نهێنى نوێ لەبارەى ژیانى جەنگیزخان؛ چۆن هاوسەرەکەى یارمەتیدا بۆ بنیاتنانى ئیمپراتۆریەتەکەى؟

#مەنگۆلەکان#جەنگیزخان#بورتێ
13 ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 13 ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • مێژوونووسان جەخت لەسەر ڕۆڵی گرنگی بورتێ دەکەن بۆ ئەوەی جەنگیز خانی هاوسەری ئیمپراتۆریەتی مەنگۆل دابمەرزرێنێت و دواتر ئیمپراتۆرییەکە بەم جۆرە پەل بهاوێت بە جیهاندا.
Primary Asset

سبەی 

مێژوونووسان جەخت لەسەر ڕۆڵی گرنگی بورتێ دەکەن بۆ بنیاتنانى ئیمپراتۆریەتی مەنگۆل لەلایەن جەنگیز خانی هاوسەرییەوە کە دواتر ئیمپراتۆرییەکە پەلى هاویشت بە جیهاندا. 

جەنگیز خان کە ناوی ڕەسەنی تیموجین بوو، ئیمپراتۆرییەتی مەنگۆلی لە سەرەتای سەدەی 13ەمدا دامەزراند. هاوسەرەکەی، کە لە تەمەنێکی کەمدا هاوسەرگیری لەگەڵ کرد، ڕۆڵی گرنگی لەم پڕۆسەیەدا بینی.

تیموجین سەر بە هۆزی بۆرجیگین بوو، لە تەمەنی 16 ساڵیدا هاوسەرگیری لەگەڵ بورتێ کرد، کە سەر بە هۆزێکی هاوپەیمانی خۆیان بوو.

بورتێ ماوەیەکی کەم دوای هاوسەرگیری لەگەڵ تیموجین، لەلایەن دوژمنەکانیەوە ڕفێندرا.

ڕۆژنامەنووس ئیرین بلەیکمۆر دەڵێت رفاندنی بورتێ تۆڵەسەندنەوە بووە لەبەرانبە ڕفاندنی ژنێکی هۆزی مێرکیت بە ناوی هۆیلین لەلایەن یەسوجەی، سەرۆکی هۆزی بۆرجیگین، ئەوەش بەپێی بی بی سی.

تیموجین کوڕی یەسوجەی و هۆیلین بوو، کە یەسوجەی ڕفاندبووی.

 تیموجین هاوسەرە ڕفێندراوەکەی، واتا بورتێ'ی ڕزگار کرد. 

دواتر هۆزەکانی مێرکتی تێکشکاند و زەوییەکانی ئەوانی داگیرکرد.

چۆنێتی دۆزینەوەی بورتێ لەلایەن تەموجینەوە لە کتێبی "مێژووی نهێنیی مەنگۆلەکان"ی ئیگۆر تی. ڕاشڤیڵدزدا بەم شێوەیە گێڕدراوەتەوە: "لە کاتی تاڵانییەکانی جەنگدا، تیموجین خۆی کردە ناو خەڵکی ڕاکردووەوە و هاواری کرد 'بورتێ! بورتێ!".

بورتێ کە دەنگی تیموجینی ناسییەوە، بەرەو تیموجین ڕایکرد. سەرەڕای ئەوەی شەویش بوو، بورتێ لە ژێر ڕووناکی مانگدا لغاو و گوریسی ئەسپی تیموجینی ناسییەوە و گرتنی. تیموجینیش بورتێی ناسییەوە.

فەلسەفەی ژیانی جەنگیز خان

 ئەم جۆرە دەستبەسەرداگرتنانەى خاک لەلایەن هۆزەکانی بۆرجیگین بەردەوام بوو تا تیموجین، ناسراو بە جەنگیز خان، بوو بە دامەزرێنەری ئیمپراتۆرییەتی مەنگۆل لە سەرەتای سەدەی 13ەمدا.

ڕیچارد پرێسلەر لە کتێبەکەیدا بە ناوی "سەدەی سێزدەهەم: مێژوویەکی جیهانی" دەنووسێت کە جەنگیز خان پێگەی خۆی بە شەڕەکان پتەوتر کردووە و هیچ فەلسەفەیەکی فەرمی نەبووە. فەلسەفەی ئەو بە باشترین شێوە بە قسەکانی خۆی دەردەکەوت".

بەپێی کتێبی "خاکی دڵ"ی ستوارت لێگ، جەنگیز خان وتبووی: "خۆشبەختی پیاو لە تێکشکاندن و پانکردنەوەی سەری دوژمنەکەی و لێسەندنەوەی هەموو شتێکە لێی".

جەنگیز خان لە تەواوی ژیانیدا بەم فەلسەفەیە کاری دەکرد.

ڕۆژنامەنووس ئیرین بلەیکمۆر دەڵێت: "جەنگیز خان زۆر ناوچەی داگیرکرد و خستیە سەر ئیمپراتۆرییەکەی. زۆر ژن و سەدان کۆیلەی هەبوو. بەڵام بورتێ یەکەم، خۆشەویسترین و کاریگەرترین هاوسەری بوو. ئەو نەک تەنها لە دڵی جەنگیز خاندا، بەڵکو لە کاروباری دەوڵەتیشدا پێگەیەکی گرنگی هەبوو".

لە لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی لە ئیمپراتۆرییەتی مەنگۆل کە لەلایەن مایکڵ بێرن و هۆدانگ کیم لە زانکۆی کامبریجەوە ئەنجام دراوە، دەرکەوتووە ژنان ڕۆڵێکی سەرەکییان لە کۆمەڵگەی مەنگۆلدا لە ئاستی سیاسی، دیپلۆماسی و ستراتیژیدا گێڕاوە.

ژنان ڕاوێژیان بە بنەماڵەی خان دەکرد، دەبوونە باڵیۆز یان بە شێوەیەکی کەسی بۆ ئەرکە دیپلۆماسییەکان دەچوون و پەیوەندییان لەگەڵ فەرمانڕەواکانی ناوچەکانی تردا دروست دەکرد.

ژنان بەشدارییان لە کۆبوونەوەکانی حکومەت دەکرد، پلانی شەڕەکانیان دادەنا، هەروەها بەشدارییان لە بڕیارە سیاسی و جێنشینییەکاندا دەکرد. 

هەرچەندە نەیاندەتوانی خۆیان وەک فەرمانڕەوا هەڵبژێرن دوای مردنی خان، بەڵام دەیانتوانی دەسەڵاتی خۆیان لە حکومەتدا بەکاربهێنن.

دایکی جەنگیز خان، هۆیلین، ژنێکی زۆر کاریگەر بوو لە قۆناغەکانی سەرەتای ئیمپراتۆرییەتدا. دوای مردنی یەسوجەی، منداڵەکانی لە هەژاریدا بەخێو کرد و حیکمەتی سیاسی فێری تەموجین کرد. بورتێ ڕۆڵێکی سەرەکی لە هەموو ئەمانەدا بینی.

ڕفاندنی بورتێ

 بورتێ لە ساڵی 1161دا وەک ئەندامێکی هۆزی ئۆڵکونوت لەدایک بوو، کە هاوپەیمانی تیموجین و هۆزی بۆرجیگین بوو. لە منداڵیدا هەردووکیان کرابوون بە دەستگیرانی یەکتر و بورتێ لە تەمەنی 17 ساڵیدا و جەنگیز خان لە تەمەنی 16 ساڵیدا هاوسەرگیرییان کرد.

 چەند ڕۆژێک دوای ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکە، هۆزی مێرکیت هێرشی کردە سەر کەمپی ئەو دوو هاوسەرە. تیموجین، لەگەڵ شەش برا بچووکەکەی و دایکی، توانیان ڕابکەن، بەڵام بورتێ گیرا. ئەندامانی هۆزی مێرکیت لە ڕاستیدا تەنها ویستبوویان بورتێ بڕفێنن.

 بەپێی چیرۆکەکە، دایکی تیموجین، هۆیلین، سەر بە هۆزی مێرکیت بوو و باوکی تەموجین ڕفاندبووی و کردبووی بە هاوسەری خۆی.

مێرکیتەکان ساڵانێک بوو ئەم ڕووداوەیان لەبیر نەکردبوو و دەیانویست بە ڕفاندنی بورتێ تۆڵەی خۆیان بکەنەوە. بورتێ لە عەرەبانەیەکدا خۆی شاردەوە، بەڵام مێرکیتەکان دۆزیانەوە و بە ئەسپ بردیان. تەموجین لە هەوڵەکانی بەردەوام بوو بۆ ڕزگارکردنی هاوسەرەکەی.

هۆزە کۆچەرییەکانی مێرکیت لە هەزاران کیلۆمەتر لە دەشتەکانی ئاسیای ناوەڕاستدا بۆ هەر کوێ ڕۆیشتبان، تیموجین لە دوورەوە شوێنیان دەکەوت. لەم ماوەیەدا، دەستی کرد بە کۆکردنەوەی هاوڕێکانی لە دەوری خۆی.

یەکێک لە وتە بەناوبانگەکانی ئەمە بوو: "هۆزی مێرکیت تەنها خێمەکەی منی بەتاڵ نەکرد، بەڵکو سنگمیان کردەوە و دڵمیان دەرهێنا".

لە کۆتاییدا، کاتێک هۆزەکانی مێرکیت لە نزیک دەریاچەی بایکال لە سیبریا کەمپیان دانابوو، تیموجین و پیاوەکانی بە ئۆپەراسیۆنێکی پارتیزانی بورتێ'یان لە دەست دوژمنەکانیان ڕزگار کرد.

بەپێی گوتەی هەندێک لە مێژوونووسان ئەم ڕووداوە گرنگترین ڕووداو بوو لە ژیانی جەنگیز خاندا، چونکە بردیە "سەر ڕێگایەک کە دەیکرد بە ئیمپراتۆر.

بورتێ و دامەزراندنی ئیمپراتۆرییەتەکە

 بەپێی کتێبی "مێژووی ئیمپراتۆرییەتی مەنگۆل" کە لەلایەن کامبریجەوە بڵاوکراوەتەوە، بورتێ لە ساڵی 1178دا هاوسەرگیری لەگەڵ تیموجین کردووە.

کاتیا ڕایت، لە یەکێک لە وتارەکانیدا دەنووسێت کە بورتێ کچی سەرۆکی هۆزی کۆنگورات بووە. بەهۆی ئەم هاوسەرگیرییەوە، کاری سیاسی تیموجین دەستی پێکردووە.

ئەم پەیوەندییە، ناسنامەی بنەماڵەیەکی بەڕێزی پێبەخشی و وای لێکرد کە کۆمەڵێک هاوڕێ بناسێت کە یارمەتییاندا بۆ گەیشتن بە دەسەڵات. 

بەپێی هەمان کتێب هاوسەرگیرییەکە هەروەها وای لە تیموجین کرد کە خێزانێک دروست بکات کە بەشێکی دانەبڕاو بوو لە هاوپەیمانییە سیاسییەکانی مەنگۆل.

بورتێ ڕاوێژی سیاسی بە تیموجین داوە. خاوەنی نۆ منداڵ بوون. کوڕەکانی بوون بە فەرمانڕەوای ناوچە جیاوازەکانی ئیمپراتۆرییەت. 

کوڕەکەی ئۆگەدای وەک جێنشینی جەنگیز خان ڕاگەیەندرا. کوڕەکانی لە هاوسەرەکانی تری ئەم پێگەیەیان نەبوو.

تیمۆسی مەی، لە کتێبەکەیدا بە ناوی "ئیمپراتۆرییەتی مەنگۆل" دەنووسێت کە تەنها کوڕەکانی بورتێ وەک جێنشینی تیموجین قبوڵ کراون. 

مێژووی ئیمپراتۆرییەتی مەنگۆل ئاماژە بەوە دەدات کە کچەکانی بورتێ شوویان بە پیاوانی هۆزە جیاوازەکان کردبوو و ئەمانەش هێزێکی سیاسی و سەربازییان بە ئیمپراتۆرییەتی مەنگۆل بەخشی.

ئەم پەیوەندییانە یارمەتیدەر بوون بۆ ئەوەی میرنشینە هاوسێکان بەبێ شەڕ بە ئیمپراتۆریەتییەکەوە بلکێندرێن. 

 هاوسەرەکانی کچەکانی بورتێ دواتر بەشدارییان لە هەڵمەتە سەربازییەکاندا کردووە، وەک داگیرکردنی خوارەزم (1219) و داگیرکردنی باکووری چین (1211-1215، 1217-1223).

 بەپێی گوتەی تیمۆسی مەی، بورتێ چەندین منداڵی بێ باوکی بەخێو کردووە و ئەمەش ڕێز و پێگەی کۆمەڵایەتیی ئەوی بەرز کردەوە.

بورتێ وەک ڕاوێژکاری سیاسی و سەربازی

 ئان برادبریدج لە کتێبەکەیدا بە ناوی "ژنان و دروستبوونی ئیمپراتۆرییەتی مەنگۆل" دەڵێت کە گرنگی ژنان لە ئیمپراتۆرییەتەکەدا ناوبانگی دەرکردبوو.

 بورتێ ژنێکی زیرەک بوو. هەندێک لە بەرپرسیارێتییەکانی لەگەڵ خەسوویدا، هۆیلین، بەش دەکرد، لەوانەش بەڕێوەبردنی کاروباری دارایی کەمپی هۆزەکە.

وەک هاوسەرێکی نموونەیی، بورتێ نەک تەنها سەرپەرشتی شوێنی مانەوەی تیموجین و ئاژەڵەکانی دەکرد، بەڵکو یاریدەدەرە کەسییەکانی، خزمەتکارەکانی، کۆیلەکانی، هاوسەرەکانی تری، و پاسەوانەکانیشی بەڕێوە دەبرد.

ژمارەی ئەم کەسانە ڕەنگە لە هەزار کەس زیاتر بووبێت. 

بەپێی نەریتی مەنگۆلی، ئەو بەرپرس بوو لە دڵخۆشکردنی مێردەکەی و میوانەکانی. لە شوێنی مانەوەی ئەو واژوو لەسەر  زۆر گرێبەست و ڕێککەوتنی گرنگ دەکران.

ئامۆژگاری باشی بە تیموجین دەدا و ئەم ئامۆژگارییانەش بە جیدی وەردەگیران. خێزانەکەی لە سیاسەت و شەڕدا زۆر پشتگیری جەنگیز خانیان دەکرد.

ئەو پێگەیەکی گرنگی لە کۆمەڵگەی مەنگۆلدا هەبوو. جەنگیز خان داوای ڕاوێژی لێ دەکرد سەبارەت بە پرسە سیاسییەکان و شەڕ.

ئەو بە زیرەکییەوە ئەم متمانەیەی بەکارهێنا. بۆ نموونە، دوای ڕفاندنی بورتێ، ڕاوێژی بە جەنگیز خان کرد کە کۆتایی بە دۆستایەتی لەگەڵ جەموکا بهێنێت، کە هاوڕێیەکی نزیکی بوو و یارمەتیدابوو بۆ ئازادکردنی، بەڵام دواتر بوو بە دوژمنێکی سیاسی.

 لە 1204دا، جەنگیز خان جەموکای تێکشکاند و فەرمانی دا بکوژرێت.

 بەپێی گوتەی تیمۆسی مەی، بورتێ کاروباری پەیوەندیدار بە ڕێگا بازرگانییەکان لە سەرانسەری ئاسیادا بەڕێوە دەبرد. هەروەها ڕاوێژی بە بەرپرسان و بازرگانەکان دەدا کە لەسەر ئەم ڕێگایانە گەشتیان دەکرد. 

بەپێی بەڵگەنامە مێژووییەکان، ئەو زۆر کاریگەر بوو لەم ڕۆڵەیدا. زۆرێک لە کارەکانی بەڵگەدار کراون.

لە ڕووداوێکی تردا، تایپ تانگاری، کە هاوپەیمانێکی نزیکی خان بوو، سوکایەتی بە برای تەموجین کرد. 

بورتێ دەستبەجێ کاردانەوەی نیشان دا، سوور بوو لەسەر ئەوەی کە مێردەکەی بە توندی سزای بدات.

بلەیکمۆر بە ئاماژەدان بە مێژوونووس دۆنا هامیل، دەنووسێت: "لەم ڕووداوەدا جەنگیز خان، بە پەیڕەوکردنی ڕاوێژی بورتێ، ئاشتی لەنێو خەڵکدا بەرقەرار کرد و سەرکردایەتی خۆی بەهێز کرد.

بەپێی گوتەی بلەیکمۆر، "بورتێ باڵوێز، ڕاوێژکار و بەڕێوەبەر بوو. ئەو بەرپرسیار بوو لە دیاریکردنی ڕۆڵی شاژن لەناو ئیمپراتۆرییەتەکەدا. هەرچەندە زۆر لایەنی ژیانی بورتێ لەژێر پەردەی مێژوودا ماوەتەوە، بەڵام نموونەیەکە بۆ ڕۆڵی ژیانیی ژنان لە بنیاتنانی ئیمپراتۆرییەت و بەڕێوەبردنیدا".

برادبریدج دەنووسێت: "ئەگەر ژنانێک وەک بورتێ لە ئیمپراتۆرییەتی مەنگۆلدا نەبوونایە، ئیمپراتۆرییەتەکەش بوونی نەدەبوو". 

ئەو لە سەرانسەری ژیانی جەنگیز خاندا کاریگەرترین هاوسەری بوو. زۆربەی کات لەگەڵ مێردەکەیدا ژیاوە. تەنانەت کاتێکیش لەگەڵ خاندا نەبووە، بەشێک لە ئیمپراتۆرییەتی خۆی بەڕێوە بردووە.

 برادبریدج، بورتێ وەک یەکێک لە کاریگەرترین ژنەکانی ژیانی جەنگیز خان وەسف دەکات. چیرۆکەکانی دەربارەی بورتێ شایەتی ئەم ڕاستییەن.

کاتێک جەنگیز خان سەرقاڵی داگیرکردنی شوێنە جیاوازەکانی جیهان بوو، بورتێ لە مەنگۆلیا مایەوە بۆ یارمەتیدان لە بەڕێوەبردنی ئیمپراتۆرییەتەکە.

خاکە تایبەتییەکانی ئەو لە کەنار ڕووباری کێروولێن بوون.  بەپێی گوتەی تیمۆسی مەی، بورتێ لە دوای مێردەکەی جەنگیز خان لە ساڵی 1230دا مرد. لە ماوەی ژیانیدا بوو بە یەکێک لە ڕێزدارترین کەسایەتییەکانی نەتەوەی مەنگۆل.

بورتێ نەک تەنها ڕاوێژی بە مێردەکەی دەدا، بەڵکو کچەکانیشی پەروەردە دەکرد بۆ ئەوەی ببنە نوێنەر، باڵوێز و بەشداری چالاکانە لە کاروباری دەوڵەتدا بکەن.

بەپێی گوتەی ماکس لو، نووسەری کتێبی "کاروباری ئاسیا"، کەناری ئەو دەریاچەیەی کە جەنگیز خان و شاژن بورتێ تێیدا هاوسەرگیرییان کرد، لە ئێستادا لە خاکی مەنگۆلیادایە و لای مەنگۆلەکان بە پیرۆز دادەنرێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی