لایەنگرێکی پەکەکە وێنەی ئۆجەلانی بەدەستەوەیە
سبەی
ترس لە شكستهێنانی كاری ئەو لیژنەیەی پەرلەمانی توركیا بۆ "پرۆسەی توركیای بێ تیرۆر" پێكیهێناوە و كورد بە پرۆسەی ئاشتی و دیموكراتیك ناویدەبات، تادێت زیاتر دەبێت، كاری لیژنەكە دانانی بنەما یاساییەكانی پرۆسەكەیە، هۆكاری ترسەكانیش بۆ ناڕوونی پەیامی ئۆجەلان و لێدوانی بەشێك لە بەرپرسانی توركیا و پەكەكە دەگەڕێنرێتەوە.
ئەوەی زیاتر گومانەكانی لە شكستی "پرۆسەی ئاشتی" ئەو پرۆسەیەی كۆتایی ساڵی رابردوو بە تەوقەیەكی دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی نەتەوەیی توركیا "مەهەپە" دەستیپێكرد قوڵكردۆتەوە، لێدوانی ژمارەیەك لە سەركردە و فەرماندەكانی پێشووی "پارتی كرێكارانی كوردستانە" كە لە ئایاری ئەمساڵەوە هەڵوەشاندنەوەی خۆی لەسەر داوای عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی حزبەكە راگەیاندووە، ئەو سەركردە و بەرپرسانەی پەكەكە گومانیان هەیە لەوەی كاری لیژنە پەرلەمانیەكەی توركیا كە ناوی نراوە "لیژنەی هەماهەنگی نیشتمانی و برایەتی و دیموكراتی" سەر بگرێت، كە پەرلەمانی توركیا لە پێنجی ئابی ئەمساڵ پێكیهێنا و لەوكاتەوە تائێستا حەوت كۆبوونەوەی ئەنجامداوە، جگە لەوەش بێ متمانەیی خۆیان بە نیەتی "پارتی دادوگەشەپێدان" ی دەسەڵاتداری توركیا سەبارەت بە پرۆسەكە دەردەبڕن.
ئەوەی گومانی لەسەرگرتنی پرۆسەكە زیاتركردووە، ئەو پەیامە كورتەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكەیە كە لە رێگەی شاندی ئیمراڵییەوە رۆژی 31 ی ئابی 2025 بڵاوكرایەوە، بە جۆرێك ئەو كەسانەی چاودێریی پرۆسەكە دەكەن گومانیان هەیە ئەو پرۆسەیەی لە 27 ی شوباتی رابردوو بە دەستپێشخەری ئۆجەلان دەستیپێكرد و ناونرا "بانگەواز لەپێناو ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك" سەر بگرێت، كە داوای هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە و كۆتایی هێنانی بە خەباتی چەكداری كرد، لەگەڵ چونیان بەرەو پرۆسەی سیاسی لەچوارچێوەیەكی یاساییدا.
قەیرانی متمانە
بە پێچەوانەی ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا و دەوڵەت باخچەلی هاوپەیمانی كە سەرۆكی پارتی نەتەوەیی توركیا "مەهەپە" یە لە 22 ی تشرینی 2024 جەختیان لێكردەوە كە دەستپێشخەری "توركیای بێ تیرۆرە"، پرۆسەكەش بانگەوازی ئۆجەلانی بۆ چەكدانانی پەكەكە لێكەوتەوە تا كاری لیژنەكەی پەرلەمانی توركیا بەرەوپێش بچێت، هێلین ئومێد ئەندامی پێشووی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پەكەكە دەڵێت "لیژنە پەرلەمانییەكە بە هەستیارییەوە دەجوڵێت بەهۆی ئەوەی متمانەی بە پارتی دادو گەشەپێدان نییە". جەختیشیكردەوە "ئەو لیژنەیە ناتوانێت ئیدارەی پرۆسەكە بدات".
هێلین ئومێد كە لەلایەن توركیاوە لە لیستی "سوری تیرۆریستە مەترسیدارە داواكراوەكاندایە" لە لێدوانێكدا بۆ "میدیا خەبەر" ی نزیك لە پەكەكە دەڵێت "لیژنە پەرلەمانیەكە دەسەڵاتی راستەوخۆی نییە بۆ داڕشتنی دەستوری نوێ و بە زەحمەتیش دەتوانێت گفتوگۆ لەسەر دەستورێكی دیموكراتی بكاتەوە".
ئەو بەرپرسەی پێشووی پەكەكە، پارتەكەی ئەردۆغان بەوە تۆمەتبار دەكات كە "رێبازی قازانجویستانە" بەرامبەر "پرۆسەی ئاشتی" پەیڕەو دەكات، بۆیە لیژنەكە بە هەستیارییەوە مامەڵە دەكات و كۆمەڵگەش ترسی هەیە لەوەی پارتی دادوگەشەپێدان لە هەڵوێستەكەی پەشیمان بێتەوە هاوشێوەی پرۆسەكەی پێشوو.
هێڵی سور
لەلایەن خۆیەوە، رەمزی كارتاڵ هاوسەرۆكی "كۆنگرەی گەل" كە رێكخراوێكی نزیك لە پەكەكەیە، پێكهێنانی لیژنە پەرلەمانیەكەی توركیا بە هەنگاوێكی باش لە قەڵەم دەدات، بەڵام دەشڵێت "وەكو پێویست نییە".
