100 ملیار دۆلار وەبەرهێنان .. غەززە دەکرێتە ناوەندێکی گەشتیاری و تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو

#غەززە#داگیرکردن#کۆنترۆڵکردن#ئاوەدانکردنەوە#وەبەرهێنان#گەشتیاری#تەکنەلۆجی
6 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • پلانی دوای داگیرکردنی تەواوەتی یان کۆتایی هاتنی جەنگ لە غەززە و راگواستنی ئارەزومەندانەی دانیشتوانەکەی ئاشکرا دەکرێت، کە لە ماوەی 10 ساڵ و بە سەرمایەی 100 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی تێدا دەکرێت.
Primary Asset

سبەی

پلانی دوای داگیرکردنی تەواوەتی یان کۆتایی هاتنی جەنگ لە غەززە و راگواستنی ئارەزومەندانەی دانیشتوانەکەی ئاشکرا دەکرێت، کە لە ماوەی 10 ساڵ و بە سەرمایەی 100 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی تێدا دەکرێت. 

رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرەنوتی ئیسرائیلی بڵاوی کردوە، پلانی ئاوەدانکردنەوەی غەززە لە 38 لاپەڕە پێکهاتووە و پشتی بەستووە بە نەخشەڕێگا و بەڵێنێکی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، بۆ گۆڕینی وێرانەی دوای جەنگ بۆ ناوچەیەکی ئارام کە ئەمەریکا بۆ ماوەی 10 ساڵ بەڕێوەی دەبات.

لەو ماوەیەدا بەپێی پلانەکە؛ غەززە دەکرێتە ناوەندێکی گەورەی گەشتیاری و کاتبەسەربردن و ناوەندێکی گەورەی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، کە ژمارەیەکی زۆر کارگەی پێشکەوتوو لە خۆدەگرێت.

نەخشەرێگاکە، خۆی دەبینێتەوە لە بەجێهێشتنی ئارەزوومەندانەی زیاتر لە دوو ملیۆن دانیشتوی غەززە  بۆ وڵاتێکی دیکە، یان درووستکردنی ژمارەیەک کۆمەڵگە و کامپی نیشتەجێبوونی داخراو و پارێزراو لەناو کەرتی غەززە لە قۆناغی بونیاتنانەوەدا.

خاوەن زەوی و موڵکەکان کۆدێکی ژمارەییان پێدەدرێت لە سندوقی پەرەپێدان بەرامبەر مافی دووبارە بەکارهێنان و بەگەڕخستنی موڵکەکانیان، سود وەرگرتن لە پارەی موڵکەکانیان بۆ دروستکردنی ژیانێکی نوێ لە دەرەوەی غەززە.

رۆژنامەکە بڵاوی کردوەتەوە، سندوقێکی تایبەت درووست دەکرێت بەناوی سندوقی دووبارە بونیاتنانەوەی غەززە و گەشەی ئابوری و گۆڕانکاریی (GREAT) کە لەلایەن ژمارەیەک کەسایەتی ئیسرائیلی سەرۆکایەتی دەکرێت کە پێشتر سندقی مرۆیی غەززەیان دروستکردووە و ئێستا بە هاوکاریی و پاڵپشتی ئەمەریکا خۆراک و پێداویستی مرۆیی بەسەر دانیشتوانی غەززەدا دابەش دەکەن.

چارەنووسی دانیشتوانی غەززە

بەپێی پلانەکە، فەلەستینیەکان دەتوانن ئەو کۆدە ژمارەییەی وەریانگرتووە بەکاربهێن لە ژیانە نوێیەکەیان لە دەرەوەی کەرتی غەززە، ئەو کەسانەشی بڕیاری مانەوە دەدەن دەتوانن بەکاریبهێنن بۆ کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون لەو پڕۆژە یان شارە نمونەییانەی کە ژمارەیان 6 بۆ 8 شارە و لەناو کەرتی غەززە درووست دەکرێن.

هەرکەسێکیش بڕیار بدات غەززە جێبهێڵێت، مینحەیەکی دارایی بە بڕی 5 هەزار دۆلار وەردەگرێت، پاڵپشتی پێدانی کرێی شوێنی نیشتەجێبوونەکەی دەکرێت بۆ ماوەی 4 ساڵ لە دەرەوەی کەرتی غەززە، سەرەڕای دابینکردنی خۆراکی یەک ساڵی.

لەبەشێکی دیکەی پلانەکەدا هاتووە، هەر کەسێک غەززە بە یەکجاریی بەجێبهێڵێت، لە رێگەی سندوقی پەرەپێدانەوە 23 هەزار دۆلاری پێدەدرێت، لەبەرامبەردا هەر کەسێک بڕیاری مانەوەی یەکجاریی بدات تێچووی مانەوەی کاتی و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی لە کۆمەڵگە داخراوە تایبەتەکان پێدەدرێت.

هەرچەندە کۆشکی سپی ئەمەریکا ئامادەنەبووە هیچ لێدوانێک لەبارەی پلانەکەوە بۆ رۆژنامە ئیسرائیلییەکە بدات، گروپی "بۆستن بۆ راوێژکاریی" ئاشکرای کردووە تائێستا بڕیاری کۆتایی لەسەر پلانەکە نەدراوە و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی زیاترن.

ئایندەی غەززە

رۆژی چوارشەممەی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بەبەشداریی تۆنی بلێر سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا و گارید کۆشنێر زاو و راوێژکاری پێشووی دۆناڵد ترەمپ، ژمارەیەک لە راویژکاران و بەرپرسانی باڵا کۆبونەوەیەکی تایبەتی سەبارەت بە ئایندەی کەرتی غەززە ئەنجامداوە. ئامانجی سەرەکیی کۆبونەوەکە گفتوگۆکردن بووە لەبارەی چارەنوسی ناوچەکە دوای جەنگ.

کۆشنەری زاوای ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا سەرپەرشتی زۆربەی دەستپێشخەرییەکی ئیدارەکەی دەکرد لەبارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە و بەرژەوەندیی تایبەتی ئابوری و وەبەرهێنانی هەیە لە ناوچەکە. بۆیە ئەگەری زۆرە سەرۆکایەتی پڕۆژەی غەززەی دوای جەنگ بکات.

هەرچەندە تائێستا هیچ راگەیەندراوێکی فەرمی لەبارەی کۆبونەوەکەوە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رۆژی پێش کۆبونەوەکە رایگەیاند: ئەمەریکا پلانێکی گشتیگری بۆ ناوچەکە هەیە.

بەپێی رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرەنوت، هیچ پلانێکی ئەمەریکا بۆ ناوچەکە نییە، جگە لە پلانی (GREAT) کە تایبەتە بە غەززەی دوای جەنگ.

تێچووی پلانەکە

بەپێی رۆژنامە ئیسرائیلییەکە، پلانەکە پشت دەبەستێت بە بەخشین لەلایەن ناوەند و وڵاتانی گەورەی ناوچەکە و جیهان، بەشێکی پشت بە وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت دەبەستێت لە رێگەی پڕۆژەی زەبلاح لە غەززە، لەوانە کارگەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، ناوەندە گەشتیارییەکان کەناراوەکان و تاوەرەکانی بازرگانی و نیشتەجێبوون.

بەپێی پلانەکە، بە بڕی 100 ملیار دۆلار و بۆ ماوەی 10 ساڵ وەبەرهێنان لە کەرتی غەززە دەکرێت. دەکرێت تێچووەکەی بۆ چەند ئەوەندە زیادبکرێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی