دۆستۆیڤسکی
سبەی
فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی. لە تەمەنی حەڤدە ساڵیدا نامەیەکی بۆ میخائیلی برای نووسی و دەڵێت "پڕۆژەیەکی گەورەم هەیە، دەمەوێت شێت بم. ئەگەر خەڵکی توانییان با چارەسەرم بکەن، هەوڵبدەن عاقڵم بکەنەوە".
بۆچی دۆستۆیڤسکی لە تەمەنێکی وا بچووکدا ئەمەی نووسی؟ ئایا پێشبینی ئەوەی کردبوو کە تەنها 10 ساڵ دواتر، کاتێک سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و دواتر لە کۆتا خولەکدا، چەند چرکەیەک پێش تەقەکردنەکە، لەلایەن قەیسەری روسیاوە فەرمانی لێ خۆش بوونی بۆ دەرکرا؟ هەر کەسێک کە بەو ساتەوەختەدا تێدەپەڕێت ناتوانێت لەبیری بکات: ساتەوەختی ساتەکان.
ئایا بە ئاگاداری یان نائاگایی درکی بەوە کردووە، کە دەنێردرێتە زیندانییەکی ئەشکەنجەدان لە سیبیریا، کە چوار ساڵ رۆژانە لە دۆزەخ و کاری قورس بەسەر ببات؟ ئایا پێشبینی ئەوەی کردبوو، کە رۆمانی نائاسایی بنووسێت: وەک تاوان و سزا، سوک و رسواکان، گەمژە و برایانی کارامازۆڤ؟ هتد.
دەزانرێت کە دوای سیبیریا تووشی نەخۆشی پەرکەم بووە، نەخۆشییەک بوو کە دەکەوتە سەر زەوی و کەفی لە دەمی دەردەهات، دوای تێپەڕبوونی گرژبوونەکەش داوای لێبوردنی لە ژنەکەی دەکرد.
لەگەڵ ئەوەشدا نەک هەر شێت بوو، بەڵکو بوو بە گەورەترین نووسەر لە مێژووی ئەدەبیاتی روسیادا. کاتێک قوڵ دەبینەوە لە ژیاننامەکەی و بەرهەمە گەورەکانی، یەکسەر قەناعەتمان بە سرووشتی شێتانەی ئەو دەبێت. ئەم جۆرە رۆمانانە نەدەکرا لەلایەن کەسێکی ئاساییەوە بنووسرێن. بەڵام ئێمە قەناعەتمان بە مرۆڤدۆستی قووڵ و بێهاوتای ئەویش هەیە. ئەم مرۆڤگەراییە لە وێناکردنی سەرسوڕهێنەری ئازارەکانی هەژاران و سادە و خەمبارەکان لە ژیانیدا دیارە. لەگەڵیان دەژی، تا رادەی هەڵوەشانەوە لەگەڵیان تێکەڵ دەبێت.
ئەو تەنیا نووسەرێکی درەوشاوە نەبوو، بەڵکو لە سەرووی هەمووشیانەوە مرۆڤێکیش بوو. گەورەیی دۆستۆیڤسکی لێرەدایە، کاتێک ژنێکی هەژار یان منداڵێکی برسی لە شەقامەکانی سانت پترسبۆرگ دەبینی، دەسووتێت و ئازاری دەدا. خۆزگەی دەخواست هەموو خەڵکی هەژاری دونیا رزگار بکات.
هەندێک، رۆمانی تاوان و سزا بە گەورەترین رۆمانی مێژووی ئەدەبی روسی و رەنگە تەنانەت ئەدەبیاتی غەیرە رووسیش دەزانن. دۆستۆیڤسکی لێرەدا شاکارێکی ئەدەبی رەهای نووسیوە کە سەدەکان تێدەپەڕێنێت. نزیکە بڵێم رۆمانێکی بەدواداچوونە کە هاوتەریبی نییە لە ئەدەبیاتی جیهانیدا.
راستە دۆستۆیڤسکی ژیانی خۆی لە دۆخێکی گرژیی نێوان خودا و شەیتاندا بەسەر بردووە، لە نێوان بەرزترین بەرزەکان و نزمترین ئاستی نزمەکاندا، بەڵام دواجار خودا بەسەر شەیتاندا سەرکەوت. ئەمەش بەڵگەی رۆمانە درەوشاوەکەی بە ناوی برایانی کارامازۆڤە. دواجار دۆستۆیڤسکی گەیشتە ئەوێ و جنۆکەکانی ناوەوەی خۆی داگیر کرد.
دۆستۆیڤسکی لە ٨ی پەنایەری 1880 لە کاتی پەردەلادان لەسەر پەیکەری پوشکین لە دڵی مۆسکۆدا، وتارێکی بەناوبانگی خۆی پێشکەش کرد. لە کۆتاییدا وتی: شاعیر لە لوتکەی دەسەڵاتەکانی و پێگەیشتن و تواناکانیدا مرد و نهێنییەکی گەورەی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرت بۆ گۆڕەکەی، ئێستا بانگەوازمان بۆ دەکرێت کە بەبێ ئەو، ئەم نهێنییە تێبگەین.