كارتاڵ لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی "فوڕات" ی نزیك لە پەكەكە، داواكاری حزبەكەی بۆ ئازادكردنی ئۆجەلان دووپات دەكاتەوە، دەشڵێت "هێَڵی سورمان ئازادی سەرۆك ئاپۆیە، پێویستە لەسەر دەوڵەت لەوبارەیەوە رێوشوێنەكان بگرێتەبەر".
رەمزی كارتاڵ رەخنە لە سیاسەتەكانی هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا دەگرێت، بەتایبەت لەبارەی سوریا، دەشڵێت "بانگەوازی فیدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات و یەكینەكانی پاراستنی گەل" و تێكەڵبوونیان بە هێزەكانی دەوڵەتی سوریا لەژێر سەركردایەتی ئەحمەد شەرع، سیاسەتێكی دوژمنكارانەیە بەرامبەر كورد و داواكارییەكە بۆ وێرانكردنی دەستكەوتەكانیان.
"30 هەڤاڵمان لە ئەندامانی پەكەكە لە پرۆسەیەكی سیمبولیكدا لە سلێمانی و لە 11 ی تەموزی رابردوو چەكەكانیان سوتاند، پێش ئەوەش ئێمە بەهێزبووین، ئەگەر دۆخەكە بگونجێت گەریلاكانمان بەشداریی ژیانی سیاسی و دیموكراتی دەكەن، ئەگەرنا ئامادەین خۆمان بپارێزین، لەماوەی 10 مانگی رابردوودا دەستكەوتەكانمان زیادیكردووە، هێزی مەیدانی و سیاسیمان بەدەستهێناوە، پێویستمان بە دروستكردنی رایەكی گشتیی بەهێزە بۆ بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی دیموكراتیك". رەمزی كارتاڵ وا دەڵێت.
ناڕوونیی و دژیەكی
لیژنە پەرلەمانیەكەی توركیا لە كەشێكی "دوودڵانەدا" كارەكانیان بەردەوامیی پێدەدەن، پارتی یەكسانی و دیموكراتی گەلان دەیەوێت لیژنەكە كارەكانی خێرا بكات بەوپێیەی سەرپەرشتیی پرۆسەكە دەكات لەنێوان دەوڵەتی توركیا و عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە، بۆ ئەوەی پێشنیازی گۆڕانكاری یاساكان بەشداربێت لە پرۆسەی چەكدانانی پەكەكە و گونجاندنی كەشی یاسایی، چونكە ئەگەر گۆڕانكاری یاسایی بكرێت ئەوانەی چەك دادەنێن چیتر گروپێك نابن بەڵكو هەزاران گەریلا دەبن.
لەبەرانبەردا دەوڵەت و پەرلەمان، سورن لەسەر ئەوەی پێویستە پرۆسەی چەكدانانی پەكەكە بەردەوام بێت، تا ئەوكاتەی هەنگاوی یاسایی تەواو دەكرێن.
ئەو دژیەكیی و ناكۆكییە لە راگەیەندراوی رۆژی هەینی رابردووی "دەم پارتی" رەنگیدایەوە، كاتێك شاندی دەم پارتی ئیمراڵی سەردانی ئۆجەلانیان كرد، بەوتەی بەشێك لە چاودێرانی دۆخەكە، بەتایبەت رۆژنامەنوس موراد یەتكین پەیامەكەی ئۆجەلانی بە "ناڕوون" ناوبرد و وتی "دەستەواژەی بێ ناوەڕۆك یاخود پڕ لە كۆدی تێدایە". ئەمەش وایكردووە چاودێران پێیان وابێت "هیچ شتێكی نوێ نییە بۆ وتن".
پەیامەكەی ئۆجەلان دەڵێت"ئەو كێشەیەی رووبەرووی دەبینەوە پێویستی بە نەشتەرێكی تایبەت هەیە، كۆمەڵگەی دیموكراتیك و ئاشتی و یەكگرتن، چەكی سەرەكیین بۆ ئەو پرۆسەیەی بەڕێوەدەچێت".
ئۆجەلان هەروەها دەشڵێت "ئەگەر بمانەوێت لەسەر ئەو بنەمایە بگەینە ئەنجام، پێویستمان بە قۆناغێكی نوێ هەیە كە هەنگاوی خێرای تێدا بنرێت لەسەرجەم ئاستەكان لەپێناو بەرژەوەندی هەموان".
بەوتەی "یەتكین" لە پەیامەكەی ئۆجەلاندا ئەوەی جێگەی هۆشدارییە هیچ ئاماژەیەكی بۆ كاری لیژنە پەرلەمانیەكە تێدا نییە، لەگەڵ ئەوەشدا باسی لە مەرجی ئازادكردنی ئۆجەلان نەكردووە كە لەلایەن بەرپرسانی پەكەكە لە قەندیل دانراوە بۆ بەردەوامیی پرۆسەكە، هەروەها هیچ ئاماژەیەكی راستەوخۆی تێدا نییە بۆ چەكدانان و دوو جاریش باس لە وشەی "تێكەڵكردن" دەكات.