هاوپەیمانی رانەگەیەنراوی کورد لە سوریا لەگەڵ دروز و عەلەوی و مەسیحییەکان بۆ دابەشکردنی دەسەڵات

#کورد#دروز#عەلەوی#سوریا#خۆبەڕێوەبەریی
6 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 6 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • ناوچە دروزنشینەکانی سوریا زیاتر لە جاران لە لێواری گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیدایە
  • کورد لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕووبەڕووی فشارێکی زۆر بوونەتەوە
  • کورد و پێکهاتەکان لەوانەش دروز، عەلەوی و مەسیحییەکان بۆ گەرەنتی مانەوەی خۆیان داوای خۆبەڕێوەبەری و ئۆتۆنۆمی دەکەن
  • سەرۆکی کۆمەڵەی عەلەوییەکانی ئەمەریکا: تاکە ڕێگە بۆ مانەوەی کەمینەکان لە سوریا، لە ڕێگەی لامەرکەزی و سیستەمی فیدراڵی یان کۆنفیدراڵییەوە
Primary Asset

لەگەڵ چڕبوونەوەی قەیرانەکانی سوەیدا و زیادبوونی فشارەکان لەسەر هەسەدە بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ سوپای سوریا، کورد و پێکهاتەکانی دیکەی سوریا لەوانەش دروز و مەسیحی و عەلەوییەکان داوای جۆرێک لە ئۆتۆنۆمی و  دەسەڵاتی لامەرکەزی دەکەن، پرۆسەیەک کە دەتوانێت نەخشەی سیاسی سوریا پاڵ بنێت بەرەو قۆناغێکی نوێی دابڕان و جیابوونەوە.

پەیمانگای نیولاینزی ئەمەریکی لە راپۆرتێکدا بەئاماژەدان بە دوایین گۆڕانکارییەکانی سوریا نووسیویەتی: ناوچە دروزنشینەکانی سوریا زیاتر لە جاران لە لێواری گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیدایە و  ناڕەزایەتییەکانی چەند مانگی ڕابردوو لە دژی بارودۆخی ناجێگیری ژیان و هەڵاواردن، ئێستا گۆڕاوە بۆ داواکاری خۆبەڕێوەبەری و سەربەخۆیی و لە ناوەندی ئەم داخوازییانەشدا شێخ حیکمەت هجرییە، سەرکردەی ڕۆحی دروزەکانە کە داوای پێکهێنانی "پاسەوانی نیشتمانی" و دروستکردنی ناوچەیەکی سەربەخۆی دروزی کردووە.

بە وتەی مازن بەدریە، چالاکوانی میدیایی لە سوەیدا "ئەم داواکارییە ڕەنگدانەوەی خواستی خەڵکە بۆ بڕیاردانی سەربەخۆ و بەرگریکردن لە خاکەکەیان". جەخت لەوە دەکاتەوە کە گەل ئامادەیە هێزی مەدەنی و ناوخۆیی دروست بکات بۆ ئەوەی هەم گەرەنتی ئاسایشی کۆمەڵگا بکات و هەم بناغەکانی بەشداریکردن لە بنیاتنانی سوریایەکی ئازاد لەسەر بنەمای کەرامەتی مرۆڤایەتی دابنێت.

لە هەمان کاتدا کورد لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕووبەڕووی فشارێکی هاوشێوە بوونەتەوە، هەردوو حکومەتی دیمەشق و تورکیا داوای تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ سوپای نوێی سەر بە وەزارەتی بەرگری دەکەن، تەنانەت لەم دواییانەدا وەزارەتی بەرگری تورکیا "هۆشداری کۆتایی" خۆی سەبارەت بە یەکگرتنی هێزەکانی هەسەدە دەرکرد و سەرچاوە ئەمنییەکانی دیمەشقیش ئامادەکارییە سەربازییەکانی ڕەققە و دێرەزۆر و حەلەبیان بۆ ئەگەری ڕوبەڕوبوونەوەی داهاتوو ڕاگەیاندووە.

ئەم دۆخە قۆناغێکی نوێ لە دابەشبوون لە سوریا دەردەخات؛ قۆناغێک کە کورد و پێکهاتەکان لەوانەش دروز، عەلەوی و مەسیحییەکان چیتر متمانەیان بە بەڵێنەکانی حکومەتی ناوەندی نییە و بۆ گەرەنتی مانەوەی خۆیان داوای خۆبەڕێوەبەری و ئۆتۆنۆمی دەکەن.

سوەیدا: لە قەیرانی کۆمەڵایەتییەوە بۆ داوای سەربەخۆیی

پچڕانی بەردەوامی هێڵی ئینتەرنێت و داخستنی نانەواخانەکان بەهۆی کەمی سووتەمەنی و کەمئاویی و بێمووچەیی مامۆستایان و پەرستاران، سوەیدای خستوەتە دۆخێکی نالەبارەوە.

ڕەزان کەیوان، کارمەندی فریاگوزاری ناوخۆیی لەو بارەیەوە دەڵێت: خێزانەکان ناچارن داری ماڵەکانیان ببڕن بۆ ئەوەی خواردن دروست بکەن. نرخی تانکەرێکی ئاو گەیشتووەتە 200 هەزار لیرەی سوری کە ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی زۆربەی خەڵک نەتوانن ئاو دابین بکەن".

چالاکوانانی ناوخۆییش لەو بارەیەوە دەڵێن: داڕمانی خزمەتگوزارییە گشتیەکان جۆرێکە لە "مردنی دەوڵەت" و خەڵک ناچارن پشت بە دەستپێشخەرییە ناوخۆییەکان ببەستن لەوانەش هاوکارییە کشتوکاڵییەکان و خزمەتگوزارییەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕۆژانەیان".

فشارە دەرەکییەکان و دابەشبوونە ناوخۆییەکان

ئیسرائیل لە چەند مانگی ڕابردوودا لە ڕێگەی هێرشە ئاسمانییەکانی بانگەشەی "پشتیوانی مرۆیی" بۆ دروزەکان کردووە، تەنانەت شێخ حیکمەت هیجری لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا سوپاسی ئیسرائیل و دۆناڵد ترەمپی کرد بۆ "دەستوەردان و بەرگریکردن لە هاوڵاتیانی دروز لە بەرانبەر کۆمەڵکوژی دروزەکان، هەڵوێستێک کە ڕەنگدانەوەی دابەشکارییەکانی ناو دروزەکانە، بەشێک لە دروزەکان بەردەوامن لە پێداگری لەسەر سەربەخۆیی تەواو و دوورکەوتنەوە لە هەر جۆرە دەستوەردانێکی بیانی، بەڵام هەندێکی تر پشتگیری ئیسرائیل وەک بۆ مانەوەیان بە پێویست دەزانن.

کورد لەژێر فشاری دیمەشق و ئەنقەرە

لە باکوری سوریا فشارەکان بۆ سەر کورد بۆ یەکگرتنی سەربازی و تێکەڵکردنەوەی هێزەکانی هەسەدە لەناو سوپای نیشتمانی سوریا چڕتر بووەتەوە و هەر لەو بارەیەوە سەرچاوەیەکی ئەمنی لە دیمەشق رایگەیاندوە، سوپای سوریا لەم دواییانەدا ئۆپەراسیۆنێکی دزەکردنی هێزەکانی هەسەدەی لە رققە پووچەڵکردووەتەوە و ئامادەیە "فەرمانی شەڕ دەربکات" ئەگەر کورد پێداگری لەسەر داواکارییەکانی بکات.

لە هەمان کاتدا، شرۆڤەکارانی تورکیا جەخت لەوە دەکەنەوە کە سیاسەتەکانی واشنتن کە بە پشتبەستن بە هێزە کوردییەکان پێکهاتەیەکی نوێیان بۆ ئاسایشی سوریا بنیات ناوە بەشێوەیەکی کاریگەر "تۆوی گومان"یان سەبارەت بە ئەگەری مانەوەی سوریایەکی یەکگرتوو و یەکپارچە چاندووە.

پێکهاتە و کەمینەکان و خواستی لامەرکەزی

لە ڕوانگەی دکتور مەرفەح ئیبراهیم، ​​سەرۆکی کۆمەڵەی عەلەوییەکانی ئەمەریکا، تاکە ڕێگە بۆ مانەوەی کەمینەکان لە سوریا، لە ڕێگەی لامەرکەزی و سیستەمی فیدراڵی یان کۆنفیدراڵییەوە. هۆشداری دەدات: "ئەگەر سوریا ببێتە دەوڵەتێکی توندڕەوی سوننە، ئایندەیەک بۆ کەمینەکان نامێنێت."

دەشڵێت: "کورد و عەلەوییەکان، دروزەکان و مەسیحییەکان، ئەمڕۆ گەیشتوونەتە هاوپەیمانییەکی سروشتی؛ هەمووان دەزانن کە تەنیا لە ڕێگەی دابەشکردنی دەسەڵات و ئۆتۆنۆمی ڕێژەیی دەتوانن مانەوەی خۆیان گەرەنتی بکەن."

 

داهاتوویەکی تاریک

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی سوریا رایگەیاند: هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە پارێزگاکانی سوەیدا، حەسەکە و ڕققە لە مانگی ئەیلولدا ئەنجام نادرێت، چالاکوانانی سوریاش دەڵێن: بڕیارەکە ڕەنگدانەوەی "پەراوێزخستنێکی سیستماتیکی" کەمینەکانە، لەلایەکی دیکەوە لە قونەیترە، هەواڵی هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ دامەزراندنی شوێنی نیشتەجێبوونی نوێ بڵاوبووەتەوە.

لە ژینگەیەکی وادا دروزەکان پێداگریی لە داواکاری خۆیان بۆ سەربەخۆیی دەکەنەوە، لە کاتێکدا کورد لە نێوان فشاری یەکگرتن و خواستی ئۆتۆنۆمیدا گیری خواردووە. هەروەک ڕەزان کەیوان لە سویدەدا دەڵێت: "داوای سەربەخۆیی ڕەمزی نییە، واقیعییە، تا کەرامەت و مافەکانمان نەناسرێت، پێداگری دەکەین لەسەر بەڕێوەبردنی ژیانمان بە شێوەیەکی سەربەخۆ."

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی