن".

شێروان کاندیدی خەڵای نۆبڵە

"رۆژنامەنووس شێروان شێروانی كاندیدی خەڵاتی نۆبلی ئاشییە بۆ ساڵی 2025 و رۆژنامەنووسێكی دیارە، لەسەر بیروڕاكانی مكوڕە و هەموو بەرتیل و ئۆفەرێكی دەسەڵاتی رەتكردۆتەوە، كە لەبەرامبەر سازش بۆی پێشنیاركراوە. كە دواجار لە مانگی پێنجی 2025 دا بەڵێنی قەرەبووكردنەوەی پێنج ساڵ زیندانیكردنەكەی بە ئیمتیاز پێدرابوو، لەلایەن لیژنەیەكی ئەمنی سەر بە پارتی كە لەزیندان سەردانیان كردبوو، ئەمەش گەواهیدەری بێ تاوانی و بە سیاسیكردنی كەیسەكەیەتی". پارێزەر محەمەد عەبدوڵڵا وا دەڵێت.

ئەو پارێزەرە باس لەوە دەكات "شێروان ئێستا لە ژوورێكدایە كە ستاندارد بۆ 10سزا دراو دروستكراوە، كەچی 23 کەس و هەندێك جار زیاتریش سزادراو دەپەستێنە ژوورەكە، كە بەشێك لە سزادراوەكان نەخۆشی دەروونیان هەیە، بەشێكیشیان نەخۆش و پەككەوتەن".

محەمەد عەبدوڵڵا دەڵێت: بەردەوامیش كێشە بۆ پەیوەندی تەلەفۆنی و سەردانی كردنی دروست دەكەن، هەروەها رێگری لە كۆمەڵێك كتێب دەكەن، كە بەدەستی بگات. هاوكات بێ بەشكراوە لە لەبەشداری خولەكانی ناو زیندان و هەروەها درێژە دان بەخوێندن و قسەكردن بۆ میدیاكانیشی لێ قەدەغە كراوە، هەروەكو ناهێڵن بگوازرێتەوە بۆ زیندانی چاكسازی سلێمانی و رێگەش نادەن، ئازادبوونی بەمەرجی پێ بدرێت".

"بەهۆی شێروانەوە، خانەوادەكەشی روبەڕوی پێشلێلكاری بوونەتەوە"

لە بەشێكی دیكەی پەیامی پارێزەرەكەی شێروان شێروانیدا هاتووە:"بەهۆی هەڵوێستی خۆراگرانەی شێروانەوە، خانەوادەكەشی تووشی سزاو پێشلێلكاری بوونەتەوە. ساڵی پار بەهۆی بڵاوكراوەیەك بۆ رای گشتی لەسەر كەیسەكەی، بارزان شێروانی برای لەلایەن گروپێكی دەمامكدار لەنێوان رێگای هەولێر بۆ دهۆك، دەرفێندرێت و ئەشكەنجە دەدرێت، كەسیش لەسەر ئەم پێشێلكاریە ناگیرێت. دەسەڵاتی سیاسی لە ناوچەكەدا كە پارتیە، هیچ هەڵوێستێكیان نابێت، لە كاێكدا لەرێگای كەمێراكانەوە، تاوانبارەكان بدۆزنەوە".

لەبارەی پێشێلكاریەكانەوە وەك پارێزەرەكەی نوسیویەتی "شێروانی دەیان جار، لەرێگەی پارێزەرەكانی و نوێنەرو ئەندامانی كەمپینی ئازادی بۆ شێروان شێروانی، لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئاگاداركردۆتەوە، چ نوسینگەی وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی و چ بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاكسازیەكان و چ دەستەی مافی مرۆڤ، كەچی چارەسەر بۆ ئەم پێشێلكاریانە نەكراون، دادگاكانیش هەمیشە مراوەغەو دەستاو دەستیان بە پارێزەرو كەیسەكەیەوە دەكەن چ بە شاردنەوەی كەیسەكەو چ بە وەڵام نەدانەوەو دەیان رێگری تر".

وتەی پارێزەرەكەی لەكاتێكدایە، شێروان شێروانی دەبوو لە مانگی ئاداری ئەمساڵ ئازاد بكرێت، بەڵام ئەوكات رەمەزان ئەرتیسی پارێزەری دۆسیەكەی بە "سبەی" وت بە هۆی رێكارە تەكنیكیەكانەوە ئازاد نەكراوە. لەكاتێكدا دوای چوار ساڵ لە زیندان بەر لێبوردنی گشتیی كەوت و بڕیاربوو زیندانیەكەی بۆ نیوە كەم بكرێتەوە.

دەستەی مافی مرۆڤ: ئاگاداری کەیسەکەی شێروانین

لەوبارەیەوە مونا یاقو، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بە "سبەی" وت:" بە بەردەوامیی چاودێری دۆخی شێروان دەکەین، هەندێک جاریش کە پەیوەندیم پێوەکراوە لەلایەن براکەی یان خێزانی یان هەر کەسێکی تر، زانبیێتم پێویستە سەردانی چاکسازیم کردووە و لەگەڵ شیروان دانیشتووم".

وتیشی "ئاگاداری کەیسەکەین و شێروان خۆی بۆی باس کردووین، بۆ دادگاییەکەش رۆژ بە رۆژ لە دادگا لەگەڵی دەبین".

دادگای تاوانەكانی هەولێر، رۆژی (16ـی شوباتی2021) دوای چەند مانگێك لە دەستگیركردنی بەتۆمەتی "تێكدانی ئاسایی نیشتمانی" هەریەك لە شێروان شێروانی، ئەیاز كەرەم، گوهدار محەمەد، هاریوان عیسا و شڤان سەعیدی بە یەكی شەش ساڵ زیندانیكردن سزادا.

شێروان دەبوو کەی ئازاد بکرێت؟

هەرچەندە مانگی شوباتی 2022 بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان 60%ـی سزای سەر بەندکراوانی بادینان لابرا جگە لە شێروان شێروانی كە سزاكەی 50% كەمكرایەوە، بەڵام بڕیارەكەی نێچیرڤان بارزانی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە جێبەجێ نەكرا.

دوای لێخۆشبوونەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆژی (16ـی ئاداری 2023) سێ كەس لە حوكمدراوان ئەیاز كەرەم، هاریوان عیسا و شڤان سەعید ئازاد كران و دوای دوو سزای دیكە، گوهدار محەممەدیش ئازاد كرا.

بەپێی بڕیارەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دەبوو مانگی ئەیلولی 2023 شێروان شێروانی ئازاد بكرایە، بەڵام پێش ئەو كاتە و لە (20ـی تەمموزی 2023)، شێروانی بە مادەکانی 298 و 295 لە یاسای سزادانی عێراق، بە چوار ساڵ بەندكردن سزا درایەوە، دواتر بە بڕیارەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان چوار ساڵەكە كرایەوە بە دوو ساڵ و بڕیاربوو رۆژی نۆی ئاداری ئەمساڵ ئازاد بكرێت.

 شێروان شێروانی لە ساڵی 2021 بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی، لەگەڵ بەشێک لە هاوڕێکانی لە چالاکوان و رۆژنامەنووسانی بادینان دەستگیرکرا و  ئەوەش ناڕەزایەتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی زۆری لێکەوتەوە و داوای دەستبەجێ ئازادکردنیان کرا، بەڵام تائێستا دۆسیەکەیان بەردەوامە و سزای نوێیان بەسەردا دەسەپێندرێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی