لە ئەشکەوتەوە بۆ کورسی سەرۆکایەتى؛ شی جین پینگ چۆن توانى حزب و دەوڵەت لە چین کۆنتڕۆڵ بکات؟

#چین#شی جین پینگ
3 ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • شی بوو بە سەرۆکێکی خاوەن دەسەڵاتی ڕەها. لە دەربەدەری ئەشکەوتەوە بۆ سەرۆکایەتی هەمیشەیی لە تەمەنی 69 ساڵیدا، گەشتێک کە 60 ساڵ دەخایەنێت. بە کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی حیزب و دەوڵەت کۆتایی هات.
Primary Asset

چیرۆکی شی جین پینگ لە مێژووی مۆدێرنی چین جیا ناکرێتەوە

سبەى

چیرۆکی شی جین پینگ لە مێژووی مۆدێرنی چین جیا ناکرێتەوە. شی لە هەوڵەکانیدا بۆ بنیاتنانی هێزی چین لە فۆرمە جۆراوجۆرەکانیدا، نەریتی کۆنفۆشیۆس و دیدگای چینییەکان تێکەڵ دەکات. لە کاتێکدا شی چین بەرە و ئەو سەردەمە دەبات، کە ناوی دەنێت "سەردەمێکی نوێ"، چیرۆکەکەی زۆر شت لە سەرچاوەی هێزی چین ئاشکرا دەکات.

هەرزەکارێک لە ئەشکەوتدا

لە جەنگی ئەفیۆنی بەریتانیا لە ساڵی 1840 تا دەگاتە لەشکرکێشی ژاپۆن و هەڵوەشانەوە ناوخۆییەکەی، کە وێرانکاریی زیاتر کرد، چین لە ماوەی زیاتر لە سەدەیەکدا تووشی پاشەکشەی توند و یەک لە دوای یەک بووە. 

کاتێک کۆماری گەلی چین لە ساڵی 1949 سەربەخۆیی خۆی راگەیاند، خەریکی دامەزراندنی دەوڵەتێک بوو، کە هەوڵی دەدا رێگری لە گەڕانەوەی رۆژانی لاوازی بکات. شی جین پینگ لە کۆتایی "سەدەی چەوساندنەوە" لەدایک بوو.

ئەو بە شێوازی خۆی ژیاوە: باوکی، سەرکردەی شۆڕش، زیندانی ؛ دوورخستنەوە بۆ گوند؛ داوای لێکرا سەرکۆنەی باوکی بکات؛ قوتابخانەکەی داخرا؛ وەک کۆڵبەرێکی لەبیرکراو لە ئەشکەوتێکدا دەژیا. شی وەشانی تایبەتی خۆی لە "شکستی نەتەوەیی" ئەزموون کرد.

شی دووجار دەربەدەر کرا: یەکەمجار بە زۆر؛ جاری دووەم، خۆبەخشانە خۆی دەربەدەر کرد، وەک گەنجێک گەڕایەوە بۆ گوندەکان، لەوێشەوە سەرکەوت بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆک.

دەگەڕێینەوە بۆ ساڵی 1953، شی لە خێزانێکی سەر بە "نوخبەی سوور" لەدایکبووە. باوکی شی ژۆنگشون کە ئەوکات جێگری سەرۆک وەزیران بوو، هاوڕێی ماو تسیتۆنگ و کەسایەتییەکی دیاری رژێمی شۆڕشگێڕی چین بوو. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، جێگری سەرۆک وەزیران بوو بە زیندانی سیاسی هاوڕێ کۆنەکەی.

لە مانگی یەکی ساڵی 1967، چەند مانگێک دوای دەستپێکردنی شۆڕشی رۆشنبیری، شیی تەمەن 13 ساڵ سەیری باوکی دەکرد، کە بە زەلیلی لەلایەن پاسەوانانی سوورەوە لەبەردەم خەڵکێکی گاڵتەجاڕدا رادەکێشرا.

 لەنێو ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی شی گەورە کرا، ئەوە بوو کە ساڵانێک پێشتر لە گەشتێکی فەرمیدا بۆ ئەڵمانیای رۆژهەڵات لە رێگەی دووربینەوە سەیری بەرلینی رۆژئاوای کردووە.

باوکی هەموو پۆستەکانی لێسەندرایەوە و تا ساڵی 1975 زیندانی کرا، دوای سێ ساڵ و لە ساڵی 1978 گەڕایەوە ژیانی سیاسی، بە خێرایی بوو بە جێگری سەرۆک وەزیرانی ئەنجومەنی دەوڵەت لە ساڵی 1981، تا خانەنشین بوونی لە ساڵی 1988. شی دەڵێت باوکی "کەسێک بووە کە بە تەواوی دڵی خۆی بۆ گەلی چین تەرخان کردووە" و ئەویش شوێن پێی ئەو کەوتووە.

بە فەرمانی رژێمی ماویی لە کۆتایی شەستەکاندا، شی بە بیانووی "پەروەردەکردنەوە" دوورخرایەوە بۆ گوندەکان. لە بەیجینەوە گواسترایەوە بۆ لیانگجیاهێ، گوندێکی بچووک کە باوکی لەگەڵ شۆڕشگێڕە کۆمۆنیستەکاندا شەڕی تێدا کردبوو. دەکەوێتە پارێزگای شانشی لە باکووری رۆژئاوای چین. 

لەوێدا لە دەربەدەریدا دەردەسەرییەکانى قووڵتر بووەوە. کاتێک خوشکەکەی بەناوی شی هێپینگ دوای ئەوەی کەوتە ناو خەمۆکییەکی قووڵەوە، خۆی هەڵواسی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

سەرەڕای ئەمەش تەنانەت لەو ئەشکەوتەشدا شی دەڵێت "لەدایک بوومەوە". کاتێک ژیانی خۆی لە لیانگجیاهی بەبیر دەهێنێتەوە، بە "زانکۆی" خۆی وەسفی دەکات. ئەوەی سەیرە ئەوەیە کە ستەم و وەدەرنانی نەبووە هۆی ئەوەی ببێتە پاڵەوانێکی کۆمۆنیستی. لەناو ئەشکەوتەکەدا شتێکی دۆزیەوە، کە چارەنووسی چینی گۆڕی.

شی، ئێستا سەرۆکی پارتی کۆمۆنیستی چینە، کە خاوەنی 99 ملیۆن ئەندامە و سەرکردەی چینێکە کە بەردەوام لە هەڵکشاندایە، ئەمڕۆ هاوتای فیکری ماویە و دیدگا و بیرۆکەکانی لە دەستووری چیندا جێگیرکراون. 

کۆمۆنیستێک تا ناوەڕۆک

شی لە ڕێگەی پەیوەندییە خێزانییەکانییەوە، شوێنێکی لە زانکۆی بەناوبانگی سینگوا بۆ خوێندنی ئەندازیاری کیمیایی دەستەبەر کرد. لە زانکۆ شی خۆی تەرخان کرد بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەناو بازنەی حیزبی، خوێندنەوەی مێژووی چین، ئەدەبی مارکسی، فەلسەفەی رۆژئاوا و ئەدەبیاتی رووسی. هێشتا ناوبەناو قسەکانی دۆستۆیڤسکی و تۆڵستۆی، یان تەنانەت مۆنتیسکیۆ یان ژان جاک رۆسۆی لە وتارەکانیدا دەهێنێتەوە.

زیندان و دەربەدەری باوەڕی بنەماڵەی شی بە حیزبی شیوعی تاقیکردەوە، بەڵام هەرگیز نەیشکاند. هەر دوای ئازادبوونی باوکی لە زیندان، نامەیەکی بۆ سەرکردایەتی نوێی حیزب نووسیوە و دڵسۆزی و ئامادەیی خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ خزمەتکردنی حیزب و نیشتمان دووپاتکردووەتەوە.

بەڵام گەنجە بە جۆش و خرۆشەکە درکی بەوە کرد، کە مانەوە لە بەیجین واتە ژیان لە سێبەری باوکی و مێژووەکەیدا، ئەمەش وایکردووە هێرشکردنە سەری ئاسان بێت. بۆیە لە ساڵی 1982 بڕیاریدا نائاساییترین داواکاری بکات، کە ناوەندی دەسەڵات لە بەیجین بەجێبهێڵێت و بگەڕێتەوە بۆ گوندەکان، بۆ ئەوەی خۆی و شەرعیەتی سیاسی خۆی لە سفرەوە بنیات بنێتەوە. جارێکی تر خۆی دەربەدەر کرد، بەڵام ئەمجارەیان بە ئارەزووی خۆی. 

چاکسازیخوازی وریا

لە کۆتاییەکانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، بەتایبەتی لە ساڵی 1978دا، چین سیاسەتی چاکسازی و کرانەوەی دەستیپێکرد، پەسەندکردنی ئەو شتەی راگەیاند کە پێی دەوترا "سۆسیالیزم بە تایبەتمەندی چینی"، هەنگاوی بەرەو ئابووری بازاڕ و کرانەوەی بەڕووی سیستەمی لیبڕاڵدا راگەیاند.

 بەڵام شی لەڕادەبەدەر وریا بوو لە وەرگرتنی ئابوورییەکی کراوە و رێکنەخراو لە بازاڕدا، وەک ئەوەی لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان روویدا، لەنێویاندا هەندێک وڵاتی عەرەبی، کە لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی رابردوودا بڕیاریاندا بەڕووی ئابووری جیهانیدا بکرێنەوە.

دیواری بەرلین لە ساڵی 1989 رووخا و دوای ماوەیەکی کەم، فیدراسیۆنی رووسیا راگەیەندرا و یەکێتی سۆڤیەت هەڵوەشایەوە. ئەم هەڵوەشانەوەیە کاریگەری قووڵی لەسەر بیرکردنەوەی شی و فەلسەفەی حوکمڕانییەکەی دەبێت. داڕمانی یەکێتی سۆڤیەت لە مێشکی شیدا، وەک هۆشدارییەک دێتە ئاراوە.

شی لە ساڵی 1997 بوو بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی CPC، کە باڵاترین دەستەی بەڕێوەبەری پارتەکە بوو، رێکەوت رۆڵی هەبوو. لەو ساڵەدا جیانگ زیمین سەرۆکی ئەوکاتی چین بڕیاریدا کۆمیتەی ناوەندی لە 150 کەسەوە بۆ 151 کەس فراوان بکات، ئەمەش دەرفەتی هەڵبژاردنی بە شی بەخشی. ئەگەر جیانگ بڕیاری فراوانکردنی ئەندامێتی لیژنەکەی نەدایە، رەنگە شی لە شوێنێکی زۆر جیاوازدا کۆتایی پێبهاتایە.

شی دادا

لەگەڵ سەرکەوتنی بۆ سەر دەسەڵات لە ساڵی 2012، ناوبانگەکەی لەناو چیندا بە خێرایی دەستی بە گەشەکردن کرد، تا ئەو ئاستەی بوو بە تاکە سەرۆک کە ناوی لێنرا "شی دادا"، بە واتای "مام شی". 

لە کولتوری چینیدا نازناوی "دادا" بۆ ئاماژەکردن بە پیاوێکی بەساڵاچوو بە سۆز و رێزەوە بەکاردێت. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە شی هاتووە وەک سەرۆکی خێزانەکە سەیر بکرێت، نەک تەنها سەرکردەیەکی سیاسی.

"شی دادا" لەو کاتەوە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە شەقامی چینیدا بەکاردەهێنرێت، پەیوەندییەکی خەیاڵی کەسی و خێزانی لە نێوان سەرۆک و خەڵکدا دەردەبڕێت. نازناوی "شی دادا" (مام شی) لە بازنەی جەماوەری و میدیاییدا بووەتە جێی بایەخ، هەنگاوێک، کە هەندێک وەک ئاماژەیەک بۆ نزیکایەتی رەمزی نێوان فەرمانڕەوا و هاوڵاتی دەیبینن، هەندێکی تریش وەک بەشێک لە ستراتیجییەک بۆ بنیاتنانی وێنەیەکی سەرکردایەتی دەبینن.

لە ساڵی 2023 شی بە کۆی دەنگ بۆ خولی سێیەم وەک سەرۆکی چین و سەرۆکی کۆمیسیۆنی سەربازی ناوەندی کۆماری چین هەڵبژێردرا.

بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکانی چین، دووبارە هەڵبژاردنی شی جینپینگ پەیوەست بووە بەو شتانەی کە بە دەستکەوتی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەرچاو دادەنران، وەک زیادکردنی بەرهەمی گشتی ناوخۆ و فراوانکردنی سیستەمی پەروەردە و چاودێری تەندروستی. بەڵام چاودێران پێیان وایە ئەم سەرکەوتنانە هاوتەریبن لەگەڵ ئاڵنگارییەکانی پەیوەست بە ئازادییە سیاسییەکان و پێکهاتەی حکومەت.

بەپێی ئەم راپۆرتانە، سیاسەتەکانی شی لە ماوەی دەیەی رابردوودا بەشداری کردووە لە بەرزبوونەوەی بەرهەمی ناوخۆیی چین لە 53.9 تریلیۆن یوان لە ساڵی 2012 بۆ 121 تریلیۆن یوان (نزیکەی 17.37 تریلیۆن دۆلار).

 سیاسەتەکانی بە شێوەیەکی کاریگەر هەژاری بنبڕ کردووە و گەورەترین سیستمی پەروەردە و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و چاودێری تەندروستی جیهانی دامەزراندووە. لە ماوەی دەیەی رابردوودا تەمەنی هاووڵاتیانی چینی لە 74.8 ساڵەوە بۆ 78.2 ساڵ زیادی کردووە.

چین پەیوەندی بە ریزەکانی داهێنەرانی جیهانەوە کردووە و سوپای چینیش داڕشتنەوەی هەمەلایەنەی بەسەردا هاتووە و گۆڕینی بۆ هێزێکی شەڕکەری مۆدێرنتر و کاراتر. ئابووری چین لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 18%ی ئابووری جیهانی پێکدەهێنێت و تێکڕای بەشدارییەکانی لە گەشەی ئابووری جیهانیدا 30%ی تێپەڕاندووە.

بەم شێوەیە شی بوو بە سەرۆکێکی خاوەن دەسەڵاتی ڕەها. لە دەربەدەری ئەشکەوتەوە بۆ سەرۆکایەتی هەمیشەیی لە تەمەنی 69 ساڵیدا، گەشتێک کە 60 ساڵ دەخایەنێت. بە کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی حیزب و دەوڵەت کۆتایی هات. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی