وەزارەتی پەروەردە: 21 ی ئەیلول دەستپێكی ساڵی خوێندنی 2025- 2026 ە

#وەزارەتی پەروەردە#خوێندن
6 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢١ ی ئەیلولی ٢٠٢٥ وەک دەستپێکی ساڵی خوێندنی (٢٠٢٥ - ٢٠٢٦) دیاریکرد، بۆ قوتابخانە حکومییەکان و ئەو قوتابخانە ناحکومییانەی بە سیستمی وەزارەتی پەروەردە دەخوێنن.
  • هەفتەیەك لەمەوبەر، وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە نوسراوێكدا داوای لە بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەكانی پەروەردە كرد، رۆژی یەكی ئەیلول مامۆستایان دەستبەكاربن.
Primary Asset

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە

سبەی

وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢١ ی ئەیلولی ٢٠٢٥ وەک دەستپێکی ساڵی خوێندنی (٢٠٢٥ - ٢٠٢٦) دیاریکرد، بۆ قوتابخانە حکومییەکان و ئەو قوتابخانە ناحکومییانەی بە سیستمی وەزارەتی پەروەردە دەخوێنن.

وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە: رۆژی یەکشەممە، رێکەوتی ٧ ی ٩ ی ٢٠٢٥، ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە کۆبوونەوەی ئاسایی مانگانەی ئەنجامدا، لە کۆبوونەوەکەدا وێڕای گفتوگۆکردن لەسەر چەند بابەتێکی پەروەردەیی وەک تاقیکردنەوەی دەرەکی و ریفۆرمی قۆناغی ئامادەیی و هەڵسەنگاندنی دەرەکی، هاوکات ئەنجومەنی وەزارەت ساڵنامەی خوێندنی ساڵی (٢٠٢٥ - ٢٠٢٦) ی پەسەندکرد، کە تیایدا رۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢١ ی ٩ ی ٢٠٢٥ وەک دەستپێکی ساڵی خوێندنی (٢٠٢٥ - ٢٠٢٦) دیاریکرد بۆ قوتابخانە حکومییەکان و ئەو قوتابخانە ناحکومییانەی بە سیستمی وەزارەتی پەروەردە دەخوێنن".

وەزارەتی پەروەردە هەروەها دەشڵێت "دواتر وردەکاری ساڵنامەکە بە گشتاندنێک لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تاقیکردنەوەکان و ساڵنامەی خوێندنەوە ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دەکرێت".

"هەروەها ئەنجومەنی وەزارەت لە کۆبوونەوەکەدا خشتەی بەشەوانەکانی بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٥ - ٢٠٢٦) پەسەندکرد، پاشتر لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گشتی پرۆگرام و چاپەمەنییەکان گشتاندنی پێدەکرێت و ئاڕاستەی ناوەندەکانی خوێندن دەکرێت". وەزارەتی پەروەردە وا دەڵێت.

هەفتەیەك لەمەوبەر، وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە نوسراوێكدا داوای لە بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەكانی پەروەردە كرد، رۆژی یەكی ئەیلول مامۆستایان دەستبەكاربن.

بەپێی ڕێنمایی ساڵانەی وەزارەتی پەروەردە ڕۆژی 1-9ـی هەموو ساڵێك پێویستە مامۆستایان و فەرمانبەران لە خوێندنگەكان ئامادەییان هەبێت. ئەمەش لە پێناو ئەوەیە بزانرێت ژمارەی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی هەن چەندن و لە چەند قوتابخانە بۆشایی دروست دەبێت، هاوكات بۆ خۆ ئامادەكردنی دەستپێكی ساڵی نوێیە.

لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان (حەوت هەزار و 370) خوێندنگە هەن، كە (شەش هەزار و 863)ـیان حكومین، تێكڕای خوێندكارانیش لە ساڵی خوێندنی 2024-2025، یەك ملیۆن و 755 هەزار و 818 خوێندكارن كە ( 883 هەزار و 725) كوڕن و (872 هەزار و 93) قوتابی، كچن.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی