
سبەی
بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر هەیە 25 وڵات لە جیهاندا ببنە خاوەن بۆمبی ئەتۆمی دەشڵێت"مەترسی سەرهەڵدانی شەڕی ئەتۆمیی زیاترە لە رابردوو".
رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی لاڕیپبلیکای ئیتاڵی دەڵێت" بەبێ ئەوەی بمەوێت ترس و دڵەڕاوکێ دروستبکەم، دەڵێم مەترسیی شەڕی ئەتۆمی ئەمڕۆ زیاترە لە رابردوو".
گرۆسی بەبێ ئەوەی راستەوخۆ باس لە ماوەی دیاریکراو بۆ ئەو جەنگە بکات، ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەر هەیە 25 وڵات لە داهاتوویەکی نزیکدا ببنە خاوەن چەکی ئەتۆمی دەشڵێت" لە ئێستادا نۆ دەوڵەتی خاوەن چەکی ئەتۆمی لە جیهاندا هەن".
بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی راشیگەیاند" پرۆسەی چەکداماڵین یان کەمکردنەوەی کۆنترۆڵکراوی جبەخانە ئەتۆمییەکان وەستاوە، ئەوانەی چەکی ئەتۆمییان هەیە، لەنێویاندا چین، زیاتر بەخێراییەکی زۆر خەریکی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمیین".
هەروەها ئاماژەی بەوەدا، زیادبوونی مەترسییەکان سەبارەت بە ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی "تاکتیکی" جێگەی نیگەرانییە.
گرۆسی نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی سەرکردەکانی چەند وڵاتێک بە ئاشکرا ڕایانگەیاندووە کە بەنیازن چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنن، کاتێک داوای لێکرا ناوی وڵاتەکان بهێنێت، گرۆسی وەلامی دایەوە" وەک بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ناتوانم ناویان بهێنم، ئەمانە وڵاتی گرنگن لە ئاسیا و ئاسیای بچووک و کەنداو، جیهانێک کە ٢٠ بۆ ٢٥ دەوڵەتی ئەتۆمی تێدابێت، پێشبینی نەکراوە و مەترسیدارە."
بەپێی ئاماری دامەزراوەی نێودەوڵەتیی ستۆکهۆڵم بۆ توێژینەوەی ئاشتی (SIPRI) و داتاکانی کەمپەینی نێودەوڵەتی بۆ هەڵوەشاندنەوەی چەکی ئەتۆمی (ICN)، ئەو نۆ دەوڵەتەی خاوەن چەکی ئەتۆمین، پێنج ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەخۆدەگرن کە بریتین لە ئەمەریکا، روسیا، بەریتانیا، فەرەنسا و چین، هەروەها هیندستان، پاکستان، کۆریای باکور و ئیسرائیل.
مەزەندە دەکرێت کە ئەم وڵاتانە بە کۆی گشتی نزیکەی 12 هەزار چەکی ئەتۆمییان هەیە، کە بەشێکی زۆری کە نزیکەی 10 هەزار و 700 چەکی ئەتۆمی لەبەردەستی روسیا و ئەمەریکادایە.
